گوندێکی دوورە دەستی سەر بەشارۆچکەی قەرەداغی شارەدێی سێوسێنانە، ئەم گوندە ناوی بانی میرانی سەروو بوو، چونکە وەک دەگێڕنەوە ئەم گوندە تەختاییەکی فراوان بووە، خۆی بۆ خۆی میرنشینێک بووەو شوێنی میران بووە واتا میرەکانی تێدا نیشتەجێ بوون.
هاوکات بەگوندی سەرچاوە ناودەبرێ، چونکە سەرچاوەیەکی ئاوی تێدایە کە ماڵەکان لەبەردەمیدا دروستکراوەو ئەو ئاوەش هەر بەئاوی سەرچاوە ناسراوە. ئەم گوندە لەپێش ڕاگواستندا زیاتر لەبیست ماڵ بووە کە گوزەرانیان لەسەر کشتوکاڵ کردنو ئاژەڵداری بووە.
بارودۆخی سەرچاوە
کەلی پەیکوڵی کە پاسگەیەکی کۆنە، دەکەوێتە سنووری سەرچاوە یاخود تەنیشت ڕێگای پەیکوڵی کە وەکو گوندنشینان ئاماژەیان پێکرد کە کاتی خۆی خێڵەکانی جاف کە مەڕو ماڵاتیان بەرێگای پەیکوڵیدا بردووە، عوسمانیەکانیش وەک باجگەیەک بەکاریان هێناوە بۆ باج وەرگرتن لەو خێڵانە هەرچەندە مێژووی پەیکوڵیو کەلکی پەیکوڵی یاخود ملەی پەیکوڵی باجگەو بتخانەکەی دەکەونە سنووری سەرچاوەو بەرکەلو ئەمەش لەلایەن پسپۆڕانی بواری شوێنەوارەوە چەندین بابەتی شوێنەواری زۆر گرنگی لەسەر نووسراوە.
سەرچاوە وەک هەموو گوندەکانی تری کوردستان لەتۆپبارانو کاولکاریو گرتنو ڕاوەدوونان بێ بەش نەبووە، ئەوەتا وەک خەڵکی گوند دەیگێڕنەوە هەر لەساڵی 1963وە واتە لەزەمانی زەعیم سدیقەوە، بەردەوام ئەم گوندە تۆپباران دەکرێت هەر لەشۆڕشی ئەیلولو شۆڕشی نوێی گەلەکەمان تا 1988دا جگە لەساڵی 1972-1973 لەکاتی مفاوەزاتەکەدا نەبێ کە ئەو ساڵ ژیانیان ئارام بوو. قسەیەکی باو هەبوو لەناو گونددا کە دەیان گوت هەرکاتی ئامرەکە بێ تاقەت بێ ئەوا دەڵێ تۆپبارانی سەرچاوە بکەن مانای وایە کاتو ساتی بۆ نەبووە بومبارانکردنی ئەم گوندە.
سەرچاوە لەنائارامیو ناخۆشیدا ژیاوە تا لەساڵی 1988دا بەتەواوەتی داگیراوەو سوتێنراوەو ڕووخێنراوەو هاوکات 10 کەس لەگوندنشینانی ئەم گوندە بەر شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفال کەوتنو خۆشبەختانە 7 کەسیان پاش بینینی نەهامەتییەکی زۆرو چەند ساڵێک مانەوەیان لەنوگرە سەلمان ئازاد کرانو گەڕانەوە ناو کەسو کاریان.
کشتوکاڵو ئاژەڵداریی
دوای گوزەر کردنی ژیانێکی سەخت لەئۆردوگا زۆرە ملێی سمود(رزگاری)و بەرپابوونی ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991و گەڕانەوەی خەڵکەکە لەئاوارەیی،دانیشتوانی ئەم گوندە بڕیاریاندا کە گوندەکەیان ئاوەدان بکەنەوەو لەسایەی حکومەتی هەرێمو خوێنی شەهیدان ژیانێکی ئارام لەم گوندەدا بگوزرەرێنن دوور لەدەنگی تۆپو تەیارە. ئەم گوندە جارێکی دی وەک هەموو گوندەکانی تری کوردستان ئاوەدان کراوەتەوەو ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئەم گوندە دەگاتە 39 خێزانو سەرلەبەر خانووەکانیان دروست کردۆتەوەو باخەکانیان بوژاندۆتەوە. پێش ڕاگواستن ئەم گوندە ئاوی زۆر بووە توتنو مەرەزەو بەراوی لێ کراوە، بەڵام بەداخەوە کەمی باران بارینو وشکە ساڵی ئەم ساڵانەی دوایی بووە هۆی دابەزینی ڕێژەی کشتوکاڵکردن لەم ناوچەیە هەر ساڵێک ئاوو هەبێ، ئەوا کشتوکاڵی بەراو دەکرێت بامێو تەماتەو سەوزەوات، ئەمە لەلایەکو لەلایەکی تریش کەمی داواکاری لەسەر بەربوومەکانی ئەم ناوچەیە لە#دەربەندیخان#و #کەلار# بەو پێیەی کە سەرچاوە لەکەلارو دەربەندیخانەوە نزیکە. زۆربەی ئەو بەربوومانەی ئەمان بەرهەمی دەهێنن لەدەرەوە دەهێنرێنو ئەمەش وای کردووە کە بەرهەمی ئەمان لەبازاڕدا بۆیان ساغ نەبێتەوە، بۆیە گوندنشینان داوا دەکەن هێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی لەدەرەوەی هەرێم کەم بکرێتەوە تا ئەمە هاندەرێک بێت بۆ جوتیاران کە زیاتر پەرە بە بەربوومی کشتوکاڵی بدرێت).
بژێوی زۆرینەی دانیشتوانی سەرچاوە لەسەر بەخێو کردنی ئاژەڵە، هەرچەندە لەوشکە ساڵیدا ئەم بەربوومەشیان دەکەوێتە بەر هەڕەشە. لەئێستادا زیاتر لە 700 سەر ڕەشە وڵاخو 2000 سەر مەڕی تێدایە،دانیشتوانی ئەم گوندە داوا دەکەن کە حکومەت هاوکاریان بکات بەپێدانی عەلەفو هەموو هاوکارییەکی پێویست بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم سامانە. شایانی باسە ئەم گوندە خاوەنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاژەڵ بوون لەپێش ڕاگواستندا کە مەزەندە دەکرێ بەسێ هێندی ژمارەی ئێستا، بەڵام بەداخەوە ئەوانیش وەک مرۆڤی کورد بەر شاڵاوی کوشتنو قڕکردن کەوتن.
پرۆژە خزمەتگوزاریەکان
سەرچاوە پڕۆژە ئاوی لەلایەن ڕێکخراوێکی بیانی بۆ کراوەو لەسەر چەمی کانی درێژ، بەڵام ئەم پڕۆژەیە کۆنەو لەگەڵ پێداویستی ئەمڕۆدا ناگونجێ، چونکە ئەو ئاوە بەشی پێداویستیەکانی گوندنشین ناکات، بۆیە وەک خۆیان دەڵێن نزیکەی نیوەی دانیشتوانی گوند بیریان لێداوە لەماڵەکانی خۆیان بۆ دابین کردنی پێداویستی ڕۆژانە.
سەرچاوەی ئاوی سەرچاوەش بۆ مەبەستی کشتوکاڵکردن بەکاردەهێنرێت، جاران 36 دۆنم بەراوی لەبەردا دەکرا، بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم ژمارەیە کەمی کردووە بەهۆی نەگەڕانەوەی هەندێک لەم خاوەن زەویانەی کە بەراویان لەبەر ئەم ئاوەدا دەکردو نزم بوونەوەی ڕێژەی ئەم ئاوە بەراورد بەجاران. بۆ مەبەستی ئاژەڵداریش ئاژەڵدارەکان ئاوی هەرسێ چەمی بانی میرانو چەمی باجگەو چەمی دێوانە بۆ ئاو خواردنی ئاژەڵەکانیان بەکاردەهێننو سوودی لێ وەردەگرن.
خەڵکی ئەم گوندە هەر لەکۆنەوە هاوکارو هاوخەمی یەکتر بوونو هەمیشە هەوڵیانداوە ناخۆشیو نەهامەتی سەرشانی یەکتر کەم بکەنەوە بەهاریکاریکردنی یەکدی لەبوارە جیاجیاکاندا،چەندین کەسی ڕیش سپی هەبوون کە کێشەکانی ناو گوندیان چارەسەر کردووە لەوانە خوالێخۆشبوو حەمەرەئوف محێدین کە ڕیشچەرموو دێ بووە پیاوێکی داناو ژیر بووە کێشەکانی گوندەکەی چارەسەر کردووە بەهاوکاری خەڵکی خەمخۆری گوند.
حاجی مەحموود ڕەشید حەکیمێکی لێهاتوو دیار بووە کە شکانو لەجێچوونو کۆمەڵێ نەخۆشی تری لەم بابەتانە چارەسەر کردووە، جەڕاحێکی لێهاتوو بووە، بەڵام بەداخەوە ئێستا چۆتە ساڵەوە ئەو توانایەی جارانی نەماوە.
بنکەی تەندروستی سەرچاوە لەناو گوند خزمەتی تەندروستی بەخەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێتو بۆ ئەو نەخۆشیانەی لەناو گوند چارەسەر ناکرێت دەچنە دەربەندیخانو ئەوەی شایانی باسە ئەم گوندە لەپۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکو 6ی وێژەیی تێدایە، لەبەر نەبوونی بینای پێویستو نەکردنەوەی بەشی زانستی، خوێندکارانی پێنجو شەشەمی زانستی ناچارن بچنە دەربەندیخان بۆ درێژە بەخوێندن.
سەرچاوە خۆشبەختانە خزمەتگوزاری کارەبای نیشتمانی پێگەیشتووەو خۆشبەختانە سوود لەکارەبا وەردەگرن وەک شارو شارۆچکەکانی تری کوردستان. ڕێگای گوند خۆڵە تا ئێستا خزمەتگوزاری قیرکردنیان پێنەگەیشتووە هەرچەندە وەک خەڵکی گوند خۆشحاڵی خۆیان دەبڕی کە بڕیاری چاککردنو قیرتاو کردنی گوندەکەیان دەرچووەو خوازیار بوون کە بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت.