گوندی گەزنە سەربە دەڤەری باڵەکایەتییە، و دەکەوێتە ڕۆژاوای شارۆچکەی چۆمان و سەربە شارەدێی سمیلانە. زیاتر لە 100 ماڵ ئاوەدانی گوندەکەیان پاراستووە، تا ئێستاش هەر لەوێ نیشتەجێن.
دەوترێت مێژووی ئاوەدانی گەزنە دەگەڕێتەوە بۆ پیاوێک کە بە “باپیر سۆفی” ناوبراوە و چوار بنەماڵەی لێکەوتووەتەوە؛ سەرجەم دانیشتووانی گوندەکە بۆ ئەو چوار بنەماڵەیە دەگەڕێنەوە.
لە مێژوویدا مزگەوت و حوجرە و سێ ئاشی ئاویشی لێبووە. گەزنە لەدەڤەری باڵەکایەتی بەوە دەناسرێتەوە کە کۆمەڵێک شێخ و مەلا و قورئان خوێنی تێدابووە.
دەوڵەمەندە بە ئاوی سازگار و کانیاو، سەرچاوەی ڕووبارێکی سەربەخۆیە، خاوەن ڕووبەرێکی زۆرە تێیدا زەوی کشتوکاڵی و پاوان و دارستانی چڕ و خۆڕسک هەن. زۆرترین ڕووەکە خۆرسکەکانی بریتین لە گوێز و بەڕوو و مازوسماق، توتنەکەی هاوردەی ئێران کراوە بەهۆی باشییەکەیەوە.
گونجاوترین شوێنە لەڕووی ئاژەڵداری بە تایبەتیی بزن و چێڵ. گوندی گەزنە هەڵکەوتووە لە بناری چیا و دەکەوێتە نێوان دوو لوتکەی گەورەی گۆشینە و حەسەن بەگ، بەهۆی نزار و لەپاڵ چیابوون لەزستاندا بەفری زۆری لێ دەبارێت. هەروەها دواسنووری باڵەکایەتییە لەگەڵ سنووری سۆران وناوچەی برادۆستدا.
لە سەرەتایی 1960 خوێندنگەیەکی شەش پۆلی هەبووه. ژمارەیەک خوێندکار و مامۆستای لێ بووه. ئێستاش قوتابخانەی سەرەتایی و دواناوەندی لێیە، هەروەها بنکەیەکی تەندرووستی وسەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە دووری 1500م بۆهاتوه، بەشێوەیەکی ئەندازیاری ڕێگای ئۆتۆمبێلی بۆ کراوە.
خاوەن کارەبایی نیشتمانییە. 250kMلەمەڵبەندی شاری هەولێر دوورە. 17KMلە ڕێگایی سەرەکی هامڵتۆن. بەهۆی هێرشی سوپای ڕووسیا لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لە 1916 بۆ دوو ڕۆژ گوندەکە چۆڵکراوە پێش ئەوەی بگەنە ناو گەزنە سوپای ڕووسیا هەرەس دێنێت و گەزنە لەسووتان ڕزگاریدەبێت.
تا ئێستا سێ جار کەوتووەتە بەر شاڵاوی ڕووخان و سووتان و وێرانکردن لە سەردەمی حزبی بەعسدا. لە سەرەتای 1980هەشتاکانیش لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتەوە هێرشی سوپای ئێرانی هاتووە و هەم دیسان سوپا دەشکێت و گوندەکە وێران نابێت. دوای ساڵانی 1960، خەڵکەکەی ڕاگوێزرانەوە بۆ ئۆردگای سۆران وهەولێر وباشووری ئێراق بەشێکیش چون بۆئێران.دوای پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی کوێت لەلایەن ئێراق وبەرپابوونی ڕاپەڕینی کوردستان لە ساڵی 1991 لەلایەن هێزی پێشمەرگە، گوندەکە بۆجاری چوارەم ئاوەدان کراوەتەوە لەلایەن خەڵکەکەیەوە.
وێنەگر: خدر گەزنەیی