وەرگێڕانی: سیروان کاروانی
کتێبێکە پڕ لە خۆشەویستی و هاوڕێیەتیی ڕاستەقینە و ئەڤینی جیهانی بێخەوشی منداڵانە. چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە جیهانێکی سەربەخۆن، جیهانێک کە منداڵان تێیدا لە خانۆچکە دروستکردن و لەسەر خەرمانەپووش خەوتن و خۆشەویستی بۆ گیانداران تەواو سەربەخۆن و لەم ڕێگایەوە چێژ لە بەهاکانی ژیان وەردە گرن.
ئێمەی منداڵانی گوڕەدێ کە دەقە سوێدییەکەی لە نووسینی ئاسترید لیندگرێن-ە، سیروان کاروانی لە سوێدییەوە وەریگێڕاوەتەسەر زمانی کوردی.
نیگاری ڕووی بەگ و نیگارەکانی ناوەوەی ئەم کتێبە خاتوو ئینگرید ڤانگ نویمان کێشاویەتی. ئەم کتێبە 108 لاپەڕەیە و دەقە کوردییەکەی چاپی یەکەمی ساڵی 2004 لە ئێنگلاند چاپ بووه و چاپی دووەمی ساڵی 2012 لە سوێد چاپ بووە 0-0-973358-91 ISBN.
شایانی باسە، ئەسترید لیندگرێن باشترین کەڵەنووسەری ئەدەبی منداڵانە لە سوێد و کتێبەکانی تا ئێستا بۆ نزیکەی 75 زمانی جۆراوجۆر وەرگێڕدراون. کتێبی " ئێمەی منداڵانی گوڕەدێ " کراوەتە فیلم و ساڵانێکە لە سوێد لە کەنالە تێڤییەکاندا لە بەشی پڕۆگرامی منداڵاندا پێشکەش دەکرێت. ئەم نووسەرە هەست بڵندە کاریگەریی خۆی لە بواری خزمەت بە منداڵاندا هەیە و سوێدییەکان زۆر بە بایەخەوە لە چیرۆکە هەستبزوێنەرەکانی دەڕوانن.
لە کتێبی " ئێمەی منداڵانی گوڕەدێ "دا: لە "گوڕەدێ"دا سێ ماڵی لێیە، ماڵی سەروو و ماڵی ناوەڕاست و ماڵی خواروو. شەش منداڵیشی لێیە، "لیسا" و "لاسسێ" و "بوسسێ" و "بریتتا" و "ئاننا"
و "ئوللێ". ئه و منداڵانە زۆر یاری دەکەن و زۆر کاتیش شتێکی خۆش بۆ خۆیان دەبیننەوە. جاروبار لەسەر خەرمانەپووشەکە دەخەون، جاروبار ئەشکەوت و خانۆچکەی یاری دروست دەکەن و جاروباریش جلوبەرگی ڕووپۆش لەبەر دەکەن. هەمیشە لە "گوڕەدێ"دا شتێک ڕوودەدات، هەرچەندە شتێکی زۆر سەرسووڕهێنەریش نەبێ.
بەڵام کاتێ "ئوللێ" سەگێک پەیدا دەکات، ئەوکات سەرسووڕهێنەر و خۆشیشە. "لیسا" دەڵێ: "خۆشە ئاژەڵێکی خۆت هەبێ"، "بەڵام باپیرەیەکیش خراپ نییە." لە "گوڕەدێ"شدا باپیرەیەکی لێیە، پیاوێکی زۆر میهرەبانە.
ئەسترید لیندگرێن: ڕۆژی 14ی مانگی 11ی ساڵی 1907 لە دەرەوەی شاری ڤیممێربی-ی سوێد لەدایک بووە. لە تەمەنی 13 ساڵیدا، لە پێشبڕکێیەکی چیرۆکدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. ساڵی 2001 و لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دواییی کرد. گەورەترین یادێک بۆ ئەسترید لیندگرێن لە سوێد، کردنەوەی پارکێک بە ناوی "جیهانی ئەسترید لیندگرێن"ە لە دەرەوەی شاری ڤیممێربی کە پارکێکی پان و بەرینە و ساڵانە گەشتیاران لە زۆر لای جیهانەوە ڕووی تێ دەکەن و دەمێننەوە.