ئالما فاسوم، خوشکی چکۆڵەی ئێل. ئو. فاسوم یەکێکی دیکە لەو میسیۆنێرە لوتێریانەیە کە وەکوو نێرس (نەخۆشەوان) لە سابڵاغ و کرماشان خزمەتی بە گەلی کورد کردووە. گۆواری کوردستان میشنێری لە ژمارەی 2، ساڵی دوازدە مانگی فێڤرییەی ساڵی 1920 دا یای ئالما ئاوا دەناسێنێ: " ئالما فاسوم لە 2ی ئووتی 1892، لە والینگفۆرد لە ئەیالەتی ئیۆوا هاتە دنیاوە. چووە مەدرەسەی گشتی و مەدرەسەی ناوچەیی و لە ساڵی 1906 لە لایەن قەشە ستراند وەک ئەندامی کلیسا وەرگیرا. ئالما لە ساڵی 1913-14 لە کالیجی سەنت. ئولاف، لە نۆرتفیلد، لە ئەیالەتی مینێسوتا وەرگیرا، لە هەمان کاتدا لە مەدرەسەی ناوچەییشدا دەرسی دەگوتەوە.
لە پاییزی ساڵی 1914 خوێندنی نەخوشەوانی دەست پێکرد، لە ساناتۆریۆمی سەنت. جەیمز و لە نەخۆشخانەکانی سیتی و کاونتی St. Paul لە ئەیالەتی مینێسوتا پەروەردەی دی. لە ساڵی 1917 وە لە میناپۆلیس دەژی بەڵام بە شێوەیەکی بەردەوام وەکوو نێرس کاری بۆ خاچی سوور کردووە. دووساڵ لەمەوبەر پێشنیازی بەئێمە کرد لە میسیۆنی ئێمە لە هەندەران کاری وەفریاکەوتن و میسیۆنێری بکا. بەڵام لەبەر هەلومەرجی شەڕ دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەکەمان نەیتوانی بەڕێی کا. ئێستا کە ئاخرەکەی وێدەچێ ڕیگە کرابێتەوە. ئەو گەلێک بیری لێدەکاتەوە و پێی خۆشە دەرفەتی هەبێ بڕوا، بەو هیوایەی هێندێک خزمەت بە مرۆوایەتی ئازارچێشتووی ڕۆژهەڵاتی نزیک، و بە تایبەتی کوردستان بکا. کە بە کردەوە تا ئەو جێگەیەی ئێمە دەزانین هیچ یارمەتیەکیان پێ نەکراوە ولە هیچ لایەکەوە دەفریایان نەکەوتوون."
وەک لە باسی کارنامەی ژیانی ئێل.ئو.فاسوم و یای هاننا شوێنهوود دا خوێندتانەوە، ئالماش لە گەڵ براکەی و هاننا شوێنهوود لە ڕۆژی یەکشەمۆ 29ی نۆڤامبری1919 لەنیۆیۆرکەوە سواری کەشتی دەبن بە مەقسەدی سابڵاغ، بەڵام لە بەر شەڕ و گیرانی ڕێگە نزیکەی ساڵ و نیوێکی پێدەچێ تابگەنە سابڵاغێ. لە هەرمەنستان ئالما بۆ خاچی سوور و دوور لە هاوکارانی دی کار دەکا و لەوماوەیەدا شاییدی مەرگی بێوادەی کاکی، نەمر ئێل.ئو. فاسوم دەبێ. هەر لە ئەمریکاوە لەگەڵ هاننا لە لای فاسوم دەست بە فێربوونی زمانی کوردی دەکەن، لە نامەیەک دا ئێل.ئو. فاسۆم لەوبارەیەوە دەنووسێ: " خانمەکان لە فێربوونی زمانی کوردی دا زۆر باش چوونەتە پێشێ و ئەمن هیوادارم لە ماوەیەکی کورت دا بتوانن فێری بن و قسەی پێبکەن."یای ئالماش،لەگەڵ ئاگوستا گودهارت، هاننا شوێنهوود و هاوسەری جۆرج باشیمون لە ئۆکتۆبری 1921 دا ناچار دەبێ سابڵاغ بە جێ بهێڵێ. ماوەیەک لە تەورێز کار دەکا، ئەوجار بۆ یارمەتی بە چالاکی پژیشکی میسیۆنێکی دیکە دەچێتە کرماشان و لەوێ خزمەت دەکا.ا دوای گەڕانەوە بۆ ئەمریکا پێوەندی بە میسیۆنەکەیانەوە لە ئەمریکا هەر بەردەوام دەبێ. لەگەڕانەوەی ئەمریکا دا، خەرج و موخاریجی نەخۆشێک لە نەخۆشخانەکەیان لە سابڵاغی وەئەستۆ دەگرێ و بە بەردەوامی ئەو یارمەتییە دەنێڕێ بۆ دوکتور هێرمان شاڵک لە سابڵاغێ. ئالما فاسوم بەسەریەکەوە نزیکەی چوارساڵ و نێو لە هەرمەنستان، ئەستەنبوڵ، تەورێز، سابڵاغ و کرماشان وەکوو نێرس کار دەکا. لەو نامە و نووسراوانەی لە کوردستان میشنێری دا بڵاوی کردوونەتەوە، خۆشەویستی و هاوپێوندی لەگەڵ گەلی کورد بە جوانی دەردەکەوێ. لێرە دا وەرگێڕاوی هێندێک لە نامە و نووسینەکانی دەخوێننەوە.
لە یەکەم نامەیدا کە ئالما فاسوم لە سابڵاغەوە بۆ جەنابی ئێن.جەی.لوری ناردووە و لە ژمارەی 10ی ساڵی سێزدەی کوردستان میشنێری، ئۆکتۆبری 1921 دا چاپ کراوە ئاوا دەنووسێ: " سابڵاغ، ئێران، 3ی ژووییەی (1921)جەنابی ئێن.جەی.لۆری خۆشەویست: یای گود هارت سڵاوی مێهرەوانانە و گەرمی ئێوە و جەنابی ماکێنسن ی بۆ هێناین. بەوپەڕی دڵپاکییەوە هەموومان سپاستان دەکەین. ئێستا کە نزیکەی شەش مانگ لەو کۆستە گەورەی لێمان کەوت، تێپەڕ دەبێ، غەمی نەمانی هێندێک لە سەر دڵمان سووکتر بووە. خوڵا دەزانێ کاری هەرەباش چییە و دژوارییەکان بە شێوەیەک چارەسەر دەکا کە ئێمە چاوەڕوانی ناکەین. یای شوێنهوود و ئەمن زۆرجار لە یەکتری دەپرسین بۆچی دەبێ ئەو سەرلێشێواوییە درێژە بکێشێ؟ ئیمە تێیناگەین. ئێمە بەوە شاد و خۆشحاڵین بیستمان جەنابی ماکێنسن واوە دێ، و لە مەڕ زێدە بوونی ژمارەی کرێکاران لێرە خۆشحالین. بە دڵنیاییەوە هەموو جۆرە دەرەتانێک هەیە بۆ ئەوەی ئێرە بکرێ بە بنکەیەکی پتەو و ڕێکخراو. یای گودهارت ڕۆژی 30 ژووییە زۆر بە ماندوویی وتاڕادەیەکیش دەستەپاچە گەیشتە ئێرە. ئێستا خەریکە دەحەسێتەوە و وڵامی سەردانی زۆرلە کوردەکان دەداتەوە کە پێشتر ناسیاوییان لە گەڵ هەبووە. کوردەکان زۆر جار پێمان دەڵێن ئێل. ئۆ (فاسوم) یان زۆر بەلاوە خۆشەویست بووە، و لە ساڵانی نگریسی شەڕ دا هیچ نەبوو ئەو لە دەستی بێ و بۆ کوردانی نەکا.ئەوان لە دڵەوە غەم و پەژارەی خۆیان لە بەر مردنی وی دەردەبڕن، و لە ئاست ئێمە هەتا بڵێی مێهرەوانن و زۆر دۆستانە لەگەڵمان دەجووڵێنەوە. لەگەڵ سڵاوی هەرە مێهرەوانانە بۆ خانمی لۆر، دڵسۆزتان، ئالما فاسوم، سابڵاغ، ئێران."
گۆواری کوردستان میشنێری لە دەورەی سێزدەی خۆی، لە ژمارەی 12، دیسامبری 1921 دوونامەی دیکەی ئالما فاسومی کە لە سابڵاغەوە نووسیونی بڵاو کردووەتەوە. نامەی یەکەمیان بۆ خانمی وی ئیدیتۆری کوردستان میشنێری یە: " نامە لە ئالما فاسومەوە. سابڵاغ، ئێران، 17ی ژووییەی 1921. یای وی خۆشەویست. یەکەشەمۆ لە کوردستان لە یەکشەمۆیەکانی ئەمریکا زۆر جیاوازە. هەموو خەڵکی خۆجێیی جومعانە پشوو دەدەن و تەنێ ئێمە یەکشەمۆیان ڕۆژی پشوومانە. ئێمە بیری لێدەکەینەوە داخودا کەنگێ ئەو ڕۆژە دێ ئەوانیش ڕۆژێکی گشتییان بۆ عیبادەت و پاڕانەوە هەبێ، مەلاکان کاتی نوێژ کردن ڕەچاو دەکەن، بە ڕواڵەت هەموو دەبێ بەشداری تێدا بکەن.چەندە چاوڕاکێش دەبێ ببیسین برای ئێمە مەوعیزەیان بۆ بکا.ئێستا ئێمە دەبێ ماوەیەک چاوەڕێ بین تا ئەوەی دوعاو پاڕانەوەیەک بە کوردی ببیستین.
یای گودهارت ڕۆژی 30 ژووییە گەیشتە لامان لە گەڵ خۆی خانمی شەمۆییل و منداڵەکانی و هێندێک پۆستیشی بۆ هێنابووین. ئەو خەبەری ئەوەشی بۆ هێناین کە کرێکارانی دیکەی میسیۆنەکەشمان دێنە ئێرە، و ئێمە بە بیستنی ئەو خەبەرە زۆر گەشاینەوە.بەڵام هەموو پلانێک دەکرێ خێرا ئاڵوگۆڕی بە سەردا بێ. لە 2ی مانگی مەی دیسان جەنابی ماکێنسن دەنووسێ – ئێمە 15ی ژووەن بە دەستمان گەیشت- کە ئێستا هەڵناسووڕێ هاوکارانمان بنێردرێن. لە بەر ئەوە بە داخەوەین، بەڵام دەبێ فێربین ددان بە جەرگمان دا بگرین و لە سەرەخۆبین، تەنانەت لە مەڕ ئەو جۆرە شتانەش. لێرە هەموو کارێکمان بە وەختی خۆی کراوە.ئێمە ژووری تێدامانەوەمان بە کرێ گرتووە، دوو ژوورمان بۆ دەرمانگە هەیە. ژوورێک بۆ ئەوەی وەک مەدرەسە بە کاری بهێنین ئامادەیە،کە جەنابی باشیمۆن پێوەیە لە پاییزێ ڕا دەستی پێبکا.جارێ چ منداڵی بێ دایوبابمان لە لا نییە.هەموو ڕۆژێ ژمارەیەکی زۆر سەری ژووری پانسمان دەدەن بۆ ئەوەی برینەکانیان پانسمان کەین: خەڵکی دیکەش بۆ مداوای ئاسایی دەرمانی دێن. هیوادارین و دۆعا دەکەین ئێوە لە پەیدا کردنی جەڕاحێک و ناردنی بۆ کوردستان دا سەرکەون.ژمارەیەکی زۆر خەڵک دێنە لامان بەداخەوە ناتوانین هیچیان بۆ بکەین. و تەنێ ئەوەندەیان پێ دەڵێین ماوەیەکی دی دوکتورمان بۆ دێ. حەول دەدەین هێندێکیان بنێرینە تەورێزێ، بەڵام سەفەرێکی پێنج ڕۆژە کاتێک مرۆ نەخۆش بێ و لەو گەرما ترسناک و بڕست لێبڕە دا زۆر ئاستەمە.هەرچونێک بێ، ئێمە دەکرێ یارمەتی زۆر کەسان بدەین، بە تایبەتی یارمەتی ژنان، کە ڕاستەو ڕاست ناچنە لای دوکتور. ئەو خەڵکە بەو پەڕی مێهرەوانییەوە هەلسوکەوتمان لە گەڵ دەکەن. ئەوان کاری ئێمەیان زۆر پێ باشە و زۆر لەگەڵمان مێهرەوانن. بە ژمارەیەکی زۆر دێن بۆ دیدەنیمان.هەتا بڵێی پێمانەوە ماندوون و پێیان خۆشە خزمەتمان پێ بکەن و دڵمان خۆش کەن. چەندە دڵپاکی لە ژێر ئەو جووڵانەوەیان دا هەبێ ئەوەمان بە تێپەڕینی ساڵ و زەمان بۆ دەردەکەوێ. تەنانەت ئاغاکانیش
(خاوەنمڵکەکانیش) کە ساڵی ڕابردوو لە نەبەرذیکی نزیک ئێرە دا بەشداریان کرد. هاتنە لامان و سەریان داین.یەکێکیان چاوێکی دەرپەڕیبوو، و جێبرینێکی گەورەی بەسەرچاوییەوە دیار بو، ئێمە بۆمان شوشت و خاوێنمان کردەوە، و ئامۆژگاریمان کرد بچێتە پێگەی میسیۆن لەتەوریزێ و لەوێ چاوێکی شووشەی بۆ دانێن، و ئەو دەیەوێ بچێ.هەر ئەو ئاغایە (خاوەنموڵکە) بانگهێشتنی کردووین بۆ گوندەکەی کە بچینە ئەوێ و بە حەوتوویان بمێنینەوە.
لێرە ژنان کاری دەستی زۆر جوان دەکەن، دەچنن، تەشی دەڕێسن و هەموو جلوبەرگێک دەدروون. بەڵام دیارە جلوبەرگی ئەوتۆشیان هەیە کە لە کارگە ساز کرابێ. ئەوان زۆریان حەز لە بەرموور، و شووشە و زێڕی خۆ پێ ڕازاندنەوە و خشڵ و جەواهێرە. منداڵان زەنگوڵەی پچوک لە گۆێزینگ و مەچەکیان دەکەن، زۆریش شتی مووروو.ئەگەرچی خەڵک منداڵەکانی خۆیان زۆر خۆش دەوێ بەڵام هەموو خزم و کەسوکار دەیان لاوێننەوه، و لەباوەشیان دەکەن و ئەو شتە بەستەزمانانە لە ساڵانی مەلۆتەکەیی خۆیاندا ژیانێکی سەختیان هەیە.ڕێژەی مەرگ لە نێو منداڵان دا زۆر لە سەرەوەیە. لە هەرێمە چۆل و هۆل وکاولکراوەکاندا، مرۆ بە جوانی دەتوانێ ببینێ کە چەندە خەڵک سەریان تێداچووە و خاشەبڕ کراون. زۆر بەشی گەورەی سابڵاغ کاولکراوە. ئێمە هێشتا دەوروبەری دەرەوەی شاریمان نەدیتووە. ئێستا وەرزی پێگەیشتنی میوەیە، هەتا بڵێی میوەی ئێرە خۆشە. ئێمە دڵنیان خەڵکێکی زۆر تەنێ بەو میوانە دەژین، جەمە نانێک لە سێ هاروێ و یان جۆرە مێوەیەکی دیکە ئامادە دەکەن.__ __ __
زۆر سپاس بۆ نامە پڕ لە مێهرەوانییەکەتان. دڵسۆزتان، ئاڵما فاسوم "
یای ئالما فاسوم لە نامەیەکی دیکە دا کە هەر لەو ژمارەیەی کوردستان میشنێری دا بڵاو کراوەتەوە و بۆ یای ئەندرسۆن ی نووسیوە، هێندێک باسی ئەو شەڕەی کردووە کە لە نامەی یەکەمدا ئاماژەی پێکردووە.
" نامەیەکی دیکە لە ئالما فاسومەوە: لە نامەیەکدا بۆ یای ئەندرسون کە لە بەرواری 17ی ژووییە دا نووسیویە دەڵێ: " ئێستا ئەوە نزیکەی دووساڵ دەبێ کە ئێمە یەکدیمان دی. ئەتۆ ئێستا خوێندی خۆت لە "Moody " تەواو کردووە. هێوا دارم ئەتۆش زۆر حەز لە کوردستان بکەی، هەر وەک ئێمە کە ئێستا دەیکەین.کوردەکان هەتا بڵێی سرنجڕاکێشن. تەنێ پێیانخۆشە زۆر شەڕ بکەن.لەوەتی ئێمە هاتووین تەواو لەو نزیکانەی ئێمە شەڕێک قەوما. هەموو شەڕەکە لە سەرکۆلکەیەکی دار هەڵئاییسا. کوردێک داوای ئەو کۆلکەیەی ئاشی دەکا بۆ سووتەمەنی. ئێستا ئەو کۆلکەیەی ئاشی گەورەیە و نێوکۆڵ کراوە بۆ ئەوەی ئاوی پێدا بڕوا و باراش بگێڕێ و شتێک نییە کە هەر ئاوا بە هاسانی دەستی لێهەڵگیرێ و بدرێ بە کەسێکی دیکە.هەرچونێک بێ، ئەوان داوایان کرد و خاوەنەکەی دەستی لەوە گێڕاوە بیانداتێ. جا لە سەرو گوێلاکی یەکتری بەر بوون و دەستیان کرد بە تەقە کردن لە یەکتری و لەو ڕووداوە دا زۆر کەس کووژران و بریندار بوون. هەر دوو ڕۆژ لەمەوبەر یەکێک لە بریندارەکان لە گەڵ هەموو نۆکەرەکانی هاتە لامان.ئەو چاوێکی لە قیس دابوو و چەند برینی دیکەشی لە بەدەنی دا بوو.- کوردێکی زۆر کەڵەگەت و جوانچاک بوو. کچە دراوسێیەکەمان پێی گوتم هەر ئەو کوردە پار زستانێ ژنەکەی خۆی هەڵئاوەسیوە. ئەدی ئەوان شەڕکەری ئەوتۆن. بڕیا بە بریای خوڵای بێ ئەو دەمە بگاتە کە ئەو شەڕکەرانە دەستەمۆ ببن هەروەک ئیندیانەکانی ئێمە (!!). بەڵام ئەوان لە زۆر ڕووەوە دەبێ پەسن بدرێن......کەوشەکانمان زۆرمان ناڕەحەت دەکەن. چوونکوو ڕێگەوبان، بەردەڵان، خیز، قوڕە زەلەق، و گژ وگیای درێژ دای گرتوون و دەبێ بە نێویاندا بڕۆین. ئێمە زۆرجار لە ڕێپێڵگەی ناڕێک هەڵدەنگوین، بەڵام دوای ماوەیەک، فێر دەبین چۆن بەڕێگە دا بڕۆین، و چۆن هەستینەوە و لە سەر پێی خۆمان ڕاوەستین. ئەوە هەشتەمین یەکشەمۆمانە لێرە. ئەگەر ئەتۆ لە نێوەڕاست هاوینێ دا بێی،ئێرەت زۆر پێ گەرم دەبێ، ئەگەرچی ئەو دەمی ڕێگە و بان وشکن، دەبێ خۆت ئامادەکەی بۆ ئەوەی فێری ئەسپ سوار بوون بی. لێرە ڕێگە بۆ گوندەکان نییه، تەنێ ئەسپەڕێ هەیە.تەنانەت ڕێگای تەورێزیش زۆربەی بە تەڕکی چۆماندا، یان بە تەنیشت کاناڵی ئاوداشتنەوە تێدەپەڕێ، لە ژێر ئاو. لەتەورێزێ هەموو شت دەست دەکەوێ، بەڵام لێرە زۆر دوورە. لەوێوە هەتا بگەینە ئێرە شەش ڕۆژمان پێ چوو.دیارە ناکرێ مرۆ بە ڕێگا و بانێکی ئەوتۆدا زۆر جار سەفەر بکا.
ئێمە داوخوازی سەفەرێکی هێمن و خێرات بۆ دەکەین. ئاوری ماڵێ بە گەشاوەیی ڕادەگرین. کاتێک زمانی ئێرە فێر بووی بە دڵنیاییەوە حەز لەم شوێنەو خەڵکەکەی دەکەی. لێرە تێگەیشتن لەو مامۆستایانەی کوردیمان فێر دەکەن ئەگەر هیچ ئینگلیسی نەزانن زەحمەتە، بەڵام ئەمن پێم سەیرە کە هەرچۆنێک بێ فێری کوردی دەبم. لە تەورێز فێری بوونی کوردیمان زۆر چاک دەست پێکرد؛ ئەوە یارمەتییەکی زۆری پێکردین. "
لەنامەیەکی دیکەدا کە یای فاسوم، لە 1ی مانگی مەی 1922 لە تەورێزەوە بۆ خانمی وی نووسیوە و لە ژمارەی8ی کوردستان میشنێری، ئووتی 1922 دا بڵاو کراوەتەوە لە بەشێکی دا دەڵێ: " لێرە ئەمن داوام لە مامۆستاکەی زمانی کوردیم، کە زمانزانێکی گەورەیە کردووە کە بابەتێک بۆ گۆوارەکەمان (کوردستان مێشنێری)بنووسێ. هیوادارم بە زوویی شتێکی باشتان بۆ بنێرێ.وەرگێڕاوەکانی و کارەکانی لە لایەن پڕۆفێسۆر ئەی. یۆهاننان پی.ئێچ. دی، لە زانکۆی کۆلومبیا تاقیکراونەتەوە.لەوکارانەدا بێگومان شتی باش هەن لە مەڕ شێعر، پەخشان و مێژووی کوردی و هتاد. ئەمن زۆر حەول دەدەم لە نێو میسیۆنە پچووکەکەمان، کە زۆر ڕووداوی ناخۆشی بەسەرهاتووە، مەیل و مرخ لە ئاست کاری ئاوا پێش بخەم. دەبا هیوادار بین هەوری شەڕ بە زوویی بزربێ و کوردەکانیش چاویان بە ڕووناکی ڕۆژ بکەوێ. بە سڵاو و باشترین ئاواتەوە. --- ئالما فاسوم"
" لە تەورێز. ئێرانەوە. تەورێز، ئێران، 10ی مانگی مەی 1922.
خانمی وی خۆشەویست:
میرزا مەسرووف خان، مامۆستای زمانی کوردیمان، بە مێهرەوانییەوە ووتارێکی بۆ گۆوارەکەمان ئامادە کردووە. ئەو وەک نووسەر زۆر بە توانایە، ئینجیلەکانی وەرگێڕاوە، بە زمانی سوریانی، هەرمەنی، کوردی و فارسی گۆرانی و شێعر و سەبارەت بە مێژوو دەنووسێ. زۆرخۆشحاڵم بەوەی ئامادە بوو بابەتی چاوڕاکێش وەک ئەوەی خوارەوە بۆ کەلک لێوەرگرتنی خوێنەرەوەکانمان بنێرێ.ئەو دەڵێ هەر ئاڵوگۆڕ یان ڕاستکردنەوەیەکی پێویستە دەکرێ لە نووسینەکەی دا بکرێ. دڵسۆزتان ---- ئالما فاسوم
Mandoo - Nabee ماندوونەبی
ئەو دوو ووشە کوردییەی سەرەوەم نزیکەی 50 ساڵ لەمەو پێش لە کوڕێکی کورد بیست.ئەو دەمی ئەمن هەشت ساڵم عومر بوو. ئێمە بە ناوچە پڕ پیت و بەرەکەتەکانی سندووس دا تێدەپەڕین و وەک ڕێبوار مەقسەدمان سابڵاغ بوو، کە نزیک دووساڵ پێشتر بنەماڵەکەمان ماڵی بردبووە ئەوێ. بابم قەشە کەڕەم، کە نەستوورییەکی پرۆتێستانی خەڵکی ورمێ بوولە لایەن میسیۆنی پرێسبێتێرییەکان لە ورمێ ناردرا سابڵاغێ بۆ ئەوەی لەوێ ئینجیلی ئاشتی و ڕزگاری لە نێو کوردان دا بڵاو بکاتەوە.کاتێک ئێمە بەڕێگاوە بووین کوڕێکی کورد لە سەربانی مزگەوتێکەوە، هەرکە چاوی بە ئێمەی ڕێبوار کەوت بە دەنگی بەرز گوتی: Mandoo- Nabee ماندوو نەبی،" کە بەمانای ئەوەیە نەوەستی". ئەوە شێوەی سڵاو لێکردن و بەخێرهێنانی ئێمە بوو بەکوردی. ئەو دەمی کە ئەمن منداڵ بووم و هیچ کوردیم نەدەزانی. پێم وابوو ئەو کوڕە بێ ئەدەبە کوردە جنێومان پێدەدا، چونکوو ئەو سەروبەندی مەسیحییە بەستەزمانەکان هەمیشە لە لایەن موسوڵمانەکانەوە بەچاوی سووک تەماشا دەکران و سووکایەتیان پێ دەکرا.بابم کە زمانی کوڕە کوردەکەی دەزانی، پێی گوتم: " کوڕم، تەماشای ئەو کوڕە کوردە چەندە بە ئەدەبە، سڵاومان لێدەکا و ئەوە شێوەی وییە بۆ ڕۆژباش لێکردنمان یان ئەوەی خێرمان بێتەڕێ و هتاد." بەڕاستی تەواو سەیرە، ئەمن 50 ساڵ لەمەوبەر لە مانای ئەو دوو ووشە کوردییانە نەدەگەیشتم، بەڵام ئێستا دەرسی کوردی بە میسیۆنێرەکان دەڵێمەوە.ڕەنگە زۆربەی خوێنەرەوانی ئەم دێڕانە پێیان وابێ کە کورد، وەک خەڵکێکی نەزان و وەحشی وان و ئەوان لە هەمان کات دا دەبێ جەردە و ڕێگر و درۆزنیش بن و لە چاوی خەڵکی خوێندەوار دا نابێ چ قیمەتێکیان بۆ دابندرێ.
بەڵام نووسەری ئەم چەند دێڕانە کە لەمنداڵییەوە زۆربەی ژیانی خۆم لە نێو عەشیرەتە جۆربەجۆرە کوردەکاندا تێپەڕاندووە. شاییدی دەدەم کە کوردەکان بە گشتی گەلێکی نەجیب و بەئەدەب، گەلێکی دێمۆکرات و سادەن. لە زۆر بارانەوە ئەوان لە بەر کەسایەتی خۆیان زۆر بەرزترن لە عەشیرەتە بێ چاوەڕوو و دوو ڕوویەکانی ئێران. بۆ نموونە ئەوان فێری تەقییە کراون و لە کاتی تەنگانە و مەترسیدا بیرو ڕا و ئیمانی خۆیان دەشارنەوە، لە کاتێکدا کوردێکی سوننی ئۆرتۆدۆکس لە هیچ هەلومەرجێک دا نکۆڵی لە باوەڕی خۆی ناکا.
ئەگەر مرۆ لەگەڵ کوردێک باش بێ و بە دۆستانە لەگەڵی هەڵسوکەوت بکا، بۆی فەرق ناکا مرۆ هەرچییەکی دەبێ بڵا ببێ چ عیسایی، چ مووسایی یان لە سەر هەر دینێکی دیکەبێ، کوردەکە بە دڵپاکی لە گەڵی دەجووڵێتەوە.کوردەسوننییەکان زۆر لە پێرۆیانی تایفەکانی دیکەی موسوڵمان باشترن. کوردێکی سوننی ئامادەیە نانی خۆیت لە گەڵ بەش بکا. قەت بە خۆی ڕاناپەرموێ پێت بڵێ ئەوتۆ پیس و نەجیسی (گڵاو)، لەکاتێکدا شیعە دراوسێکانیان ئەوە دەکەن. میوان بەخێرهێنان ڕەسمی کوردییە و بە دڵی ئاواڵەوە لە بن خێوەتەکەی یان کۆخەکەیدا جێت دەکاتەوە، و سفرە چەرمەکەیت لە بەردەمی ڕادەخا، ڕێگەت دەدا دەستی لەگەڵ یەک قاپ بنێی، هەرلەو قاپەیدا بۆ خۆی نانی تێدا دەخوا. هەر لەو ئیستیکانەدا ئاو دەخواتەوە کە ئەتۆ ئاوی تێدادەخۆیەوە.بەڵام بڤەیە ئەگەر دەستت وە قاپی یەکی شیعە بکەوێ.قەت نایەڵێ وەسەربانەکەی بکەوی، ئەگەرچی لە قورئان دا هاتووە و ئامۆژگاری موسوڵمانان کراوە" ڕێزی میوانت بگرە، ئەگەرچی کافریش بێ."
لە ڕوانگەی میواندارییەوە کوردەکان بە ڕاستی لە تۆرەمەی حەزرەتی ئیبڕاهیمی نەبین. ئەوان هەمیشە باسی میوانداریی حەزرەتی ئیبڕاهیم دەگێڕنەوە.ئەوان دەڵێن ئێبڕاهیم قەت بە تەنێ نانی نەدەخوارد، هەمیشە دەبوو چەند کەس لە دەوری سفرەی بێ.ئەگەر واهەڵکەوتبا و هیچ میوانی نەبووبا، فریشتەی خوڵای دەبوون بە میوانی.
کوردە مەنگوڕەکان عەشیرەتێکن کە لە سنووری عوسمانی – ئێران دەژین لە باشووری ڕۆژئاوای سابڵاغێ. بە سەرۆکەکانیان دەڵێن کادەروێشی. ئەوان زۆر دۆستی گەورەی مەسیحییەکانن.ئەوەش بەوە دەبەستنەوە کە دایە گەورەیان گورجی بووە، جا بۆیە بە هەموو مەسیحییەکان دەڵێن " خاڵە خواجە"
کادەروێشەکان چاویان شین و موویان کاڵە. خێزانێکیان لە نێو دایە بە " کوڕی عرووسان" بەنێوبانگن. کاتێک وەک بێگانەیەک پێ دەنێیە کەوشەنی وان، مەزنی تاوڵەکە دێتە دەرێ، جڵەوی ئەسپیت دەگرێ و بانگهێشتنی تاوڵەکەیت دەکا و ئەو ووشانە دووپاتە دەکاتەوە. " پیادە نابی"، واتە نایە خوارێ لە ئەسپەکەت پاروویەک نان بخۆی؟
لەبەر ئەوەی زۆربەی کوردەکان مەڕدارن، ئی وایان تێدایە خاوەنی بە سەدان سەر مەڕ، بزن و بەرخ و هتادە.
بەڵام ئەوە سەیرە ئەوان قەت خەڵکەکەی خۆیان نابژرێن ---- بۆچی؟ چونکوو پێیان وایە ئەوە گوناهێکی گەورەیە و دەڵێن ڕۆژگارێک پێغەمبەر و پادشایەک هەبوون، پادشاکە ئیبلیس لە خشتەی بردبوو و بەگوێی وی دەکرد. پادشا جارێک خەڵکەکەی خۆی بژارد، ئەوە بووە هۆی توورەیی خوڵای و غەزەبی بەسەرداباراندن و هەموو تووشی نەخۆشی تاعوون هاتن و خەسارێکی زۆر گەورەیان وێکەوت.
شێوەی سڵاو کردنی کوردەکان زۆر سەیرە. ئەگەر کوردێک تووشی قەسابێک بێ دەبێ پێی بڵێ: " قەڵەو بی"ئەگەر بگاتە دروێنەوانێک کە خەریکی دروونی گەنم یان هەر دانەوێڵەیەکی دیکە بێ دەبێ پێی بڵێ: " بە بەرەکەت بێ". ئەگەر چاوی بە وەستا و فەعلە بکەوێ کە خەریکی خانوو دروست کردنن دەبێ پێیان بڵێ: " خودا قەوتوو بدا".
لەوەتا دەستپێکرانی بانگەوازی ئینجیل لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوو دا ئێمە دەکرێ بڵێین دەرزنێک لە موسوڵمان لەناو شیعە و سونییان دا عیسایان پەژراندووە --- و لە نێو ئەواندا 2 کەس هەن کە بە ڕاستی ئەو دینەیان قەبووڵ کردووە و ئەوانەش کوردن.
بە خۆشییەوە، ئەمن بە شەخسە لە گەڵ هەردووکیان ناسیاویم هەیە. پاولی دوویەمی ئێمائوس و میرزا سەعید خانی سنە، ئەو لە سەردەستی قەشە یوهاننانی سندووس هاتە سەر دینی تازە..... کاتێک براکەی کە ناوی کاکە یە دەبیستێ سەعیدی برای بووە بە گۆم (گاور) (ئەو ووشەیەی کە کوردەکانی سنە بۆ عیساییەکانی بەکار دەهێنن) سوێند دەخوا" ئەگەر چاوم بە سەعید بکەوێ هەر بە خەنجەرەی خۆم دەیکووژم"، دوایە کە کاکە چاوی بە برا گاورەکەی خۆی واتە سەعید دەکەوێ، ئەوەندە دەکەوێتە بەر کارلێکەری برایەکەی دوای ماوەیەکی کورت کاکە و هاوسەرەکەشی دەبن بە عیسایی.....
با ئەوانەی پێشداوەرییان لە سەر کوردان هەیە بچن ئەو دوو ئینسانە ببینن...... کاتێک ئاشتی لە کوردستان دابمەزرێ. ئێمە هیوادارین باریتەعالا پشتیوانی بکا لەو کاروچالاکییانەی میسیۆنێرە ئەمریکاییەکان لە ناو کوردەکاندا دەیکەن."
ئالما فاسوم لە نامەیەکەوە کە لەتەورێزەوە بۆ دۆستێکی خۆی لە ئەمریکا خانمی ئۆلیڤر لارشۆنی نووسیوە و لە ژمارە 11ی کوردستان، خولی 14، مانگی نۆڤامبری 1922 دا بڵاو بووەتەوە، باسی ڕێوڕەسمی تەواو بوونی خوێندن لە مەدرەسەیەکی تەورێز دەکا و لە دوایی دا ئەو پەیامە بۆ دۆستەکەی دەنێرێ: " نابێ کچە چکۆڵە کوردەکانت لە بیر بچێ کە هەتا ئێستا هیچ مەدرەسەیان نییە و هیچیان ناتوانن پیانۆ (!!) لێدەن. دۆعایان بۆ بکە."
ئالما فاسوم دوایە لە تەورێزەوە چووەتە کرماشان و لە نامەیەک دا بۆ ئێدیتۆری کوردستان میشنێری خانمی وی کە لە 26ی ئۆکتۆبری 1922 لە کرماشانەوەنووسیویە و لە ژمارە 2ی خولی پازدەی کوردستان میشنێری، فێڤرییەی 1923 دا بڵاو بووتەوە دەڵێ: " خانمی وی خۆشەویست:--- 21ی ئۆکتۆبر گەیشتمە ئێرە بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی یارمەتی ئەم پێگەیەی ئێرە بدەم لەو ماوەیەیدا کە هیچ نێرس (نەخۆشەوان) یان نییە. کارەکە خەریکە دەست پێدەکا، واتە خەریکن خانوویەک دروست دەکەن و هەموو شت ئەوە خەریکە دەست پێبکا. ئەمن دڵنیام ئەو ماوەیەی ئێرە بۆ من ئەزموونێکی بەنرخ دەبێ. ئەمن چوارسەد و سی و پێنج میل بە ڕێگە دا هاتووم، و نۆزدە ڕۆژان بە سواری ئەسپ و دوو ڕۆژ و نیو بە سواری فایتوون. بە ڕاستی سەفەرێکی خۆش بوو، هیچ کەس نەخۆش نەکەوت یان زۆر ماندوو نەبوو. لە ڕێیە میوە و خواردن بە پێی فیلان بوو، هەم ڕێگا باش بوو و هەم هەوا. ئەمن سەردانێکی باشی یای ئەندرسۆنم کرد لە هەمەدان. دوو ڕۆژو سێ شەوی لە لا مامەوه، زۆرم پێ خۆش بوو چاوم پێی کەوت. ئەویش وەکوو ئێمە هێندێک دڵپەشێوی هەلومەرجی دژواری ئێمەیە لێرە. هیوادارم لەم ماوەیەیدا کە لێرەم مووچەکەم میسیۆنی خۆمان بیدا.ئەمن چاوەڕێ ناکەم دەستەیەکی بەڕێوەبەری مووچە بدا بە میسیۆنێرێکی دەرەوەی خۆی. ئەمن پێم خۆش نەبوو بێمە ئێرە، بەڵام نامێهرەوانانە دەبوو ئەگەر داوخوازی یارمەتیم وەدوایە داباوە. نەدەکرا دەق و دۆغری گوتبام نا.ڕەنگە لێرە کاری زۆر گەورە بکرێ و هتاد. بەڵام ئێرە پێگەی من و کلیسای من نییە، و ناکرێ چاوەڕێی ئەوەم لێبکرێ هەرهەمان مرخ و عەلاقەم هەبێ....... بۆ ئێمەی ژن وا وەبەرچاو دێ کە شتی ڕاست ئەوەبێ دوای ئەزموونی ناخۆشمان پیاوەکان کاروبارەکان جێ بە جێ بکەن و لە بەشێکی دیکەی شاریدا شوێنێک بدۆزنەوە (مەبەستی لە سابڵاغە). بابزانین لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانی چ دەکرێ. لەگەڵ ئەوینم بۆ ئێوە خانمی وی خۆشەویست. ئەمن زۆرم پێ خۆشە خەبەری ئێوە ببیستم و هیوادارم زۆرت ماندوو نەکەین. دڵسۆزتان، ئالما فاسوم."
یای ئالما فاسوم ئەو ماویەی کە لە کرماشان بووە، لە نووسراوەیەک دا ئەو شارەی بە خوێنەرەوانی کوردستان میشنێری ناساندووە. ئەو بابەتە لە ژمارەی 3ی، خولی 15ی گۆوارەکە لە مانگی مارسی 1923 بڵاو بووەتەوە.
" ئاوڕێک وەسەر کرماشان
خوێنەرەوەی خۆشەویست. ڕەنگە پێت خۆش بێ باسێکی کورت سەبارەت بەم گۆشەیەی ئێران ببیسی. کرماشان لە جێیەکی زۆر دڵڕفێن هەڵکەوتووە لە نزیکی چیای ڕەوەزەبەردە و لە سەر تەپەی سەرەوژێڕ دروست کراوە، و ئەگەر مرۆ لە خانووبەرەی میسیۆن ڕا چاو لە شاری بکا خانووەکانی وەکوو بەربێڵای قەدی شاخی وەبەر چاو دێن.زۆرجار سەربانی خانوویەک دەبێتە بەربێڵا و هەیوانی خانووەکەی بنەوەی.لە دەوری و بەری شاری و لە دەرەوەی باغی ترێ زۆرن؛ هەر وەها داروباغاتیدیکەش و ئاویشی زۆرە کەئەوە شوێنەکە ئەوەندەی دیکە دڵگیر دەکا. خەڵکەکەی، زۆربەیان جۆرەیەک کوردن، بەڵام جلوبەرگیان لەگەڵ کوردەکانی ئێمە لە سابڵاغ جیاوازە.لێرە پیاوان کڵاوی گەورەی لباد لە سەر دەکەن و بە سەر سەریاندا پان دەبێتەوە و وەک کەترییەکی دمەونخوون وەبەرچاو دێن کە بنەکەی لە زارکی پانترە. دوایە شاڵێکی تەنکییش لە دەوری چەنەگەیان دەهاڵێنن. جلوبەرگی ئەوان لە ئی ئێرانییەکان کە زۆر شل وشەوێق لەبەر دەکەن ڕێک وپێکترە. ژنان دەسماڵی زۆرگەورە لە دەوری سەریان دەپێچن، بەڵام هیچیان وەک عەشیرەتی سابڵاغێ پێچی جوان نابەستن. لێرە زیاتر ڕەنگی ڕەش یان تیرە و تەڵخ دەبەر دەکەن و پشتێندیشیان چەند قەد لە ئی سابڵاغێ سووکترە.ئەوە سرنجرآکێشە مرۆ جیاوازی جلوبەرگی عەشیرەتە جیاوازەکان ببینێ. زۆرێک لەژنان لە گوندان کە چاومان پێیان کەوت وەک ژنی ئێرانی کراسی کورت دەبەر دەکەن و لەبنەوە داوێنێک کە تا بەری پێیان دێ.لێرە ژنان شەرمێون نین و لەهەموو شوێنێک دەموچاویان کراوەیە.
لێرە دەرەجەی هەوا زۆر لەسەرەوە نییە، و جارێ زۆر سارد نەبووە.لە سەر دوندی شاخەکان هێندێک بەفر کەوتووە. زۆر لە دارەکان هێشتا گەڵا ڕەنگاوڕەنگەکانیان نەڕژاوە. بەو زووانە خەڵکی خۆجێیی بەبۆنەی کریسمەسەوە سەردانمان دەکەن. ئەوان ڕۆژانی جێژنەکانمان بەسەرمان دەکەنەوە و چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکەن ئێمەش لە جێژن و بۆنەی ئەواندا بچینە سەردانیان. داوای کریسمەسێکی شاد بۆ هەمووتان دەکەم و ساڵێکی نوێ زۆر باشتر لەو ساڵی ڕابورد. ئێمە هەر وەها دۆعا دەکەین ئێوە ئەو خەڵکە نەزانە لە بیر نەکەن و بە هەر شێوەیەک پێتان دەکرێ یارمەتییان بدەن. سڵاوێکی زۆر بۆ گشت دۆستانی میسیۆنەکەمان، دڵسۆزتان، ئالما فاسوم. کرماشان، ئێران، 6ی دیسامبری 1922."
بە پێی ئاگادارییەک کە لە ژمارەی 8ی، خولی شازدەهەمی کوردستان مێشنێری لە مانگی ئووتی 1924 دا بڵاو کراوەتەوە. ئالما فاسوم لە 29ی ژووەنی 1924 دا دوای چوارساڵ ونیو کار لە ڕۆژهەڵات گەڕاوەتەوە ئەمریکا و لە دوایین ژمارەی ساڵی 1924ی کوردستان میشنێری دا هاتووە" ئالما فاسوم دیسان دەستی کردووەتەوە بە کار و لە University Hospital لە میناپۆلیس وەک نێرس کار دەکا". ئەو جگەلە کاری ئاسایی خۆی حەولی داوە بۆ پەیداکردنی کەلوپەل بۆ نەخۆشخانەکەیان لە سابڵاغ.
ئالما فاسوم لە 21ی فێڤرییەی ساڵی 1944 لە تەمەنی 52 ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی
Wallingford لە کاونتی Emmet، لە ئەیالەتی Iowa نێژراوە