لە ڕۆژێکی مێژوویی وەکوو ئەمڕۆدا ڕێکەوتی 06-09-1930 ڕاپەڕینێکی گەورە لە #بەردەرکی سەرا#ی #سلێمانی#، کە تیایدا خەڵک دژی هێزی داگیرکەری ئینگلیز و حوکمی پاشای ئەو کاتی ئێراق ئەنجامیان دا و بۆ یەکەم جار وەکوو داهێنانێکی نوێی خەباتێکی مەدەنی لەم شارە بەرپابوو.
ئەم ڕووداوە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا بە شەڕی بەردەرکی سەرا ناسراوە، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی کوژرانی چەندین کەس، لەوانە:- (عەولە سیسی چایچی، عەلە گون سووتاوی چایچی، حەمە قالەی ئەشغال، محەی خولە درێژ، حەسەنی دەروێش، ئەحە ڕەشی حەسەنی دەروێش، مستەفا بەگی فەتاح بەگ، سەعید حەمەی ئامێ، عەزیزی مامە حەمە، حەمە چاوشین، عەلی سیوجگەر، ئەحمەد نێوێک و هەلۆ بەگ.
هەندێکیش گیران لەوانە بێکەسی شاعیر...هتد.
(سەرا) مەیدانێکی فراوانی شاری سلێمانییە و دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەوە. شەش شەقامی سەرەکیی دێتەوە سەر. ئەوانیش شەقامەکانی (مەولەوی، کاوە، سابونکەران، گۆران، بێکەس و پیرەمێرد) ن.
نووسینی: کارزان یاسین
جگە لەوەیش زۆرێک لە بازاڕی گەورە و ئەو شوێنە پێویستانەی ڕۆژانە هاووڵاتیان ڕێییان تێی دەکەوێت، دەکەونە نزیک ئەم شوێنەوە.
مێژوونووسان هەر لە کۆنەوە سەرا بە مەڵبەندی کۆبوونەوەی جەماوەری ناساندوویانە، بەجۆرێک شوێنی بایەخی هاووڵاتیان و دەستەڵاتدارانی شارەکە بووە و زۆرێک لە فەرمانگە حکوومییەکانی تێدا بووە، بێجگە لەوەی یەکەم حکوومەتی کوردی لە (سەرا) وە ڕاگەیەندراوە.
هەر لەمەڕ خۆپێشاندانەکانی بەردەرکی سەرا، سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە (بێکەس) ی شاعیر، شیعری (27 ساڵە) دژ بە (ئەدمۆنس) حامکی ئینگلیز دەخوێندەوە و کاریگەرییەکی بێ وێنەی لەسەر دڵی جەماوەر درووست کردبوو، بۆیە دەستەیەک لە مێژوونووسان ئەم ڕووداوە بە شۆڕشی سپی هەژمار دەکەن.
داناز عەبدولڕەحمان بابان