عومەر ئيسماعيل مارف
بەدرێژايی مێژوو، کوردستان لەژێر دەسەڵات و هێزی داگيرکەرەکاندا بووە، لەهەمانکاتيشدا بەهۆی دەوڵەمەندی خاکەکەيی و گرنگی ناوچەکە، شوێن و گۆڕەپانی ململانێ و يەکلايی کردنەوەی شەڕو پەلاماری لەشکری فەرمانڕەواکان بووە. بەوهۆيەوە ڕۆژ بەڕۆژ وڵاتەکە بەرەو کاول بوون و وێرانکردنی زياتر بوەتەوەو سەروەت و سامانەکەشی بەتاڵان براوە. لەبەرئەوە کورد هيچ کاتێک نەيتوانيووە، ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووييەکانی وەک خۆی بنووسێتەوە. هەربۆيە ميژووەکەمان لەلايەن خەڵکانی بێگانەو ناحەزان و دوژمنانی کوردەوە نووسراوەتەوە. ئەوانيش بەئارەزووی خۆيان و دوور لەهەموو بنەمايەکی زانستی و ڕاستگۆيی، بەدڵی ئاغاکانيان، مێژووەکەيان نووسيووەتەوەو زيادو کەميان تياداکردوە. کورديان بەڕەگەزێک لەعەرەب يان فارس داناوە، ياخود بەنەوەی جن و ئەژديها ناساندويانين. لەوبارەيەوە ديارترين مێژوونووسی داخ لەدڵ بەرامبەر بەمێژووی کورد، (حەسەن کوڕی عەلی توسی)ناسراو بە(ئەبولقاسم فيردەوسی)، مێژوونووسی فارسە. فارسەکان و هاوڕەگەزەکانی فيردەوسی بەدرێژايی مێژوو، بەزۆری هێزو دەسەڵات وڵاَتەکەمانيان داگيرو وێرانکردوە، فيردەوسيش ئەوکاتە لەپێناو چەند ئافەرينێک و بڕێک پارەدا، کە دەکرێت بەمێژوونووسی دەرباريش ناوی ببەين، بەشانامە ئەفسانەييەکەی مێژووی چەندين ساڵەی زۆرێک لەنەتەوەکانی ترو بەتايبەت کوردی شێواندوە، زوربەی نەتەوەکانی ناوچەکەی بەکۆيلەو باج دەری فارسەکان داناوەو هەوڵيداوە بەجوانترين شێوە شارستانييەتی فارسەکان لەمێژوودا تۆماربکات. بەدڵنياييەوە ئەوکارەی فيردەوسيش هيچی کەمتر نييە لەداگيرکردنی خاکی کوردستان. بەو مەبەستە فيردەوسی، ساڵی(1000ز)دەستيکردوە بەنووسينی شانامە، لەسەر خواست و بەدڵی سوڵتان(مەحموودی غەزنەوی). فيردەوسی توانيوويەتی لەماوەی(30)ساڵدا، بەبەيت و هۆنراوە شانامە تەواوبکات، کە لە(120)هەزار هۆنراوە پێکهاتووە، بەڵام دواتر خۆشبەختانە سوڵتان مەحموود، لەبری ئەو کارەی هيچ پاداشتێکی نەکردوە. سەرئەنجام فيردەوسيش لەداخی ئەو کاتە زۆرەی کە بەفيرۆيداوەو هيچ دەستکەوتێکی نەبووە، ساڵی(1030ز)دڵی لەلێدان دەکەوێت و دەمرێت. جێگای ئاماژەيە، فيردەوسی لەشانامەکەيدا بەشێکی دوورو درێژی تايبەتکردوە بەمێژووی سەردەمی فەرمانڕەوايی مادەکان، ئەو دوای(1500)ساڵ لەنەمانی مادەکان، بەجۆرێک مێژووەکەی نووسيووە کە هيچ مرۆڤێکی ڕاستگۆو خاوەن ويژدان بڕوای پێ ناکات، چونکە چيرۆکی(ئاشداهاک)ی چوارەم پاشای مادەکان کە ئەو بە(زوحاک)ناوی بردوە، لەلای فيردەوسی بەوشێوەيە هاتووە: لەئەنجامی ماچکردنی شانەکانی زوحاک لەلايەن ئەهريمەن-ی خوای شەڕەوە، دوای چەند ڕۆژێک بەوهۆيەوە دوو ماری گەورەو ترسناک لەشوێنی ماچەکاندا سەردەردەهێنن، دواتر چارەسەرەکەشی هەر لەلايەن ئەهريمەنەوە ئەوەدەبێت کە هەر ڕۆژێک مێشکی دوو کوڕی گەنج بۆهەريەک لەو دوو مارانە دابين بکرێن. دوای ئەوەی کەس لەتاوانبارانی بەنديخانەکان نامێنێت کە بۆ مارەکانی زوحاک سەر نەبڕدرێن، ناچار ئەوهەڵمەتە خەڵکانی بێتاوان و ئاسايی دەگرێتەوە. بەگوێرەی شانامەکەی فيردەوسی: دوو چێشت لێنەر بەناوەکانی(ئارمايل و کارمايل)لەخزمەت زوحاکدا بوون بۆ ئامادەکردنی مێشکی گەنجەکان، بەڵام ئەوان ئەوکاتەی گەنجەکان هاتونەتە بەردەستيان بۆ سەربڕين، يەکێکيان بەدزييەوە ئازاد کردوەو لەبری مێشکی ئەو مێشکی ئاژەڵێکيان تێکەڵاوی مێشکەکەی تر کردوە. دوای ماوەيەک ژمارەی ئەو گەنجانە ئەوەندە زۆر بووە کە دواتر هۆزێکی گەورەيان پێکهێناوە. هەربەپێيی شانامە: وەچەی ئەوپاشماوانە لەئێستادا کوردەکانی ئەمڕۆن. دواتر کاوەی ئاسنگەر دوای ئەوەی(17)کوڕی بونەتە قوربانی مارەکانی زوحاک، ديسان بۆ بردنی دواين کوڕی چوونەتەوە لای، ئەويش لەبەرامبەر ئەو هەموو زوڵمەدا، لەزوحاک ڕاپەڕيووە. سەرئەنجام سەری زوحاکی بەچەکوشەکەی پان کردۆتەوە، بەرکۆشەکەی خۆشی، کە دواتر بە(درەفشی کاويان)ناسراوە، کردويەتيە ئاڵای سەرکەوتنی ڕاپەڕينەکەی.
مادەکان زياتر لە(150)ساڵ خاوەنی بەهێزترين و گەورەترين دەوڵەت بوون، لەمێژووی فەرمانڕەوايی خۆياندا توانيوويانە ساڵی(612پ.ز)ترسناکترين و دڕندەترين ئيمپڕاتۆرييەتی ناوچەکە کە ئاشوورييەکان بوون بڕوخێنن، کەچی بەداخەوە مێژووی ئەو دەوڵەتە بەهێزو گەورەيە، بەوجۆرە لەلايەن فيردەوسييەوە شێوێنراوە، بەوهۆيەوە لەئێستادا زوربەمان ڕاستی مێژوو و ڕابردووی نەتەوەکەی وەکو پێويست نازانێت، هەربۆيە ئەرکی سەرشانی شارەزايان و پسپۆڕانی بواری مێژووی کوردە، کە نەوەی نوێ و هەموو تاکێکی کورد لەو شێواندن و چەواشەکارييانە بەهۆش بهێننەوە، هەوڵ بدەن بەسەرچاوەی نوێ و بەڵگەی تازەوە ئەو ئەفسانەو درۆييانە پوچەڵ بکەنەوە، چونکە هەتا ئێستاش لەلای زۆرێک لەکورد، بەشانازييەوە باس لەئازايەتی(کاوەی ئاسنگەر)دەکرێت و بەقارەمانێکی کوردی دادەنێن، هەروەها(زوحاک)يش بەخوێن مژو فارس ناودەبەن. بەدڵنياييەوە ئەو بەسەرهاتەی سەرەوە هيچ بنەماو بنچينەيەکی ڕاست و زانستی نييە، چونکە هەتا ئێستا هيچ لێکۆڵينەوەيەکی زانستی نەيسەلماندوە، بەدرێژايی مێژووی جيهان نەبيستراوەو نەنووسراوە، کەسێک مار لەسەر شانەکانی هەبێ و مێشکی مرۆڤ خواردنيان بێت.
سەرچاوەکان:
1-گرنگی کوردو کوردستان لەقۆناغە مێژووييەکانی ئێران تا سەردەمی ئەفشارييە، مەنسوور مەخدووم، و: ڕەفعەت مورادی، خانەی وەرگێڕانی سلێمانی، چاپخانی ڕوون، بەرگی يەکەم، چاپی يەکەم2007ل14
2-کاوەو نەورۆز لەنێوان ئەفسانەو ئاييندا، حەسەن مەحموود حەمە کەريم، پڕۆژەی(100)کتێبی کوردی، ژمارە(30)، سلێمانی1999ل53
تێبينيی: ئەو بابەتە پێشتر لەژمارە(64)ی گۆڤاری مێرگ-دا بڵاوکراوەتەوە