ژیاننامەی فاتیحی
ناوی تەواوی فاتیحی (عەبدولڕەحمانی کوڕی عەبدولکەریمی کوڕی عەبدوڵڵایە) دایکی ناوی (زینەت) بووە، لە ساڵی (1930) لە گوندی (یارئاڵی) ناوچەی گەورکی موکری سەربە شارستانی #مەهاباد# لە خێزانێکی جوتیاردایکبووە، سێیەم منداڵی خێزانەکەی بووە، سێ برا و خوشکێکی هەبووە بەناوەکانی (غەفوور، عەلی، مستەفا و مریەم). پێشتر ماڵەباوانی لە گوندی (نەجنەی سەروو) ی سەربەشاری بانە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ناچاردەبن ئەوێ بەجێبهێڵن و بێنە گوندی (یارئاڵی) و دوای چەند ساڵێک ئەوێ جێدەهێڵن و ڕوودەکەنە دەڤەری (لاجان) ی #پیرانشار#و لە گوندی (سۆغانلوو) دەگیرسێنەوە. لە تەمەنی پازدە ساڵیدا دەچێتە حوجرە و لە لای مامۆستا (عەبدوڵڵای سولەیمانی) دەستدەکات بەخوێندنی سیپارە، دوای خوێندنی قورئان و گوڵستانی سەعدی دەچێتە گوندەکانی (تورجان)و (بوغدەکەندی)و (قەرەگوێز)و (حەمامیان). هەر لە درێژەی خوێندنیدا زۆر جێگای دیکەش دەگەڕێت وەکوو #بۆکان# و #سەردەشت# و گوندەکانی (بێوران)و چەند شوێنێکی دیکەش.
فاتیحی لە ژیانیدا زۆر کوێرەوەری چەرمەسەری دیتوون زۆر بەهەژاری ژیاوە. سەبارەت بەمەش گوتویەتی: (جارێکی چوومەوە ماڵێ مامم جوتێک کاڵەی بۆ کڕیبووم، بەڵام دڵم نەدەهات لەپێیان بکەم. ڕۆژە ڕێیەک بەپێیان ڕۆیشتووم کاتێک گەیشتوومەتە نزیک ئاوایی، لەپێم کردوون، دەنا هەر بەپێخواسی دەڕۆیشتم. بۆ ئەوەی کاڵەکانم کۆن نەبن). فاتیحی دەنگیشی خۆشبووە، دەیوت: (جارێکیان مەلایەک ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرت، ئەو کاتیش باوبوو، دەبوایەسێ شەوو ڕۆژان ئاهەنگ و شایی بایە و شایەر بانگ دەکران. لەو ئاهەنگەدا عەلی خەندانی هونەرمەند بەشدار دەبێت. و بەیەکەوە گۆرانی دەڵێن. پاشان عەلی خەندان دەڵێت: (فەقێ ڕەحمان) بۆچی واز لە فەقێیاتی ناهێنیت و نایەلای من، وەڵڵاهی قازانج دەکەی) زۆربەی گوند و حوجرەکانی دەڤەری پیرانشار و سەردەشت و بۆکان گەڕاوە بۆ خوێندن. جاری واهەبووە بەساڵیش نەگەڕاوەتەوە ماڵێ. بۆیە کاتێک بەسەفەر دەگەڕێتەوە گوندی سۆغانلوو، دەبینێ ماوەیەکی زۆرە باوکی کۆچی دوایی کردووە، ئەوەش کاریگەریی زۆر لەسەر هەستی دادەنێ و دەبێتە خەمێکی گەورە.
لەو سەردەمەدا حوجرە ناوەندی جۆشدانی بیری نەتەوەیی و برەودان بە زمانی کوردی دەبێت. زۆربەی ئەو مەلاو فەقێیانە هەڵگری بیری نەتەوەیی دەبن و تێکەڵ بەو ڕەوتە کوردایەتیە دەبن، کە لەو سەردەمەدا حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێبەرایەتی دەکرد. ئەویش دەبێتە ئەندامی حزبی دێموکرات و درێژە بەکاری ڕێکخراوەیی خۆیدەدات.
دیوانە هەڵبەستی شاعیران کە تاکوتەرا لە کوردستانی باشوورەوە دەهاتن بەدزیەوە دەنووسرانەوە و دەست بەدەست دەگەڕان، لەبەر ئەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی پەرتووکی کوردی قاچاغ بوون. لە ساڵانی (1952-1953 بەهرەی هەڵبەستی فاتیحی دەگەشێتەوەو دەست بەهەڵبەستنووسین دەکات. تاکە شوێنیش بۆبڵاوکردنەوە، ڕادیۆی کوردیی #کرماشان# بوو، کە زۆربەی هەڵبەستەکانی بۆ ئەوێ ناردووەو لەلایەن شوکڕوڵڵای بابانەوە خوێنراونەتەوە. لە ساڵی (1961) لە گوندی (ئاڵواتان) ئیجازەی مەلایەتی لەسەر دەستی مامۆستا (مەلا نەجمەدینی کەوکەبی) وەردەگرێ. سێ شەوو ڕۆژان دەبێتە شایی و بەزم و ڕەزم. لە ساڵی (1963) لە گوندی (دۆڵەتوو) دەبێتە مەلاو هەر هەمان ساڵیش لەگەڵ (ئامینە مەولود قادر) ژیانی هاوسەرگیری پێکدێنێ و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیریەش پێنج منداڵی لێ دەکەوێتەوە بەناوەکانی (خالید، ئایشە، کاوە، تریفە و هێمن).
لە ساڵی (1965) کە لە گوندی (چەکۆ)مەلادەبێت. سەر ژمێری گشتی دەکرێت زۆر لەگەڵ کارمەندانی (نفووس) باری کەسێتی دەکات کە نازناو (شۆرەت)ی فاتیحی بۆ بنووسن بەڵام ئەوان گوێی نادەنێ و بەئارەزووی خۆیان شۆرەتی (ئاشووفتە)ی بۆ دەنووسن.
ساڵانی (1967-1968) کاتێک ڕژێمی پاشایەتیی دەستدەکات بەگرتنی ئازادیخوازان، بێگومان مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحیش بێبەش نابێت و لەلایەن (تیمسار ئووەیسی) فەرمانی گرتنی دەردەچێ و دەگیرێت و بۆ زیندانی (جڵدیان) دەگوازرێتەوە و دوای ماوەیەک زیندانی ئازاد دەکرێ. بەڵام ترسی ئەوەی دەبێت. کە وازی لێنەهێنن و دووبارە بیگرنەوە. بۆیە لە شەوێکی پایزیدا خرت و پرتەکەی کۆدەکاتەوە و لە گوندی (داوداوە) سنوورە دەستکردەکە دەبەزێنێ و دێتە گوندی (شێنێ)ی باشووری کوردستان. پاشان دەچێتە گوندی (زێوکە) ی دەڤەری پشدەر و دەبێتە مەلای ئاوایی. لەوێ لەگەڵ شاعیری میللی (حەمەپۆڵا)ی هاوڕێی یەکدەگرنەوە. کاک حەمەپۆڵا ئێستاش دەگێرێتەوە: (شەوانە، دوای نوێژی خەوتنان لە ماڵی مامۆستا دادەنیشتین و باسی سیاسەت و ئەدەبمان دەکرد. کابرایەک هەبوو ناوی (مام ڕەسوو) بوو، هەموو شەوێک دەهات و مەجلیسەکەی دەکردەئی خۆی، تەنیا باسی سە زەردی دەکرد، کەچ سەگێکە و حەریفی چەند گورگانە، شەوێک نەبوو دوان نەبوو، وتم وا بڕوا دەری ناهێنێ، شەوانە ئەگەر دەهات دوای سەعاتێک دەمگوت: مام ڕەسوو نەیکەینە شەو، دەیوت کەیفی خۆتە. بۆیە دەڕۆیشتین و کە ئەو دەچووەوەماڵێ، بامدەدایەوە و دەهاتمەوە لای مامۆستا و تا درەنگانی شەو دادەنیشتن، دوور لەباسی سە زەردی)
دیسان لە گوندی (زێوکە)شەوە بارگەوبنە دەپێچێتەوە و دەچێتە گوندی (دیلۆ) و لەوێش دەبێتە مەلای گوند و حوجرە و کۆمەڵێک فەقێشی دەبن. لەوێش ناچاردەبێت. بڕوا و دەچێتە شاری #قەڵادزێ# و کرێکاری دەکا.پاش ماوەیەک دەچێتە گوندی (شۆڕان) لەوێ کابرایەک مەلای ڕەمەزان دەبێت. کە مەلا عەبدلڕەحمان فاتیحی دێتە ئەوێ ناچار واز لە کارەکەی دێنێ و دەبێتە مجێور. بۆیە دەڵێت:
ئەمساڵ لە گوندی شۆڕان
مەلا و مزگەوت گۆڕان
کۆڵنەدەری تووتنەوان
بوو بە مەلای ڕەمەزان
وەک مەلای خڕێ بەرداشان
بوو بە مجێور لە پاشان.
جارێکی دیکەش (شۆڕان) بەجێدێڵێ و دیسان دەچێتەوە قەڵادزێ. ڕۆژی #24-04-1974# کاتێک فڕۆکە جەنگیەکانی ڕژێمی بەعس شاری قەڵادزێ بۆردوومان دەکەن، ئەویش وێڕای خەڵکەکە قەڵادزێ بەجێدێڵێ و دەچێتەگوندی (سونێ) تا ساڵی 1977کاتێک ڕژێمی بەعس گوندەکانی دەڤەری پشدەری ڕاگواست گوندی سونێش بۆ ئۆردوگای توەسووران ڕاگوێزرا.
لە ساڵی 1979 کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕژێمی پاشایەتیدا سەرکەوت، شاعیر دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی و لە شاری (پیرانشار) دەگیرسێتەوە. لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، جارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە باشووری کوردستانی و لە گوندی (کەنجاڕێ) بەمەلایەتی و توتنەوانی ژیان دەگوزەرێنێ، تا ساڵی 1991و لە کاتی کۆڕەوەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گوندی (گردئاشەوان) دەبێتەوە بە مەلا. تا لە ڕۆژی یەکشەممە #10-11-2002# کۆچی دوایی کردووە و دەچێتەوە بەرقاپی دلۆڤانی یەزدانی مەزن و لە گۆڕستانی گوندی گردئاشەوان بەخاک دەسپێردرێ.
خالید فاتیحی[1]