کوڕی حاجی حسێنی نەجاڕە، ساڵی لەدایکبوونی دیارنییەو لەنێوان ساڵانی 1904 بۆ 1915 لەهەولێر هاتۆتە دوناوە، سەرەتا لەگەڵ باوکی کاری دارتاشی کردووە پاشان بووە بەئاسنگەرو دواتر لەبەڕێوەبەرایەتی گومرک (علوە) دامەزراوە. کاتێک بەیانیان شتومەک دەگەیشتە گومرک ئەویش پڕ بەدەم هاواری دەکردو هەموو سەوزەکانی دەفرۆشت، ئیتر لەمەوە نازناوی بەقاڵی بەسەرادابڕاوە، جگەلەمەش لەوکاتەدا لەنێوەندە هونەرییەکەدا بەحەیدەرە کەچەڵ ناسرابووە، بەسروشتی خۆیشی پیاوێکی ڕووخۆشو دڵسافو میللی بووەو نوکتەبازو هەمیشە خۆ بەبچوکزانو ڕاستگۆبووە.
سەرسامبووە بەدەنگی جەلال بەگی دیاربەکرلیو هەموو جۆرەکانی قۆریاتو بەستەکانی ئەوی وتۆتەوەو لەو سەردەمەدا لەماڵەوە ئامێری گرامافۆنی هەبووەو قەوانە تورکییەکانی ئەستەمبوڵو ئەنقەرەی گوێ لێگرتووەو شارەزایی لەمەقامات وەرگرتووە، حەیدەری بەقاڵ خوێندەواریی نەبووە، نە لەسوختەخانەو نە لەقوتابخانە نەیخوێندوە، بۆیە بۆ گۆرانی وتن شیعری کەمی لەبەربووەو شیعرەکانی چەندینجار لەئاوازەکانیدا دوبارە دەکردەوە بەچەشنێک ئارەزومەندانی دەنگی گرنگیان بەشیعری گۆرانییەکانی نەئەدا، چونکە زۆر دووبارەبووە، بەڵام زۆر شەیدای دەنگە خۆشەکەی بوونو کاریگەری دەنگی گۆرانیبێژە هەولێرییەکانی زۆر لەسەربوو، بەتایبەتی حاجی والی چایچی ناسراو بەشەهاب، هاوڕێیەتییەکی باشی لەگەڵ هونەرمەندان (م. باکوری، تایەر تۆفیق)دا هەبووەو زۆربەی ئاهەنگەکانی دانیشتنی ماڵانو بۆنەو سەیرانەکانیان پێکەوە کردووە، هەندێک کاتیش هونەرمەندانی وەک مشکۆ، ڕەسوڵ گەردی، فوئاد ئەحمەد، بەشداربوون، لەگەڵ هونەرمەند تایەر تۆفیق سروودە نیشتمانییەکانیشیان زۆر بەجۆشوخرۆشەوە وتووەو زۆرجار گوێگرانی مەجلیسەکانیان لەگەڵ خۆیاندا کردۆتە کۆرس.
زۆر حەزی نەکردووە دەنگی تۆمار بکرێت، بەڵام ئێستا چەند کاسێتێکی لەتۆمارگاکاندا دەفرۆشرێت کە دیارە هەمووی لەماڵانو سەیرانگاکاندا بەبێ ئاگاداری خۆی تۆمارکراون. پاراوترین تۆمارکردن کە کرابێت لەلایەن (د.حکمت)ەوە بۆی کراوە، شەوێک لەگەڵ هونەرمەندان (تایەر تۆفیقو مامۆستا باکوری) بانگهێشتی ماڵی خۆیانی کردووەو بەنهێنی دوو کاسێتی بۆ تۆمارکردووە.
حەیدەر بەقاڵ بۆ بەخێرهاتنی هونەرمەندی دەنگخۆش ئایشەشان لەکوردستانی تورکیاوە بۆ هەولێر لەگەڵ هونەرمەندان (تایەرتۆفیقو ڕەسول گەردی) لەیانەی هەولێر هاوبەشی ئاهەنگێکی کردووەو بەکوردیو تورکی بەخێرهاتنی ئایشەشانی کردوەە. دوا ئاهەنگی گۆرانی کە هونەرمەندان حەیدەری بەقاڵو تایەر تۆفیق پێکەوە کردوویانە لەماڵی (عبدالغفار الصائع)بووە کە نائب ئەمینی عامی پەروەردەی هەولێربووە، لەو ئاهەنگەدا زۆربەی پیاوماقوڵانو پارێزگارو بازرگانو حاکمو بەڕێوەبەری فەرمانگەکان ئامادەیبوون، لەحافتاکانیشدا وەک ڕێزلێنانێک لەگەڵ زۆربەی هونەرمەندەکاندا بانگهێشتدەکرا نموونەی ئەو هونەرمەندانەش حەمە جەزای گۆرانی بێژ. حەیدەری بەقاڵ بەمشێوەیە ژیانی گوزەراندووەو ڕۆژی 04-12-1979 کۆچی دوایی کردووەو تەرمەکەی لەڕێوڕەسمێکی شایستەدا بەئامادەبوونی هونەرمەندانو خەڵکێکی زۆری شاری هەولێر لەگۆڕستانی شێخەڵڵا بەخاک دەسپێردرێت.