شێرزاد عومەر مەحمود/ s4632628@gmail.com
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان پێش ڕووخانی ئیمپراتۆریای ئاشوری کورد و جوو وەکو دوو نەتەوەی دێرینی ناوچەکە گەورەترین قوربانی زوڵم و زۆریەکانی ئەو ئیمپراتۆریەتە بوون بە ڕادەیەک کە کوردان زۆر هەوڵیان دا بۆ ڕاپەڕین و سەرهەڵدان، بەڵام بەهەر هۆ و هۆکارێک بووبێت دادەمرکایەوە، دواجار بە خەبات و کۆڵ نەدان توانرا تەخت و تاراجی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری تێک و پێک بشکێنن و و دروست بوونی ئیمپراتۆریەتی میدیا بێتە بەرهەم و لەم ناوەندەشدا جوولەکەکان توانیان لەگەڵ برا کوردەکانیان بحەسێنەوە لەژێر چەتری ئەم ئیمپراتۆریەتە، دواتر و لەسەردەمی دوای هاتنی ئیسلام بۆ ئەم دەڤەرە ئەم دۆستایەتییە و بەیەکەوە ژیانە و تەباییەی نێوان کورد و جوو کاڵ بیۆوە بەهۆی هێرشەکانی سوپای سەڵاحەدین ئەیوبی بە ڕەچەڵەک کورد بەداگیرکردنی ئۆرشەلیم لە بندەستی کریستیانەکانەوە بۆ بەردەستی عەرەبە موسڵمانەکان و بەکەش ڕێڕەوی مێژووی پەیوەندی نێوان دوو نەتەوەی دێرین لەو ناوچەیە ئاراستەیەکی تری وەرگرت ئەویش لەسەر هەمان ئایدیای عەرەبەکان، ئەمڕۆ بە سەدان ساڵ تێ دەپەڕێت بەسەر دەقگرتوویی ئەم ڕێڕەوە خوارەی مێژوو کە بەبێ خواست و ویستی ئێمە ڕێگای گرتبوو، بەڵام بە هەژانی کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسی و دیبلۆماسی وا ئەمڕۆ ڕێڕەوە مێژووییەکان ڕێگای ڕاستی خۆیان بۆ جارێکی تر دەگرنەوە بەر کە پێم وایە دووبارە بوونەوەی مێژوو لێرەوە دەست پێ دەکات.
چۆن تێکچوونی ئەم پەیوەندییە قوڵ بۆوە تا ئاستی فۆبیا..؟
ئێمەی کورد ئەگەرچی هیچ کێشەیەکی مێژووییمان لەگەڵ برا جوولەکەکان نییە و نەبووە، بەڵام بەدرێژایی چوونمان بۆ ژێر ئاڵای ئیسلام گۆش کراوین بە دژایەتی جوولەکە و ئیسرائیل، وەک چۆن ئیسلام وەکو ئاین هاتووە پەیامی عروبە و تەعریبی لەنێوماندا بڵاوکردۆتەوە و گۆشیان کردووین بە کلتور و زمان و مێژووی عەرەبی ئیسلامی هەر بەهەمان لۆژیکیش بیر و هزری دژایەتی کردنی جوو لە عەقڵیەتی ئێمەی کورددا تۆخ کراوەتەوە و هەمیشە بلاجکتۆر خراوەتە سەر مەترسیەکانی دۆستایەتی کردنی جوو، لە هەمان کاتیش بۆ لێدانی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانمان تۆمەتی پەیوەندی هەبوون لەگەڵ ئیسرائیل دراوەتە پاڵ شۆڕش و سەرکردەی کوردەوە بۆ ئەوەی لەم ڕێگایەوە شەقامی ساویلکەی عەرەبی و ئیسلامی پێ هان بدەن دژ بە کورد و خواستە نەتەوەییەکانی، ئەو تۆمەتە زەق کراوەتەوە بۆ ئەوەی بە تۆمەت سەیر بکرێت و وەها کارێک ڕوو نەدات لەنێوان جوو و کوردانەوە، یان ئەوەتا دەقە پیرۆزەکانیان بەکارهێناوە لە ڕێگای مەلا و مزگەوتەکانەوە، لە ڕێگای قوتابخانە ئاینییەکانەوە، لە ڕێگای کەسایەتییە ئاینییەکانەوە ئەم بنکانەش لەلایەن دوژمنەکانی کوردەوە جێگای بایەخ بوونە بۆ ئەوەی ناراستەوخۆ تابورێک لەشێوەی(5) لەنێو خودی کورداندا دروست بکەن، بۆ ئەوەی لە ەرەوەی پڕۆگرامی بەعسیش کورد بە سای ئاینەکەیەوە هەمیشە ترسی پەیوەندی هەبێت لەگەڵ جوولەکەکان و بە حەرامی ببینێت، ئەمە پڕۆژەکاری هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقی بووە، تەنانەت هەموو حکومەتانە بووە کە پارچەیەک لە خاکی کوردستانی بەزۆرەملێ پێیەوە لکێنراوە، ئەو حکومەتانەی کە پەیوەندیشیان بە ئیسرائیلەوە هەبووە نەیانخواستووە کورد لەو پەیوەندیانە نزیک ببێتەوە چونکە ئەو ڕاستییە مێژووییانە زانراوە کە بە هەموو پێوەرەکان تەنها کورد و جوو لەو ناوچەیە دەتوانن پەیوەندی ستراتیژیان هەبێت و بڕوایی بدەن بە یەکتری، من هۆکاری خۆ دوورخستنەوەی جوولەکەکان بە گشتی و حکومەتی ئیسرائیل نازانم، بەڵام لەو بڕوایەش دام کە شەقامی جوولەکە هەمیشە هاوسۆزی ئێمەی کورد بوونە.
چۆن ئەم دۆستایەتییەی نێوان کورد و جوو دروست دەبێتەوە..؟
رۆڵی میدیا و دەزگا و ڕێکخراوە مەدەنیەکان کاریگەری پۆزەتیڤی خۆی دەبێت بۆ ئەم پرسە، بەڵام دەکرێت بە ئەندازەی کارکردن و بەرنامەرێژی تێکدانی ئەم پەیوەندیە کار بۆ چاککردنەوەی ئەم پەیوەندیە بکرێت ئەویش بە جیا کردنەوەی ئاین لە دەوڵەت لەلایەک و لەلایەکەی تر هەڵەچنکردنەوەی مێژوو، بە تایبەت جیاکردنەوەی ئەو تێکەڵیەی کە لە ئایدیۆلۆژیای شۆڤێنی عەرەبی و مەزنخوازی و توندوتیژی ئیسلامی کراوە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمەی کورد بە ئایەتی( ) کار بکەین کە ئەم ئایەتە لە ئەنجامی قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان موسڵمانەکان و جوولەکەکانی یەسرب(مدینە) هاتووە و ئێمە ئەو کێشەیەی 1400 ساڵ لەمەوبەری نێوان عەرەب و جوو بە هی خۆمان بزانین ئەوا وەک عەرەبەکان ئەمڕۆ ناتوانین لەگەڵ دونیای تازەدا هەڵ بکەین و ناتوانین بۆ هەتایە باس لە پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان گەلانی کریستیان و جوولەکەکان بکەین، بەهەمان شێوەش بۆ ئایەتی( ) بەو لۆژیکە بێت دەبێت وەکو ئیسلامێکی کورد هەر جووێک ببینین بیکوژین، ئەمە جگە لە دەیان و سەدان تێکستی ئاینی و دروستکردنی ئەفسانە و ترس و دڵەڕاوکێ لە هزری تاکی موسڵمان لەهەمبەر جوولەکە و پەیوەندی هەبوون لەگەڵیان، بۆیە دەکرێت ئێمەی کورد لە شکاندنی تێکستەکانەوە هەنگاو بۆ کردنەوەی دەرگای پەیوەندیەکانەوە بهاوێژین، شکاندنی تێکستەکانیش تەنها لە پاکنووسکردنەوەی مەبەستەکانی ئەو تێکستانە دەبێت کە دوور و نزیک پەیوەندیان بە کلتور و مێژووی ئێمەوە نییە، ئێمە میللەتێکی ئاشتی خواز و مرۆیین و هیچ کات خۆمان لەبەرەی داگیرکار و خوێنڕێژ و تیرۆر نەبینیووە، هاوکات دیدگای ڕۆشنبیرانمان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم پەیوەندیە مێژووییانە گرنگن بە تایبەت ئەمڕۆ جوولەکەکان لە ناوەندی سیاسی دونیادا حیساب بۆ دەنگ و بۆچوونیان دەکرێت و لوبی جوولەکە لە ناوەندە بڕیاربەدەستە جیهانیەکان کاریگەری ئەرێنی خۆی هەیە، لە هەمان کات ئێمەش بەدەست بەکەم سەیرکردن ڕزگارمان دەبێت کە عەرەب و تورک و فارسەکان ساڵەهای ساڵە بەو جۆرە لێمان دەڕوانن و هەمیشە کاریش بۆ ئەم مەبەستە دەکەن بۆ ئەوەی کورد بەردەوام بە کەم لەخۆی بڕوانی بۆ ئەوەی دوژمنەکەی بە مەزن سەیربکات تاوەکو داوای ماف و خواستەکانی نەکات و پێی نەسەنرێ، بە پەبوەندی هەبوون لەگەڵ ئیسرائیل و گەلی جوو ڕەنگە بتوانین ئەم کۆت و بەندەی داگیرکەران لە بیروهزرمان تێک بشکێنین، داگیرکەران هەرگیز ناخوازن ئێمەی کورد خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆی خۆمان بین بۆ ئەوەی ئێمە بۆخۆمان بە بیر و هزری خۆمان بە دەست و بازووی خۆمان ئایندە و چارەنووس و ئابوری و ڕۆشنبیری و سەرخان و ژێرخانی خۆمان دانەڕێژین، بۆخۆمان پەیوەندی چێ نەکەین لەگەڵ گەلانی ناوچەکە، بۆخۆمان دۆستایەتی پەیدا نەکەین لەگەڵ نەتەوەکانی تر، بۆخۆمان ئاوڕ لە مێژووی ڕابردووی خۆمان نەدەینەوە، بەڵکو ئەوان بەڕێوەمان ببەن وەک ئەوەی بەخۆیان دەخوازن، لە ڕووی کلتوری و مێژوویی و ئابوری و....هتد و تەنانەت سیاسیشەوە، ئەوان دەیانەوێت هەر بەخۆیان دۆست و دوژمنمان بۆ پەیدا بکەن، هەر بەخۆیان ڕێگای ئایندە و چارەنووسمان بۆ دەستنیشان بکەن، لەم گۆشە نیگایەوە ئەرکی گران و مێژوویی دەکەوێتە سەر شانی ڕۆشنبیران و بیرمەند و ڕوناکبیرانەوە، ئەو ئەرکە مێژوویەش ئەمڕۆ داوای زیندووکردنەوە و دووبارە کردنەوەی مێژووی نێوان دوو نەتەوەی دێرینی میزۆپۆتامیامان لێ دەکات کە بە چەواشەکاری و ئایدیۆلۆژیای دۆگماوە سەدان ساڵە سڕکراوە و ئەمڕۆ لەسەر ئێمەی ڕۆشنبیران و چالاکوانانی سیاسی و ڕۆشنبیری ئەرکە تا کۆتایی بە ماوەی ئەم سڕبوونە بهێنن.
ئاسۆی زیندوو بوونەوەی پەیوەندی کورد و جوو"
من وای نابینم کە لەگەڵ خراپ بوونی پەیوەندی ئەنکەرە و تەلئەبیب جوولەکەکان هەستیان بەرامبەر بە ئێمەی کورد جوڵابێ، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دوواییە و گرژبوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا ئاسۆیەکی گەشی بەخشیە زیندووبوونەوەی پەیوەندی نێوان کورد و جوولەکە، ئەگەرچی ئیسرائیل هەتا ئەمڕۆش چەکی پێشکەوتوو دەفرۆشێتە تورکیا بۆ لێدانی کوردانی باکور و لەناوبردن و سەرکوتکردنی کورد لەو پارچەیە، بەڵام بۆ ئیسرائیل ڕوون و ئاشکرابوو کە تورکیا وەک چۆن هەمیشە دراوسێ و دۆستایەتی نەبووە و ڕاستگۆنەبووە لە بەڵێنەکانی و نابێتە دۆستی تا سەریش بۆ هەیچ لایەک هەر بەمجۆرەش سەلماندی کە لە بچووک ترین کاردانەوەی تەنگەژە نێوخۆ و دەرەکیەکانی پەیوەندی ئیسرائیلی کردە قوربانی سیاسەتەکانی، تورکیا ئەو پەیوەندیە دێرینەی لەپێناو پەیوەندیەکی گەورەتر و سوودمەندتر کردە قوربانی، بۆ ئەوەی لە تەواوی کێشە و فشارە ناوخۆییەکانی ڕزگاری ببێت و ڕای گشتی ئیسلامی بۆخۆی کێش بکات لەسەر حیسابی ئیسرائیل و لێدانی کورد و درێژەدان بە سیاسەتی نکۆڵی کردن و قڕکردنی کوردان لەو پارچەیە، ئەو هەڵوێستەی تورکیا بەرامبەر بە ئیسرائیل زەنگێکی مەترسیداربوو بۆ ئیسرائیل تاوەکو ئیسرائیل بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و جارێکیتر پاکنوسی دەفتەری پەیوەندییە ستراتیژی و تاکتیکیەکانی خۆی بکات لە ناوچەکە و لە جیهانیش، چەیک کردنەوەی پەیوەندیەکانی بەبێ ڕەچاوکردنی دۆستی مێژوویی خۆی کە کوردە بۆ ئیسرائیل جارێکی تر دەبێتەوە نوشستی و مەترسی گەورەتر، چونکە ئەگەر بەشێوەیەکی وردتر و ئەکادیمی تر لە جیۆپۆلەتیکی ئیسرائیل و کورد بڕوانین بەو جۆرە دەرئەنجامی هاوکێشەکە بەدەست دەهێنین" ئیسرائیل جگە لە دەرگای دەریاوە هەر سێ لایەکەی تری وەک ئەوە وایە بە مین چێنرابێت و هەموو دونیای عەرەبی و ئیسلامی بە چرکە بۆی لەسەنگەردان و هەمیشە بە نهێنی و بە ئاشکرا زەفەری پێ دەبەن و تاکە بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلیش بەرگری لەخۆکردنە، لەهەندێ حاڵەتیش لە کۆمەڵگایەکی مەزڵومەوە هەنگاو بۆ کۆمەڵگایەکی زاڵم دەهاوێژێت بۆ ئەوەی مەترسیەکان بگەڕێنەوە پێگەی خۆیان، لە دوژمنە بەردەوام و دێرینەکانی ئیسرائیل وەکو سیستەم و وەکو میللەت بریتین لە حزبوڵای لوبنانی و ئیرانی ئیسلامی و سوریا و ئینجا وڵاتانی عەرەبی، ئەمڕۆش وا خەریکە تورکیاش دێتە پاڵ لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسین بۆسەر ئیسرائیل و جوولەکەکان.
مەترسیبوونی تورکیا دەرگای دەریا بە ئیسرائیلدا دادەخات بۆیە پێش ئەم کارەساتە پێویستە ئیسرائیل بزانێت کە کوردیش هەمان جیۆپۆلەتیکی ئیسرائیلی هەیە و دۆست و دوژمنەکانمان هاوبەشن لەناوچەکە، هیچ مێژووێکی شیرین لەگەڵ عەرەب و تورک و فارسمان نابەستێتەوە تەنانەت لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووش ئەوان بۆ ئێمەی کورد جێگەی مەترسین و دوور نییە بە دەیان جینۆسایدی تری لەچەشنی هەڵەبجە و ئەنفال و گەلی زیلان و قارنێ و قامیشلۆ و ئامودەمان تووش بکەنەوە و جارێکیتر کورد سەرگەردان بکەنەوە و دەرگاکانی دونیامان لێ دابخەنەوە، بۆ ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە، ئەو تیرۆرەی بە نهێنی لەهەمەر ئیسرائیل ئەنجام دەدرێ ئەوا سوریا و تورکیا و ئێران و عەرەبەکان بە ئاشکرا و بەبەرچاوی هەموو میللەتانی دونیاوە دەرهەق بە کورد ئەنجامی دەدەن.
تێکدانی ڕێڕەوە ڕاستەقینەکانی مێژوو لەپێناو وەدەستهێنانی خاکی زۆرتر و خاکی گرنگتر و خاکی پیرۆزتر و خاکی بە پیتتر بووە لە مێژوودا، جووەکان دەمێکە ئەم درووشمە دەڵێنەوە و زۆر بڕواشیان پێی هەبووە(حدودنا لنیل الی فرات و الباقی للاکراد)، ئەگەر لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕواست بڕوانی کە عوسمانیەکان دروستیان کردبوو لە ساڵی 1812 سنوری کوردستان لەگەڵ سنوری ئیسرائیلە، لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی تازەشدا ئەم ڕاستیە بەرچاو دەکەوێت، کاتێک ئەم شێواندنەی مێژوو دەبینرێت دەقاو دەق مرۆڤ سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە(فرق تسد)ی دێتە بەرچاو، چونکە کاتێک زلهێزەکانی دونیا یاخود نەتەوە سەردەستەکان ویستویانە نێوماڵێک تێک بدەن ئەوا پەنایان بۆ ئەم شێوازە سیاسەتە بردووە و لەوێوەش توانیویانە بەچەواشەکاری ئەم درزە بخەنە نێو نەتەوەکان و میللەتان، درزی نێوان کورد و جووش بەم شێوەیەبووە، لەکاتێکدا هەموو نەتەوە سەردەستەکان بە ئێستای جوولەکەشەوە لە واقعیەتی ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵە گەورەیەی مێژوو دەزانن، بۆیە دەبینین تورکەکان لە سەرەتاوە بێ ئەندازە خۆیان لە جووەکان و دواتر ئیسرائیل نزیک کردۆتەوە و تەنانەت ئیمپراتۆریایەکی گەورەی ئیسلامیان کردە قوربانی دۆستایەتی خۆیان بە جووەکانەوە تەنها بۆ ئەوەی جوو لە ئایندەدا نەبنە هاوپەیمان و هاو ڕەچەڵەکی یەکتر زیندوو بکەنەوە و بەهۆیەوە تورک لەناوچەکەدا ببێتە کەمینەی ژێردەست، لەلایەکی ترەوە ئیران هاتووە ئەم دۆستایەتییە مێژووییەی وەلا ناوە بە بیری ئیسلامی و شیعەگەراییەوە ناکۆکیەکانی خۆی بە جووەکانەوە قوڵ و قوڵتر کردۆتەوە و لەوێوەش نانی خۆی لەسەر خوانی ساویلکەیی عەرەبەکانی فەلەستینەوە پەیدا کردووە و هاوکات ئیران لەناوچەکەدا بۆتە داینەمۆی تۆخکردنەوەی ناکۆکی عەرەب ئیسرائیل هەر بۆ ئەو مەبەستەی کە ئاماژەمان پێیدا، لەپێناو ئەوەی کە جووەکان بە دۆست و هاورەچەڵەکە ڕەسەنەکانی خۆیان لەناوچەکەدا نەبن بە هاوپەیمان، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بەرەیەکی بەهێز ئیران نەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، عەرەبەکانیش بەهەمان تیۆری ئیسلامگەرایی و فراوانخوازی و مەزنخوازی ساویلکەیی عەرەب هاتوونە لە ڕێگەی دەقە پیرۆزەکانەوە کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکەیان کردووە و لە ڕێگەی مێژوونووس و نووسەرە دەربارەکانی بارەگای خەلیفە و ئەمیر و ئیمپراتۆرەکانیانەوە سەر و ژێری مێژووی ئەو ناوچەیەیان چەواشە و دەستکاری کردووە، بە نەفەسێکی پان عەرەبیزم هاتونە کاریان لەسەر دابڕاندنی جووەکان لەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی کردووە و هەموو ئاراستە نوێگەراییەکانی مێژوو، ڕاستگۆیی و پاکی و زانست و زانین و هەرچی ئەدەب و هونەری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیشە ئاراستەی بیابانی عەرەبی و بارەگای خەلیفەکان کراوە بەجۆرێک تۆ وا هەست دەکەیت پێش ئەوەی ئیسلام بێتە ناوچەکە هیچ شارستانیەتێک لە جیهاندا نەبووە و دونیای پێش ئیسلام دونیای نەبوونی بووە، ئا لێرەوە سەرتاپای مێژوو شێوێنراوە و بەعەرەب کراوە تەنانەت خودی ڕەچەڵەکی پێغەمبەری ئیسلام و هەموو پێغەمبەرەکانی تر لەلایەن عەرەبەکانی بیابانی عەرەبی تەعریبکراوە.
نەتەوەی کورد و جوو لە چ خاڵێکی مێژوویی و ئایینی یەکدەگرنەوە..؟
لە پەرتووکی(سبائک الژهب فی معرفە قبائل العرب(1)) دا هاتووە کە کورد و جووەکان لە ڕەچەڵەکدا برای یەکترن و لە نەوەی سامی کوڕی نوحن کە بەمجۆرە باسی دەکات: کوردۆ و گورجۆ کوڕی ئیرانن، ئیران کوڕی ئاشورە، ئاشور کوڕی سامە، سام کوڕی نوحە(کورد و فارس و جوولەکە و ئەرمەن و گورجی و هاشمی و قوڕەیشی سامین)، کەنعان و مسر و قۆت و گۆش کوڕی حامن و حامیش کوڕی نوح پێغەمبەرە(ئەفریقی و عەرەب و ڕەش پێستەکان کوڕی حامن)، (تورک کوڕی کۆمەرە و کۆمەر کوڕی یافسە و یافسیش کوڕی نوحە).
پێغەمبەر ئیبراهیم باوکی بەنی ئیسرائیلە و لە ڕەچەڵەکدا کوردی شاری ڕوحایە(ئورفا)ی باکوری کوردستان، هەروەها ئیسرائیل ناسناوی پێغەمبەر یەعقوبە و یەعقوبیش کوڕی پێغەمبەر ئیسحاقە و ئیسحاقیش کوڕی ئیبراهیم پێغەمبەرە، ڕەچەڵەکی پێغەمبەر موحەمەد پێغەمبەری ئیسلام دەگەڕێتەوە بۆسەر قورەیش و قوڕەیشیش دەگەڕێنەوە بۆسەر ڕەچەڵەکی سامی کوڕی نوح و موحەمەد لە نەوەی پێغەمبەر ئیسماعیلە و ئیسماعیلیش کوڕی ئیبراهیم پێغەمبەرە، ئێستا کوردی باشوور ئیسحاقینە و کوردی ئامەد و ئورفا ئیبراهیمی و ئیسماعیلینە، بەم شێوەیە دەبینین باوکی پێغەمبەرەکان واتا هەر لە نوحەوە تا دەگاتە موحەمەد لە ڕەچەڵەک سامین و لە میزۆپۆتامیا هاتوونە بوون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ کە کورد و جوو لە ڕەچەڵەک بەیەک دەگەنەوە و ئەم برایەتی و دۆستایەتییە تا ڕۆژی ئەمڕۆ شێوێندراوە و شاردراوەتەوە.
سەرچاوە مێژووییەکانی دۆستایەتی کورد و جوو:
بە سەدان سەرچاوەی زۆر گرنگی مێژوویی لە ئەرشیفی کوردیدا بوونی ئەو برایەتی و دۆستایەتی و هاوکاریەی نێوان هەردوو گەلی برا دووپات دەکەنەوە، ئەمانەی خوارەوە مێژووێکی ئەوەندە کۆن نین کە پێمان دەڵێن ئەمە تایبەتمەندیەکانی کوردبووە بۆ دۆستایەتی گەلانی تر، لەکاتێکدا فارس یان تورک و عارەب دەڵێن: نەخێر جوو برای کوردان نین چونکە کورد ئیسلامن و جووەکانیش دژی ئیسلامن کەواتە برایەتی نێوان کورد و جوو هەڵخەڵەتاندنی یەکترە و چەواشەکردنی خەڵکە، ئەوان ئێمەی کورد بە هاو ئاین و دراوسێ دەزانن، بەڵام هەرگیز بە برامان نازانن چونکە هەرگیز برا مافی برای ناخوات، کەچی ئەوان بە ناوی ئاینەوە ئەمڕۆ مافی ئێمەیان زەوت کردووە، لە کاتێکدا ئاینی ئیسلام ئاینی سەندنی مافی مرۆڤەکان بووە، شۆڕشی مافخوراوان بووە، ئەگەر ئەم قسانە هەمووی هەقانیەتە بەرامبەر بە ئیسلام و ئەمانە ئایدیۆلۆژیا بنەڕەتیەکەی ئیسلامن ئەوا هەرگیز ئێمە لەلایەن جووەکانەوە زوڵممان لێ نەکراوە بەڵکو هەر تورک و عەرەب و فارس جینۆساید و ئەنفال و ڕەشەکوژیان کردووین تەنها لەبەر ئەوەی کورد بووینە و نەمانویستووە خاکی کەس داگیربکەین و چاومان لە کۆیلە کردنی هیچ نەتەوەیەک نەبووە، کەواتە هەرگیز تورک و عەرەب و فارس نابنە دۆست و برامان کە بەسای ئاین و خوێنڕشتنیانەوە بوون بەدەوڵەت و داگیرکار و خوێنڕێژ، نموونەی هەرە نزیک ئەمڕۆ تورکمانەکان لە عێراق لە تورکیا زیاتر خەنجەریان لەکایە لەهەمبەر کورد، لە تورکیا زیاتر دژ بە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی کورد دەوەستنەوە، ئینجا سەرەرای هەموو ئەم زوڵم و ناهەقیانە ئێمە دەچین داوای برایەتی و تەبایی و دراوسێتی و ئەو چەمکە سواوانەیان لێ دەکەین کە ئەوان هەرگیز بڕوایان پێی نییە و لە دەستیشیان بێت بە هەزاران ئەنفالی ترمان بەسەردا دەهێننەوە.
ئەمەی خوارەوە چەند نموونەیەکی نزیکی ئەم مێژووەن کە کورد بەرامبەر بە نەتەوە و ئاینەکانی تری کوردستان بە تایبەتی جووەکان چۆن بوو:
- لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا بەدرخان پاشا (1802-1867) بوو کە بە شایەتی سیۆنارە دیانەکان، دەیویست لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، واتا (1843-1847) دەوڵەتێکی کوردستانی دروستبکات کە موسڵمانو دیانو جوو و لایەنگرانی ئاینەکانی دی مافی وەک یەکیان هەبێ(2) .
- لیبەراڵێتیی ئاینی لەنێو کورددا، لەدەورانی حکوومەتی شێخ مەحموددا، لەراددەیەکدا بوو کە دیانو جوولەکە، نەک هەر بەسەربەستی، ئاینی خۆیان دەپەرست، بەڵکو لەحکوومەتی کوردستانیشدا پایەی بەرزیان هەبوو، بۆ وێنە کەریمی ئەلەکە کە لەخێزانێکی دیانی بەنێوبانگی کوردستان بوو، وەزیری داراییی حکوومەتی کوردستان بوو(3). زۆر جار کە جوولەکەکان لەنێو خۆیاندا شەڕیان ببوایە، شێخ مەحموود خۆی دەچوو ئاشتی دەکردنەوە،(4) شێخ عەبدولسەلامی بارزانی کە لە 1908ەوە بۆ وەدەستهێنانی مافی کورد لەنێوچەی بادیناندا دەستیکرد بە شۆرش دژی ڕژێمی "ژۆن ترکەکان"و لەساڵی 1914دا لەموسڵ لەسێدارەدرا، بەشایەتیی قەشەیەکی دیان کە نێوی Wigramە(5).
- خواجا حینۆ (کە یەکێک بوو لەو جوولەکە کوردانەی لەساڵی 1948ەوە لە ئیسرائیل دەژیا) لە هاوڕێ نێزیکەکانی بارزانی بوون. (6)
- هەروەها کاتێک ژەنەراڵ عەبدولکەریم قاسم، ڕژێمی شایەتیی لەعێراقدا ڕووخاند (لە 14-07-1958دا)، بارزانی گەڕایەوە بۆ عێراقو ویستی ببێتە هاوپەیمانی قاسم. بەڵام کە قاسم ناپاک دەرچوو لەگەڵی لەسەرەتای شەستەکاندا، پێوەندیی لەگەڵ ناسریستەکانو یەکێتیی سۆڤێتدا پەیدا کرد. لە 11ی مارتی 1970دا لەگەڵ بەعسییەکاندا پەیماننامەیەکی ئیمزا کرد. بەڵام کە بەعسییەکان هەوڵی کوشتنی بارزانییان داو پەیمانەکەیان نەهانیە جێ(7)، ئەوجا لەگەڵ شای ئێرانو شا سعوودو ئەمریکاو ئیسرائیل پێوەندیی بەست. چەند ڕۆژێک بەر لەوەی کۆچی دواییی بکات لەئەمریکا لە 31-03-1979دا، تەلگورافێکی پیرۆزبایی لێدا بۆ خومەینی؛و بەتەمابوو بگەڕێتەوە بۆ ئێران، بەڵام ئەوەبوو مردن ڕێی نەدا. بەڵام بارزانی خۆی، بێگومان، نە سەر بە "دێمۆکراسیی بەریتانیایی" بوو، نە "رێی ژیانی ئەمریکایانەی بەدڵدا چووبوو"، نە "کۆمۆنیستو مارکسیست" بوو، نە "سەهیۆنیست" بوو، نە موسڵمانێکی بنچینە گریش بوو، هەروەها نۆکەرو بەکرێگیراوی هیچ دەوڵەتێکێش نەبوو، بەڵام دۆستایەتی بە جووەکانەوە زیاتر بوو چونکە ئەوانیش بەدەست زوڵم و زۆری عەرەبەکانەوە دەیاناڵاند(8) .
بۆچی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی دۆستایەتی و هاوپەیمانی کورد و جوون..؟
وڵاتانی عەرەبی لە هاتنە وجوودی ئەجندایەکی تازە دەترسن لە ناوچەکەدا کە ببێتە مایەی ترس بۆسەر ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیستەمی وڵاتەکانیان، چونکە ماوەی چەندین سەدەیە وڵاتانی عەرەبی کۆمەڵگای عەرەبی بە ناوی داکۆکیکردن و بەرگریکردن لە ئاین هەڵدەخەڵەتێنن و دەرئەنجامیش بەخۆیان بوونەتە هۆ و هۆکاری سووکایەتی کردن بە ئاین و لاوازکردنی، دروستکردنی کۆمەڵگایەکی کەبت کراوی کپ و تۆقێندراو کە لە تیرۆر زیاتر هیچ لەم جۆرە کۆمەڵگایانە بەرهەم نەهاتووە و ئەمڕۆ جیهانی عەرەبی ئەم دیمەنە ترسناکەی حوکمڕانی ئەو سیستەمە ئیفلیجەی ڕابردووە کە نیشتمانی عەرەبەکانی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆ بیر و دیدگا جیاوازەکان و ئاین و ئاینزاکان و ئازادییەکان و مافەکانی مرۆڤ، ترسی عەرەبەکان لە هاتنە ئارای هێزێکی تری لۆجیستی و پڕ لە توانای ماددی و مەعنەوی زەنگی پەلەقاژەکانی حکومەت و ڕۆشنبیرانی عەرەب بەرز دەکەنەوە و هەمیشە و بە بەردەوامی تەلیسکۆب دەخەنە سەر هامووشۆی کورد و جوو لە ناوچەکە، ئەمەش لای نەیارانی کورد و جوو بوەتە فۆبیایەک کە ساڵانێکە مۆتەکەی خەوی نەزۆکیانە.
دکتۆر عەلی دەشتی پێی وایە دوژمنایەتی عەرەب و جوولەکەکان سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە پێش ئیسلام، چونکە عەرەبەکان بەدروشمی(ئەوەی لاوازبێت لە بیابان بیکوژە و ئەوەی تاڵان نەکات لە بیابان تاڵان دەکرێت و ئەوەی نەکوژێت دەکوژرێت*) توانیان درێژە بە ژیانیان بدەن و ژیارێکی دوور لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆخۆیان پێک بهێنن لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، (پرۆفیسۆر سلید جیمس) لە پەرتووکی(The Areb*)دا دەڵێت: ژیانی بەداوە(کە ڕەچەڵەکی نەتەوایەتی عەرەبەکانە) تەنانەت مێ بوونیشیان لەلا شەرم بوو بۆیە ئەوەندە دڕندانە ڕەفتاریان کردووە کە کچەکانی خۆشیان زیندە بەچاڵ کردووە، سیمۆند فرۆید پێی وایە(شعور بژنب) هەست کردن بە تاوانبارێتی لەلای مرۆڤەکان زۆر کردەی نامرۆڤانەی لێ دەکەوێتەوە کە ئەو مرۆڤە هەتا هەتایە غەریزەی مەرگ بەسەریدا زاڵە بۆیە ئەوکەسە سڵ لەهیچ ناکاتەوە*، بەو پێوەرەش عەرەبەکان لە کۆمەڵەیەکی پچڕ پچڕی نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە لەژێر ئاڵای ئیسلام یەکیان گرت لە پێناو زۆرتر بەدەستهێنان و خاکی بە پیتتر و خاکی باشتری دوور لە ساراکانی بیابان و دوور لە مشک و مار و دووپشکی بیابان بەهەشتێک بهێننە وجود، لێرەوە دەبینین ئیسلام وەک شۆڕشێکی عەسکەرتاری ئەو قەبیلە دڕندە و نەزانانەی عەرەبی یەکخست بۆ ئەو ئامانجانەی کە ئاماژەمان پێی دا، کۆبوونەوە ئایینیەکان کە خۆیان لە قاڵبی عیبادەت و نوێژی بەکۆمەڵ داڕشت و دواتر کۆبوونەوەی ئاینی هەینی و گووتاری سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی فاکتەری سڕکردنی ئەو دڕندانەبوو کە بەدرێژایی ژیانیان لە بیابانی نەبوونەوە هەستیان بە تاوان دەکرد هەر لە زیندەبەچاڵکردنی پارچەی گیانیانەوە تا دەگاتە کوشت و بڕی و ڕووت کردنی کاروانەکانەوە، هەر ئەوەشە دەبینین یەکەم شەڕ لە ئیسلام بە تاڵانکردنی کاروانی بازرگانەکانی قوڕەیشەوە دەست پێ دەکات و بە ناکۆکیەکانیان لەسەر دەسەڵات و ئەمیرایەتی کۆتایی پێ دێت.
(ئاد.جی فارمە) لە پەرتووکی(عەرەب و ئیسلام*)دا دەڵێت: ئەگەر شۆڕشی ئیسلام هەڵنەگیرسابایە ئەوا بەدەویەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی وەکو دەیناسۆرەکان لەناو ئەچوون، بەڵام ئەو شۆڕشە بووە فاکتەری زیندووبوونەوەی ئەم کۆمەڵەیە.
ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی لەم چەند ڕستەیەی سەرەوە بڕوانین هۆکارەکانی دوژمنداری عەرەب و جوومان بۆ دەردەکەوێت، جووەکان هەمیشە پێغەمبەر لەدوای پێغەمبەریان بۆ دابەزیوە، هەر لە ئیبراهیمەوە تا دەگاتە موسا ڕێنمایی بەو گەلە داوە و گەلێکی خاوەن شارستانیەت و مەدەنی بوونە، بۆیە بەتاوانیان زانیووە هەڵبکوتنە سەر خێڵێکی تر یان ئاین و ئاینزایەکی تر یان نەتەوە و نەتەوەیەکی تر یاخود خاکێکی تر داگیربکەن، بەڵکو ئەوانیش بڕوایان بە یەکخوایی و ڕێنمایی پێغەمبەرەکەیان و پەرتووکە ئاسمانیەکەیان بووە، لە پەرتووکە ئاسمانیەکەشیان پێیان گووتراوە کە چی حەرامە و چی حەڵاڵە و چۆن بژین و بەچی بژین..؟! بۆیە جووەکان پابەندی ئاینەکەیان بوونە و هەمیشە بە کار و کشتوکاڵ و پیشەی دەستی لەو دەڤەرە ناوبانگیان هەبووە تەنانەت جووەکان لەکوردستان و عێراقی عەرەبی و ئێرانیش هەر بەو تایبەتمەندیانەیان ناسرابوون، ئەم تایبەتمەندیانەیان هۆکارێک بوو کە پێش هەر ئاین و نەتەوەی تر بکەونە بەر شاڵاوی غەزا و جیهاد و ئەنفال و تاڵانی عەرەبەکانەوە،
جا نەتەوەیەک ئەوە بنەمای شارستانیەتەکەی بێت دەبێت لە دونیای تازەدا چۆن بژین و چۆن ڕەفتار بکەن، کورد لە درێژایی سەدان ساڵ خەبات و تێکۆشانی خۆیدا ڕۆژێ لە ڕۆژان کوردێک خۆی لەنێو خەڵکی سڤیل نەتەقاندەوە و ڕۆژێک مرۆڤێکی سەرنەبڕی و دیلێکی نەکوشت و کەسی زیندە بەچاڵ نەکرد، جووەکانیش بەهەمان شێوە لە تۆڵەی هۆڵۆکۆست هیچ ڕەشە کوژیەک و تیرۆر و تاوانێکیان ئەنجام نەدا، ئەمڕۆش ئیسرائیلیەکان بە سەدان دەرفەت و هەلی ئاشتی و لەیەکترتێگەیشتن دەخەنە بەردەم عەرەبەکان و عەرەبەکانیش بەهۆی وا بەستەبوونیان بە ئیران و عەقڵیەتی بەسەرچووی عروبەوە پرسی بنەڕەتی خۆشیان لەبیرچۆتەوە، کێشەی عەرەبەکان لەوەدایە دان بە تێکشکانی نەتەوەکەیان نانێن، کەچی ئومەی عەرەبی لەوپەڕی زەلیلیەوە لەبەر دەستی ئیرانی و ئەمەریکیەکان یاری پێ دەکرێت، عەرەبەکان وای هەژمار دەکەن ئەوەی هاتبێتە ژێر ئاڵای ئیسلام واتا تەعریب بووە(لە واقعیشدا هەر وایە) بۆیە دوژمنی خۆیان بە دووژمنی هەموو ئیسلام و عەرەب دەزانن، یاخود ئەگەر بوون بە دوژمنی هەر کەس و لایەن و گروپ و نەتەوە و کاریکاتیریستێک ئەوا پێویستە هەموو ئومەی ئیسلام ببێتە دوژمنی ئەو لایەنە، حەز نەکردنی عەرەبەکان بە هەبوونی دۆستایەتی لەنێوان کورد و جوو یاخود ئیسرائیل و کوردستان لەم گۆشە نیگایەوە سەیر دەکەم، ئێستا دەوڵەتی سوریا بە سەدان کوردی سڤیل و بێ تاوانی لە کونجی زیندانە تاریکەکانی بەند کردووە بە تۆمەتی سیخوڕی ئیسرائیل و ئیرانیش بە هەمان شێوە، لە حاڵەتێکدا وڵاتی ئوردەن و میسر و کوەیتی دۆستی سوریا دۆستی لەمێژینەی ئیسرائیلن.
تا چەند دۆستایەتی کردنی جوولەکە و ئیسرائیل خزمەت بە دۆزی نەتەوەیی کورد دەکات..؟
سیاسەتمەدارەکانی ئێمە بەهۆی وابەستەبوونیان بە وڵاتانی ئیسلامیەوە یاخود وڵاتانی دژە ئیسرائیلی وەک(ئیران و سوریا و عێراق)ەوە هەمیشە لە ڕووی بەرژەوەندی حزبیەوە کاریان کردووە، گەورەترین حزب لە هەرچوار پارچەی کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بووە لە ڕووی هێزی ئایدیۆلۆژی و توانای جەماوەری و سەربازیەوە، بەڵام بەهۆی پەیوەست بوونی ئەو حزبە بە وڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی لە شەو و ڕۆژێکدا سەرۆکی ئەم حزبە لەم وڵاتە وەدەرنرا و دەرئەنجام زیندانی ئیمرلی بووە دوا وێستگەی، پەکەکەش وەکو هەموو حزبە کوردیەکان لەسەر حیسابی پارچەی ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندی بە حکومەتی سوریاوە هەبوو، وەک چۆن حزبی دیموکراتیش لەگەڵ حکومەتی بەعس و پارتی و یەکێتیش لەگەڵ ئێران و تورکیا و سوریا، واتا هەمیشە پەیوەندیەکان لەسەر بنەمای تاکە کەسی و حزبی بووە لەسەر حیسابی نەتەوەی کورد، بۆیە دەبینین تەواوی ئەو پەیوەندیە نهێنی و ئاشکرایانە فاکتەرێکی سەرەکی لاوازی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کوردی بووە لە هەر چوار پارچەکە، هاوکات هەر ڕژێمە و بەجۆرێک ئەحزابەکانی تری پارچەکەی تری بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە.
لە ماوەی ڕابردوو ئەزموونێکی دوور و درێژی سیاسەتوانانی کورد بوە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبیەوە ئەوەی سەلماند کە پشت بەستن بە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی پشت بەستنە بە جیهانێکی پڕ لە ئاشوب و ئاژاوە و دواکەوتوویی و ناتەبایی و پەراوێزخراو، پشت بەستن بەو وڵاتانە لەسەر خوێنی کورد بووە، نەک تەنها پشت بەستن بەڵکو دۆستایەتیشمان لەگەڵ تەواوی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان بەگشتی و وڵاتە دراوسێکانمان بە تایبەتی مایەی نەهامەتی و بەرەو پاشەوەچوونی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان بووە، دۆستایەتی دوژمنەکەت کە ئەو دەوڵەتێکی دانپیانراو بێت و پارچەیەک لە خاک و نەتەوەکەی تۆی لەژێردەستدا بێت واتا جاشێتی، واتا نۆکەرایەتی داگیرکەر، وەک(ستاند ڕیگن) لە پەرتووکی(دیبلۆماسیەت*)دا دەڵًێت: پەیوەندیە تاکتیکیەکانی نەتەوەیەکی ژێردەست بە نەتەوەیەکی سەردەستەوە بە واتای تاکتیک نایەنت بەڵکو بۆ نەتەوە سەردەستەکە ئەمە ستراتیژیەتە و بۆ نەتەوە ژێردەستەکە تاکتیکە و بە مانا لۆژیکیەکەی دەچێتە خانەی نۆکەرایەتییەوە..!
لە دوای 11ی سێپتێبەریش جیهانی ئیسلامی و عەرەبی ئەوەیان سەلماند کە دەخوازن گۆشەگیر لەنێو بۆتەی عروبەدا سەنگەری تیرۆر بگرن و لە تەنهاییدا پێشوازی لە هەزارەی سێیەم بکەن، ڕووداوە خوێناویەکانی دارفۆر و باشووری سودان و ڕەتکردنەوەی قیبتی و کریستانەکانی لە میسر و فەتوای موفتی سوریا بۆ کوشتنی کوردان و فەتوای ئەزهەر بۆ شۆڕشڤانانی باکور و جەنگی یەمەن و سعودیا بەرامبەر حوسیە یەمەنیەکان و شەڕی تائیفی نێو عێراق پێمان دەڵێن کە شارستانیەتی عەرەبی وەک چۆن هاتووە و گەشەی کردووە هەر بەم شێوەیەش دەگەڕێتەوە شوێنی بنەڕەتی خۆی، قەبوڵ نەکردنی هیچ نەتەوە و ئاین و ئاینزایەک و قەبوڵ نەکردنی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و قەبوڵ نەکردنی نوێگەرایی و داخستنی دەرگاکانی دونیا بە ڕووی کۆمەڵگای عەرەبی ئەمڕۆ بەرچاوترین دیاردەی نێو کۆمەڵگای مرۆڤایەتییە، بۆیە عەرەبەکان دەخوازن میللەتانی دونیاش وەک خۆیان بن و ناخوازن هیچ دۆستایەتیەکی تۆکمە لەدەرەوەی قەڵەمڕەوی ئەوانەوە بخولقێت، پشت بەستنی هەر نەتەوە و لایەنێک بەو کۆمەڵەیەش ئەو ئەنجامانە بۆ هەموو لایەکان یەکسان دەکاتەوە.
پەیوەندی هەبوون بە جوولەکە و ئیسرائیل بۆ ئێمەی کورد چاکترە لە پەیوەندیمان بە دوژمنەکانمان ئەوانەی بە ناوی دۆستایەتی و هاو ئاینی و مێژوو و ئایینی هاوبەشەوە پارچەیەک خاکیان لێ داگیر کردووین، ئەو دوژمنانەی لە حاڵی لاوازیدا برامانن و لە بەهێزیشدا جەلادمانن، لەم گۆشە نیگایەوە من پشت بەستنی هەرێم بە تایبەتی و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەگشتی بە ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا بە باشتر دەزانم لە تورکیا و سوریا و ئێران و ئێراق، دۆستایەتی وڵاتێک یاخود میللەتێک کە هیچ ناکۆکی و ناحەزیەکی لەنێوان نەبێت چاکترە لە دۆستایەتی دوژمنێک کە ساڵەهای ساڵە لەسەر ئێسک و پروسکی نەتەوەکەمان وڵاتی خۆی بونیاد دەنێت، بارودۆخی ئەمڕۆی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد هەموو ڕۆژگارە ناسکەکانی تێپەڕاندووە کە ترسی لە پەیوەندی و دۆستایەتی وڵاتانی ترەوە هەبێت، لە ناوچەکەش تەنها کورد و جوو هاوکێشە و دوژمنی هاوبەشیان هەیە بۆیە بۆ ئەم قۆناغە بە بۆچوونی خۆم و زۆربەی سیاسەتمەدارانیش دۆستایەتی کردنی جوو و پەیوەندی هەبوون بە ئیسرائیل هیچ زیانێکی نابێت بەڵکو زیاتر دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان بەرەو پێش دەچێت و دەرگایەکی ڕوناکتری پەیوەندیەکان بە ڕووی نەتەوەکەمان دەکرێتەوە.
سەرچاوەکان:
(1) سبائک الذهب في معرفة قبائل العرب/ أبي الفوز محەمەد أمين البغدادي الشهير بالسويدي/ الناشر دار الکتب العلمية بيروت لبنان / الطبعة الأولی 1423- 2002
(2) (Kinnane, Derk: The Kurds and Kurdistan, London 1964, p. 23 )
(3) (رؤذنامةي "بانطي کوردستان"ذمارةي ڕؤذي 15-10-1922 ل5.)
(4) هةمان سةرضاوة
(5)Wigram, W(illiam) A (inger): The cradle of mankind. Life in Eastern Kurdistan, 1st Edition1914, 2nd Ed 1922, London, p. 138
(6) (رؤذنامةي (Neue Zürcher Zeitung) ذمارة 296ي ڕؤذي 02-10-1971و ڕؤذنامةي (Die Welt) ڕؤذي 04-10-1971).
(7) هةمان سةرضاوة
(8) هةمان سةرضاوة
ذيَدةر:
- ناسيؤناليزمی کوردو سةرکردايةتيی کلاسيک/ د.جةمال نةبةز/ طؤظاری نيشتمان ذمارة(1) ضاثی دووةم 2010 - هةوليَر- کوردستان
* بيست و سيَ سالَ ثيَغةمبةرايةتی/ دکتؤر عةلی دةشتی
* (Professor : Slade James( The Arabs) -2009)
* افکار لآزمنة الحرب و الموت/ السيغموند فرويد
* AD.G.Ferme...... Arabs and Islam
* الدبلوماسية/ ستاند ڕيجن/ ترجمة: عبدالباقر محەمەد الدهلقي/ قاهرة/ 2008