هۆزی خۆشناو بە یەکێک لە ناودارو گەورەترین هۆزەکانی باشووری #کوردستان# دادەنرێت، زاراوەی خۆشناو لەدوو وشەی لێکدراو پێکدێت (خۆش) لەگەڵ (ناو) بنەچەی ئەم وشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (ناوچەیەکی خۆش) بووە، دەڤەرێکی شاخاوی پڕ لەدیمەنی سرووشتی و ژینگەی ئارام و ئاوهەوایەکی سازگاری هەیە، کەپڕە لە ڕەزوباخ و دارو دەوەن و چەم و پاوانی خۆڕسک،
ڕووبەری جوگرافیایی ناوچەی خۆشناوەتی گەورەترین پانتایی جوگرافیایی هەیە کە دەکەوێتە پارێزگای هەولێر و سلێمانی، سنوورەکانی ئەم ناوچەیە لە باشوورەوە لە گوندی سێوکەی نزیک شارەدێی بەستۆرەیە لە باکوورەوە لە گوندی مەلەکانە کۆتایی دێت، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە لە گوندی قاقای سەر ڕێگای هێزۆپە لەڕۆژاواکەی لە گوندی زیارەت کۆتایی دێت، ناوچەکە پێکهاتووە لەزنجیرەیەک دۆڵ کە گوندەکانی لێ پێکدێت،
نزیکەی 200 گوندە، لەگەڵ (ناوەندی شارۆچکەی شەقڵاوە) و شارەدێکانی (پیرمام، #هیران#، بالیسان، سکتان، سەروچاوە، بێتواتە، باسرمە، زیارەت، کۆڕێ، بەشێک لەگوندەکانی شارەدێی #هەریر# لەگەڵ گوندەکانی سنووری شارەدێی شۆڕش (دێگەڵە) .
خۆشناوەتی ناوچەیەکی شاخاوییە کۆمەڵە زنجیرە چیایەک لەخۆئەگرێت بە پانتایی ناوچەکەیان گرتووە وەک چیاکانی (سەفین، سۆرک، هەورێ، بنەباوی، کڵاوقاسم، زینەتیر، کێشکە، شیشار، ماکۆک، چیای مەلەکان، شەکرۆک، سەری ڕەش (پیرمام) .
خۆشناوەتی ناوچەیەکە لەگەڵ بەشی هەرە زۆری هۆزەکانی تر هاوسنوورە، وەک (بلباس، گەردی، زراری، سوورچی، هەروتی، ئاکۆیی)
لە چەند سەرچاوەیەک باس کراوە ئەلێ خۆشناوەکان لە قسەکردن تێکەڵاویان هەبووە لەنێوان (بابانیەکان، ئامێدیەکان) هەمان جلوبەرگی ئامێدیەکان دەپۆشن، وە تاکە هۆزە زمانی قسەکردنیان بۆ پیاو و ئافرەت جیا کردۆتەوە و لەئاخاوتندا بە زمانی کوردی زۆر دەوڵەمەندن،
خۆشناوەتی لەلایەن چەندین گەریدەو ڕۆژهەڵاتناس باس کراوە لەوانە (یاقوتی حەمەوی) لە پەڕتووکی (موعجەم بولدان) کە باسی ناوچەی شەقڵاوە دەکات بە (شەقڵ ئاباز) ناوی دەهێنێت، هەروەها (کڵۆدس جیمس ڕیچ) ی بەریتانی و (ئیبن ئەسیر) لە پەڕتووکی (کامل فی تاریخ) و هەروەها (مارک سایکس) ی سیاسەتمەداری بەریتانی. هەریەکەیان باسێکی مێژوویان هەیە دەربارەی مێژووی خۆشناوەتی، لە چەندان پەڕتووک باسی خۆشناوەتی کراوە، (سیاحەتنامە) (عشائر عراق) (گەشتەکەی مستر ڕیچ بۆ کوردستان) زۆرترین زانیاری لەو پەڕتووکانە باس کراوە دەربارەی خۆشناوەتی، حەیدەر عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات کە دەوترێت لەکاتی هەڵمەتەکانی فتوحاتی سوپای موسڵمانان بۆ سەر کوردستان لەکاتی گەیشتنی سوپاکە بۆ ناوچەی خۆشناوەتی سوپای موسڵمانان تووشی ڕووبەڕوبوونەوەی سەربازی لەگەڵ خەڵکی خۆشناوەتی بوونە، بەڵام هۆکارەکەی بۆ بوونی قەڵەمڕەوی دەوڵەتی فارسە ساسانیەکان بووە، ئەگینا دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەهۆی ستەمی ساسانیەکان ئاواتەخوازی هاتنی سوپای موسڵمانان بوونە، بۆیە دوای ماوەیەکی کەم ئەوانیش چوونەتە سەر ئایینی ئیسلام کە پێشتر لەپەیڕەوانی ئایینی زەردەشتی بوونە، بۆیە ئێستاش چەندین گۆڕی سەربازانی سوپای موسڵمانان لە ناوچەی خۆشناوەتی بوونیان هەیە کە (عەیازی کوڕی غەنەم) سەرکردەی سوپای موسڵمانان بووە لەو جەنگەدا
خۆشناوەکان خاوەن مێژوویەکی دیار، شێوەزار، کلتورو دابو نەریتی ڕەسەنی کوردەوارین، جلوبەرگ، کار و پیشەگەری، خواردن، کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، ڕاو سوارچاکی؛ هەر لەدێرزەمانەوە پەروەردەی سوارچاکی و ئەسپ سواری لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە ئاشنایەتی چاکیان هەبووە.
هەروەها خۆشناوەتی لانکەی سەرجەم شۆڕشەکانی قۆناغی خەبات و خۆشناوەکان قوربانیدەری یەکەم بوونە، بەتایبەت #شۆڕشی ئەیلول#، شۆڕشی نوێ ، ناوچەیەکی ئەنفالکراو و کیمیابارن بگرە خاوەنی سەدان نەهامەتی ترن لەپێناو کوردایەتی.[1]