سوپای عێراق بریتییە لە هێزی نیزامی کۆماری عێراق، لقەکانی لە (هێزی وشکانی، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی) پێکدێت. سوپای عێراق لە ساڵی 1921 دوای پێکهێنانی یەکەم یەکەی هێزە چەکدارەکان لە ماوەی ئینتیدابی بەریتانی لەسەر عێراق، دامەزراوە. ئەو کاتە فەوجی (موسا کازم) پێکهێنرا کە بارەگاکەی لە بەغدابوو، دواتریش هێزی ئاسمانی عێراق لە ساڵی 1931 لەچوارچێوەی هەمان فەوج پێکهێنرا، پاشان لە ساڵی 1937 هێزی دەریایی عێراقی دروستکرا و ژمارەی سەربازانی سوپای عێراق تا کۆتایی جەنگی (عێراق – ئێران) بۆ ملیۆنێک سەرباز بەرز بۆوە. پاش هاتنی ئەمریکییەکان بۆ عێراق لە ساڵی 2003، (پۆل برێمەر)ی حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق بڕیارێکی دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی پێشوو و دووبارە پێکهێنانەوەی سوپای عێراق و پڕچەککردنی.
پێکهێنانی سوپای عێراق:
پاش شۆڕشی بیستی سەدەی ڕابردوو، یەکەم حکومەتی عێراقی دەستپێشخەرییەکی کرد بۆ پێکهێنانی بناغەی سوپای عێراق، بۆیە لە 06-01-1921 دا فەوجێک دروستکرا کە ناوی (موسا کازم)ی لێنرا، ئەو فەوجە لەو ئەفسەرانە پێکهاتبوو کە پێشتر لە سوپای عوسمانیدا کاریان کردبوو، بارەگاکەیشی لە ناوچەی (کازمیە)ی ناو شاری (بەغدا)ی پایتەختی عێراق بوو. پاش ئەوەی بە سەرۆکایەتی فەریق (جەعفەر عەسکەری) وەزارەتی بەرگری عێراق دروستکرا، سوپای عێراق لەسەر بنەمای بەسەربازکردنی خۆبەخشانە، فرقەی یەکەمی پیادەی لە (دیوانیە) و فرقەی دووەمی پیادەی لە (#کەرکووک#) دروستکرد، لە ساڵی 1931 عێراق سەربەخۆیی لە بەریتانییەکان وەرگرت، ئەو کاتە هێزی ئاسمانی عێراقی پێکهێنرا، پاش چەند ساڵێکیش هێزی دەریایی عێراقی دروستکرا کە لە ژمارەیەک بەلەم و کەشتی بچووکی دەریایی پێکهاتبوو.
لە ساڵی 1936دا سوپای عێراق بەشداری لە یەکەم کودەتای سەربازیدا کرد کە بە سەرکردایەتی فەریق (بەکر سدقی) سەرۆکی فرقەی دووەمی پیادە بوو، پاشان وەزارەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی (حیکمەت سلێمان) پێکهێنرا، لە مانگی 5ی ساڵی 1941 سوپای عێراق چووە ناو شەڕێک دژی ئینگلتەرا، لەو شەڕەدا سوپای عێراق لە 4 فرقەی پیادەی پڕ چەک و ئامادە پێکهاتبوو، فرقەی یەکەم و سێیەم بنکەکەیان لە شاری (بەغدا) بوو، بەڵام فرقەی دووەم لە کەرکووک بوو، فرقەی چوارەمیش لە شاری (دیوانیە) بوو و چاودێری هێڵی ئاسنینی دەکرد کە لە بەغداوە بەرەو بەسڕە درێژ دەبۆوە. لە ساڵی 1958یش سوپای عێراق لە 4 فرقەی پیادە پێکهاتبوو، فرقەی 1 لە (دیوانیە)، فرقەی 2 لە (کەرکووک)، فرقەی 3 لە (دیالە) و فرقەی 4 لە (موسڵ). لەو ساڵەدا سوپای عێراق هەڵسا بە ئەنجامدانی کودەتایەکی سەربازی بە سەرکردایەتی (عەبدولکەریم قاسم) کە ناونرا شۆڕشی (14)ی تەمووزی 1958. لە ساڵی 1963ش سوپای عێراق کودەتایەکی دیکەی بەسەر حوکمی (عەبدولکەریم قاسم)دا ئەنجامدا، لە 1968یش سوپای عێراق کودەتایەکی دیکەی ئەنجامدا و بەهۆیەوە (حزبی بەعسی عێراق) گەیشتە دەسەڵات، پاش ماوەیەکیش (سەدام حوسێن) چووە سەر حوکم و هێزێکی شەڕکەری گەورەی پێکهێناو ساڵانێکی دوور و درێژ شەڕی دژی ئێران کرد، دواتر سوپای عێراق تووشی لاوازبوونێکی گەورە هات، ژمارەی سوپای عێراق لە ساڵی 1981دا زیاتر لە 200 هەزار سەرباز دەبوو کە لە 12 فرقەدا کۆکرابوونەوە، بەڵام لە ساڵی 1985 بۆ 500 هەزار سەرباز بەرز بۆوە کە لە 23 فرقەدا کۆکرابوونەوە.
لەگەڵ چوونە سەر دەسەڵاتی (سەدام حوسێن) و گەیشتنی بە بەرزترین پلەی هەڕەمی دەسەڵات لە عێراق، لە ساڵی 1979دا ئیسلامییەکانی ئێران بە سەرکردایەتی (خومەینی) شۆڕشی ئیسلامییەکانیان بەرپاکرد و ڕژێمی تازەی ئێرانیان پێکهێنا، ئەمە بووە هۆی بوونێکی واقعیتری ئێران لە ناوچە و گوندە سنوورییەکانی نێوان (عێراق و ئێران)، ئەمەش وایکرد کێشە و ناکۆکی لە نێوان عێراق و ئێراندا دروست ببێت و ڕێککەوتننامەی ساڵی 1975 بەناوی (رێککەوتننامەی جەزائیر) کە لە دژی کورد هەردوو وڵات بەستابوویان، هەڵبوەشێننەوە و لە ڕۆژی 22/9 یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی عێراقی پاش چوونە ناوەوەی هێزە عێراقییەکان بۆ ناو خاکی ئێران دەستیپێکرد.
لە ماوەی شەڕدا کە 8 ساڵی خایاند، سوپای عێراق گەیشتە لوتکە و هێزەکانی گەشتە یەک ملیۆن سەرباز کە ئەو کاتە چوارەم گەورەترین سوپا بوو لە جیهاندا کە لە 50 فرقەی هێزە وشکانییەکان پێکهاتبوو. لەو ماوەیەشدا هێزەکانی گاردی کۆماری پێکهێنا کە یەکێک بوو لە بەهێزترین یەکە چەکدارەکانی عێراق. ژمارەی سەربازانی گاردی کۆماری لە مانگی ئابی ساڵی 1990دا بۆ 150 هەزار سەرباز بەرز بۆوە. پاش شەڕی دووەمی کەنداو (جەنگی عێراق – کوێت)لە ساڵی 1991، ژمارەی سەربازانی گاردی کۆماری لە نێوان 60 – 80 هەزار سەرباز دەبوو. لە کاتێکدا پێشتر سوپای عێراق بەهێزترین سوپای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای (ئاسیا) بوو، چونکە لە ڕووی ژمارە و ئاستی تەکنەلۆژییەوە زۆر باڵادەست بوو.
پاش کۆتاییهاتنی جەنگی (عێراق – ئێران)، سەرۆکی پێشووی عێراق (سەدام حوسێن) بڕیارێکی لە ناکاوی بە هێرشکردنە سەر (کوێت) دەرکرد. هێرشەکە ئەنجامدرا، قەیرانی کوێتیش بە یارمەتی هێزە هاوپەیمانییە جیهانییەکان بە سەرۆکایەتی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) کۆتایی هات، ئەو کاتە ئەمریکا جەنگی دژی عێراق بۆ ئاادکردنی کوێت ڕاگەیاند و جەنگەکەشی ناونا (گەردەلوولی بیابان)، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری سوپای ئاسمانی عێراق لەماوەی ئەو جەنگەدا لەناوچوون، لەو کاتەشەوە تا ساڵی 2003، ئابڵووقەیەکی ئابووری توند خرایە سەر عێراق.
پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ دیراساتی ستراتیژی 01-01-1997 لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، پەیکەری سوپای عێراق لەو ساڵەدا لە 7 بارەگای فەیلەق و 6 فرقەی زرێپۆش و میکانیکی و 12 فرقەی پیادە و 6 فرقەی هێزی حکومی و 4 کەتیبەی گاردی کۆماری و 10 فرقەی کۆماندۆ و 2 فرقەی هێزە تایبەتەکانی پاشکۆی کەتیبەکان بوونیان هەبووە، ئەو کاتە ژمارەی سەربازانی عێراق 350 هەزار سەرباز بووە.
پاش دەستبەسەرداگرتنی عێراق لە لایەن ئەمریکییەکان لە ساڵی 2003، پەیکەری سوپای پێشووی عێراق کە ناوی (پاسەوانی نیشتمانی لەخۆی نابوو) هەڵوەشێنرایەوە و دووبارە بەناوی (سوپای عێراقی نوێ) دروستکرایەوە. یەکەم لیوای سوپای عێراقی نوێ لە کۆتایی ساڵی 2003 پێکهێنرا، ئەویش بریتی بوو لە لیوای یەکی لەناکاو (تدخل سریع)، کە بە یەکەم هێزی سوپای عێراقی نوێ دادەنرێت، دواتر سوپای عێراقی نوێ لە 15 فرقەی پیادە پێکهێنرایەوە کە ژمارەی سەربازەکانی نزیکەی 350 هەزار سەرباز دەبوو.
لە ئێستادا و لە دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق لە ساڵی 2011دا، ژمارەی دەبابەکانی سوپای عێراق 700 دەبابەیە، هەروەها هێزە وشکانییەکانی عێراق خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە زرێپۆش و مەدفەعی و چەکی قورسە، هەروەها ژمارەی سەبازانی سوپای عێراق بە قسەی گوتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراقی، نزیکەی 2 ملیۆن سەرباز دەبێت.
هێزی ئاسمانی عێراقی لە هەزار و 600 سەرباز پێکدێت، لە ئێستادا فڕۆکەی شەڕکەریان بەدەستەوە نییە، بەڵام فڕۆکەی مەشقکردن و هەلی کۆپتەری هێرشبەریان بەدەستەوەیە، لە ئێستادا هێزە ئاسمانییەکانی عێراق پلانی داناوە، تا ساڵی 2020، ببێتە خاوەنی 96 فڕۆکە لە جۆری (ئێف 16)، هەروەها فڕۆکەی فەڕەنسی لە جۆری (میراج).
هێزی دەریایی عێراقیش تەنیا 800 سەربازی هەیە، پلانی داناوە بۆ ئەوەی ژمارەی سەربازانی بۆ 2 هەزار و 500 سەرباز بەرز بکاتەوە، پاش ئەوەی لەگەڵا (ئیتاڵیا) ڕێککەوتووە بۆ کڕینی 4 کەشی مامناوەندی کە ئەرکی پاراستنی کەنداوەکانی عێراق دەبێت، ژمارەی گروپی هەر کەشتییەک 32 دەریاوان دەبێت، لە ئێستادا عێراق 2 لەو کەشتیانەی بەدەست گەیشتووە.
پلە سەربازییەکان:
پلە سەربازییەکان لە سوپای عێراق بە جۆرێک ڕێکخراوە کە لە بچووکترین پلەوە بۆ بەرزترین پلە دەڕوات، پلە بەرزەکە فەرمان بەسەر پلە نزمەکەدا دەکات، بەم جۆرە ڕیزبەندی پلەی سەربازی عێراقی لە نزمترینەوە بۆ بەرزترین دانراوە:
پلەی ڕیزبەندی یاریدەدەرانی ئەفسەر:
- سەرباز کە هیچ نیشانەیەکی بۆ دانەنراوە.
- سەربازی یەکەم کە تەنیا خەتێکی سپی لەسەر شان دانراوە.
- نایب عەریف کە 2 خەتی سپی لەسەر شانە.
- عەریف کە 3 خەتی سپی لەسەر شان دانراوە.
- ڕەئیس عورەفا کە 4 خەتی سپی لەسەر شانە.
- نائب زابت کە داڵێکی لەسەر یەخەیەتی.
پلەی ئەفسەر:
- ملازم: تەنیا ئەستێرەیەکی لەسەر شانە.
- ملازمی یەکەم: 2 ئەستێرەی لەسەر شانە.
- نەقیب: 3 ئەستێرەی لەسەر شانە.
- ڕائید: نەخشی داڵێکی لەسەر شانە.
- موقەدەم: داڵێک و ئەستێرەیەکی لەسەر شانە.
- عەقید: داڵێک و 2 ئەستێرەی لەسەر شانە.
- عەمید: داڵێک و 3 ئەستێرەی لەسەر شانە.
- لیوا: داڵێک و دوو شیری یەکتربڕی لەسەر شانە.
- فەریق: داڵێک و دوو شیری یەکتر بڕ و ئەستێرەیەکی لەسەر شانە.
- فەریقی یەکەم: داڵێک و دووشیری یەکتربڕو 2 ئەستێرەی لەسەر شانە.
- موهیب ڕوکن: داڵێک و 2شیری یەکتربڕ و خەتێکی سوور لە سەر شانیدایە.
ماوەتەوە ئاماژە بەوە بکەین کە سوپای عێراق جگە لەوەی بەشداری لە چەندان شەڕی دژی وڵاتانی دیکەدا کردووە، لە ناوخۆی عێراقیشدا بەشدارییەکی کارای لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکاندا کردووە و بەشداری لە تاوانی جەنگ کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجام دراوە. لەمڕۆشدا (نوری مالیکی) سەرۆک وەزیرانی عێراق سوپای عێراق لە بەرژەوەندی خۆی و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان بەکار دەهێنێت.[1]