ئەرسەلان ڕەحمان محەمەد عەلی، نووسەر، توێژەر و ڕەخنەگری بواری میدیا.
لەدایکبووی 14-02-1981 سیروان - #هەڵەبجە# و بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی (نارنجڵە) ی هەورامانە و خێزانەکەی لە 1979 لە چوارچێوەی پڕۆسەی ڕاگواستنی گوندەکان و وێرانکردنیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕاگوێزراون بۆ سیروان.
یەکێکە لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە 16-03-1988 کاتێک تەمەنی تەنیا 7 ساڵ بووە، ئاوارەی ئێران بوون.
خێزانەکەیان لە ئۆردوگای (وەرمەهەنگ) لە نزیک شاری (کامیاران) گیرساونەتەوە و دواتر گەڕاونەتەوە ئێراق و دوور خراونەتەوە بۆ (گردەچاڵ) لە نزیک #هەولێر#.
ماوەی نزیکەی 2 ساڵ لە گردەچاڵ ژیانیان بەسەربردووە. بەر لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 ڕوویان لە هەولێر کردووە و لەوێ ماونەتەوە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و پەیمانگەی لە شاری هەولێر تەواوکردووە.
دەرچووی پەیمانگەی تەکنیکی هەولێرە بەشی ڕاگەیاندن - ڕۆژنامە بە پلەی دووەم بۆ ساڵی خوێندنی 2000 - 2001
هەروەها دەرچووی زانکۆی #سلێمانی# - بەشی ڕاگەیاندن/ ڕۆژنامەیە بۆ ساڵی خوێندنی 2006 - 2007.
ماوەی نزیکەی سێ ساڵی خوێندن وەک وانەبێژ لە بەشی ڕاگەیاندن - ڕۆژنامە - پەیمانگەی تەکنیکی هەولێر وانەی ژانرەکانی نووسینی ڕۆژنامەوانی (تیۆر و پراکتیک) وتووەتەوە. (2010 - 2013) .
وێڕای تەواوکردنی خوێندنی ئەکادیمی لە بواری میدیادا، دەستیکردووە بە کارکردن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی خوێنراو، بینراو، بیستراو و ئەلیکترۆنی.
لە قۆناغی ئامادەییدا و ساڵانی (1998 - 1999) لە بڵاوکراوەی خوێندکاری (نەوەی نوێ) بابەت و نووسینی بڵاوکردووەتەوە، کە بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری بووە لە ئاستی ئامادەییەکانی هەولێر.
وەک مەشقی هاوینە لە (2001) دا، بۆ ماوەی دوو مانگ لە کەناڵی (گوڵان) و هەفتەنامەی (گوڵان) کاری کردووە و ڕاپۆرت و هەواڵی بۆ بەشی ئابووری گۆڤارەکە ئامادە کردووە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ لە ژمارەیەک کەناڵ و دەزگای میدیایی کاریکردووە، لەوانە ڕۆژنامەی ئاسۆ بۆ ماوەی 6 مانگ هەواڵسازی لاپەڕەکانی یەک تا پێنجی ڕۆژنامەکە بووە. هەروەها لە 2006دا و هاوکات لەگەڵ خوێندنی زانکۆدا بۆ ماوەی 11 مانگ هەواڵسازی ڕادیۆی هاموون بووە لە سلێمانی، کە ڕادیۆیەکی گەنجانە بووە.
وەک ڕیپۆرتەر بۆ گۆڤاری ئینتەرناشناڵ کوردش پرێس (ikp) کاری کردووە و دەیان ڕاپۆرتی شیکاری و بەدواداچوونی تێدا بڵاوکردووەتەوە. بابەتی بۆ گۆڤارەکانی ژینگە، ڕووداوی منداڵان، گۆڤاری وارڤین ئامادە کردووە و زنجیرەیەک وتاری سیاسی لە ڕۆژنامەی (کوردستان ڕاپۆرت) و (دەنگی میللەت) و ڕۆژنامەی (کۆمەڵ) و توێژینەوەی لە گۆڤاری (هدی) بڵاوکردووەتەوە.
بۆ ماوەی 3 ساڵ وەک هەواڵساز لە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر کاریکردووە. وەک ڕیپۆرتەر و ئیدیتۆر لە گۆڤاری وارڤین کاریکردووە و بۆ ماوەی نزیکەی 3 ساڵ بەڕێوبەری ماڵپەڕی وارڤین (warvin.g) بووە و لە 20ی 10ی 2011 تا 6 - 1 - 2014، ماڵپەڕەکەی بەڕێوە بردووە و ئەزموونێکی بەرچاوی لە بواری کارکردن لەسەر پرسەکانی ژن و توندوتیژی خێزانی کۆکردووەتەوە.
لە 21ی نیسانی 2013، یەکەم ماڵپەڕی تایبەت بە زانست و هونەری ڕۆژنامەوانی بە ناوی ماڵپەڕی ڕۆژنامەوانی (rozhnamawany.com) وەک هەوڵێکی تاکەکەسی و خۆبەخشانە کردووەتەوە.
ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2014 تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەمی 2014 لە (nrt) وەک هەواڵساز و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕی nrttv.com کاریکردووە.
بە هاوڕێیەتی عەبدولخالق ئیبراهیم دوو پەڕتووکی بە ناونیشانی (کارامەییەکانی نووسین لە ڕۆژنامەگەری چاپکراو و ئەلیکترۆنیدا -2010) و (بنەماکانی نووسین لە ڕۆژنامەگەریدا) بە چاپ گەیاندووە.
هەروەها لە (2015) ، یەکەم توێژینەوەی لە بارەی #داعش# بەچاپگەیاندووە بە ناونیشانی (شەڕی دەروونی داعش و ڕەنگدانەوەی لە میدیای کوردی دا) .
وەک ڕاهێنەری بواری میدیا، لەگەڵ هەریەک لە ڕێکخراوەکانی ئایرێکس، کڤینا تێل کڤینا، پڕۆژەی دەنگەکانمان، وەک ڕاهێنەر چەند خولێکی ڕاهێنانی بەڕێوەبردووە و یەکەم کەس بووە ڕاهێنانی تایبەت بە پێگەیاندنی ڕۆژنامەوانی بچووک (منداڵ) ی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری منداڵی هەولێر کردووەتەوە و ژمارەیەک منداڵی بەهرەمەندی لە بواری میدیا ڕاهێناوە.
لە میدیای کوردیدا وێڕای چاوپێکەوتنەکانی چەندین بابەت و توێژینەوەی لە بارەی پرسە میدیاییەکان بڵاوکردووەتەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی میدیای تایبەتمەند و میدیای ئەلیکترۆنی و پابەندییە ئیتیکی و یاساییەکان و پرسەکانی ژنان، منداڵان، خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان.
لە 02-03-2022، لە بەشی ڕاگەیاندنی کۆلیجی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین نامەی ماستەری بە ناونیشانی (چارەسەری هەواڵیانە بۆ دیاردەی تیرۆری فیکری لە وێبسایتە هەواڵییەکان/ توێژینەوەیەکی شیکارییە، وێبسایتی k24 وnrt بە نموونە) بە پلەی نایاب بەدەستهێناوە.
لە 2006ەوە بێ پچڕان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی کوردیی کاری کردووە و ئەزموونی زیاتر لە 15 ساڵ کاری هەواڵسازی هەیە.
بۆ پەیوەندی:
ژمارە مۆبایل: 07503222763
ئیمەیڵ: arsalan.rahman@yahoo.com
جیمەیڵ: arsalan.rahman11@gmail.com
لینکی فەیسبووک: https://www.facebook.com/arsalan.rahman1/
[1]