فەتاح کاویان، کەسایەتییەکی دێرینی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و چەندین پۆستی حیزبی و حکوومەتی لە ماوی تەمەنی خۆیدا پێ ئەسپێردراوە، لەوانە شارەوانی #مەهاباد# لە حکوومەتی پاشایەتی ئێراندا و ئەندامی ئەنجوومەنی میللی زمان لە ئێران. هەروەها بۆ ماوەی چەندین ساڵ ئەندامی ڕێبەریی #حیزبی دێموکراتی کوردستان# بووە. چەندین بەرهەمی نووسین و وەرگێڕانی هەیە کە گرنگترینیان فەرهەندگی وشەی حەوتەوانەیە. ناوبراوە ڕۆژی 18ی ژانویەی 2017 لە شاری #کۆیە# کۆچی دوایی کرد.
فەتاح کاویان، ساڵی 1315 لە شاری مەهاباد لە دایک بوو. خوێندنی سەرەتایی لە شاری مەهاباد تەواوکرد. بەهۆی بارودۆخی بنەماڵەیی و گیرسانەوە لە شاری #سنە#، چەند ساڵێک لە قۆناغی ناوەندیی خوێندنی لەو شارە تێپەڕاند. لە پۆلی چوارەمی ناوەندی لەگەڵ دایکی لە سنەوە گەڕانەوە بۆ مەهاباد و دوای تەواوکردنی پۆلی پێنجەمی زانستی، وەک مامۆستای وەرزش لە شاری مەهاباد دامەزرا. ساڵی 1336 (1957) بوو بە ئەندامی شانەی نهێنیی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان. ساڵی 1338 بە دوای پەلاماری سەرانسەریی ساواک بۆ سەر ڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لە #کرماشان#ەوە هەتا #سەڵماس#ی گرتەوە و بوو بەهۆی گرتنی نزیک بە 250 کەس، فەتاح کاویانیش گیراو کەوتە زیندان. دوای بەڕێکرانیان بۆ تاران و بە ناو دادگایی کرانیان لەگەڵ چەندین کەسی دیکە بە زیندانی هەتاهەتایی (حبس ابد) مەحکووم کران. بەڵام شای ئێران لەژێر کاریگەریی بارودۆخی سیاسیی ئێران فەرمانی “لێخۆشبوون”ی دەرکرد و بێجگە لە ژمارەیەکی کەم لە بەندییە سیاسییەکان ئەوانی دیکە ئازاد کران.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2013/74914/0002.JPG=KTML_Photo_Alt=فەتاح کاویان=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2013/74914/0002.JPG=KTML_Photo_End=
فەتاح کاویان دوای ئازاد بوون لە زیندان، دیپلۆمی وەرگرت و چووە زانستگەی تاران و لیسانسی زمانی ئینگلیزیی وەرگرت و بۆ ماوەی 12 ساڵان (تا ساڵێک پێش ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی) لە دامەزراوەی نەتەوەیی زمان (مؤسسە ملی زبان) وەک مامۆستا و بەڕێوەبەری وانەوتنەوە کاری کرد. دواتر بە ماڵ و منداڵەوە گەڕایەوە مەهاباد. فەتاحی کاویان بەهۆی خۆشناوی، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی لاواز بوونی دەسەڵاتی ڕێژیمی شایەتی، پۆستی شارەداریی شاری مەهابادی گرتە ئەستۆ.ساڵی 1357 (1978) چالاکانە ڕۆڵی گێرا لە وەڕێکخستنی خۆپێشاندانەکانی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی لە شاری مەهابادو کاتێکیش خەباتی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران بووە هۆی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی، تێکەڵ بە کاروتێکۆشانی حیزبی بووەوە.
فەتاح کاویان لە زستانی 1357ەوە جارێکی دیکە خۆی حیزبی دیموکراتی کوردستان گرێ دایەوە و هەتا 29ی بەفرانباری 1395 وەک ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستان مایەوە. فەتاحی کاویان بەهۆی بڕینی پلەکانی بەرزی خوێندن، شارەزایی بە سەر زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی، هەر وەها توانای ئەدەبی و لێهاتوویی لە نووسین و وەرگێڕان دا. ساڵی 1358 بەرپرسایەتیی کۆمیسیۆنی بازرەسیی (لێکۆڵینەوە) ی حیزبی دێموکڕاتی پێ سپێردرا و ئەم بەرپرسایەتییەی شانبەشانی ئەنجامدانی کۆمەڵێک کارو ئەرکی ڕۆژانەی دیکەی حیزبی، هەتا ساڵی 1360 (1981) بەڕێوە برد. لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێموکرات وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و، لە کۆمیتەی ناوەندییش دا بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا و لە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی ئەو حیزبە، ئەرکی گرتە ئەستۆ. فەتاح کاویان لە کۆنگرەی پێنجی حیزبی دێموکراتەوە هەتا کۆنگرەی13، بەردەوام یەکێک لە هەڵبژێراوانی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئەندامەتیی کۆمیتەی ناوەندی بووە و بەتایبەتیی لە کۆمیسیۆنەکانی ڕاگەیاندن و سکرتاریا، ئەرک و بەرپرسایەتیی بەڕێوە بردووە.
فەتاح کاویان کاتی خۆی بۆ کارکردن لە یەک یا چەند لە بوارەکانی وەرزش، فەرهەنگنووسی، وەرگێڕانی پەرتووک، نووسینی بابەتی ئەدەبی و کاری فەرهەنگیی دیکە، دەهێشتەوە. ئامادە کردنی فەرهەنگی بە ناوبانگی “حەوتەوانە”و وەرگێڕانی پەرتووکی “خولیا و مەرگی قاسملووی کورد” لە ئینگلیزییەوە بۆ سەر زمانەکانی کوردی و هێندێک پەرتووک و بەرهەمی دیکە کە هەتا ئێستا چاپ و بڵاو نەبوونەوە، بەشێک لە بەرهەمە فەرهەنگییەکانی فەتاح کاویان بوون.[1]