سەر بەناحیەی بنگردی قەزای دوکانە، دەکەوێتە نێوان بەرزاییەکانی چیای کۆسرەت و چیای ئاسۆس و گردە باسک و باسکی بەردبەرداوی و گردە کەروێشک و گردە ژیلوانەوە. هەروەها دەکەوێتە نێوان گوندەکانی سێوکان و مەرگەو ناحیەی بنگردەوە.
بەگوێرەی گەورەیی گۆڕستانەکەی بێت مێژووی دروستبوونی بەردەشان زۆر کۆنە چونکە خاوەنی گۆڕستانێکی زۆر گەورەیە کە ئەمەش شایەتی دێرینی گوندەکەیە. لەسنووری ئەم گوندەدا جۆرە بەردێک هەیە کەهاوشێوەی شانەی هەنگە، هەر بۆیەش پێدەچێت ناوی بەردەشان لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، دەڵێن سەرەتا وتراوە شانە بەرد یان بەردەشانەو پاشان دەماودەم بۆتە بەردەشان.
دووبەردەشان
ئەم گوندە پێشتر بناغەی دروستبوونی لەسەرووی شوێنی ئێستایەوە بووە، پاشان وردەوردە بەرەوخوارەوە هاتوون بەهۆی بوونی ئاوی باشترو زەوی کشتوکاڵی لەبارتر. تا ساڵی 1994 یش یەک بەردەشان هەبووە، بەڵام لەوساڵەداو دوای کۆچی دوایی سەرکردە ڕەسوڵ مامەندو بەخاک سپاردنی لە زێدی باب و باپیرانی لەبەردەشان، کۆمەڵێک خێزان لەدەوروبەری مەزارەکەی خانوویان دروستکردو بەردەشانیان جێهێشت، بەمەش بەردەشان بوو بەدوو بەش ماڵە تازەکان ناونرا بەردەشانی خواروو کە ژمارەیان 25 خێزانە کە ئەم گوندە نوێیە نزیکی جادەیەو گوندە کۆنەکەش ناونرا بەردەشانی سەروو کە ژمارەیان 40 خێزانە.
دانیشتووانی بەردەشان بەگشتی بەسەروو خوارووشەوە سەر بەهۆزی شیلانەن و ژیانێکی ئاسوودە پێکەوە دەگوزەرێنن.
بژێوی گوندەکە
بژێوی ژیانی ئەم گوندە پشتی بەستووە بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ڕاوە ماسی، ئەوەی شایانی باسە بەردەشان خاوەنی ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی بەرفراوانە کە ساڵانە دەکرێت بە گەنم و جۆو نۆک و لەکۆنیشدا تا پێش ڕاگواستن دەکرایە توتن و گەنم و جۆو نیسک و نۆک و گوڵەبەڕۆژەو و کاڵەک و شووتی. لەناو گوندیشدا هەندێ پارچە زەوی بەراو هەیە کەپێی دەوترێ دەرماڵ کە لەساڵانی زوودا دەکران بە توتن و بامێ و تەماتە، بەڵام ئێستادا ئەم دەرماڵانە بەشێکیان کراون بەباخچە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە، هاوکات چەندین باخی هەنارو هەنجیرو ڕەز، ئەمە جگەلە داری سروشتی وەک دارەبەن و بەڕوو، لەکۆندا گرنگی زیاتر بەکشتوکاڵ دەدرا، چونکە بەروبوومەکەیان پارەی دەکرد بژێوی ژیانیانی دابین دەکرد، بەڵام بە گوتەی خۆیان لەئێستادا حکومەت وەک پێویست هاوکاری جووتیاران ناکات بەپێدانی تۆوی باش و پەینی کیمیایی و کڕینەوەی بەروبوومەکانیان هەر ئەو هۆکارەشە وایکردووە لەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی بەردەشان کە زیاتر لەسەد ماڵ بووە ئەو ژمارە کەمە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بە بەراورد بەزیاد بوونی ژمارەی دانیشتووانەکەی.
ئاژەڵداریی
سەبارەت بە ئاژەڵداریش لەکۆندا تا پێش ڕاگواستن ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ لەم گوندەدا بەخێو دەکران لەبەر بوونی لەوەڕگاو شوێنی پێویست لەناوچەکەدا کەژمارەی ئاژەڵەکانیان دەگەیشتە 2000 سەر مەڕو بزن و زیاتر لە 90 سەر ڕەشە وڵاخ، لەئێستاشدا ئەم ژمارەیە زیادی کردووە تێکڕا لەهەردوو بەردەشانی سەروو خوارو زیاتر لە 3200 سەر مەڕوماڵات و نزیکەی 200 سەڕێک ڕەشە وڵاخ بەخێو دەکرێن.
خێزانێکی زۆریش بژێوی ژیانیان لەسەر ڕاوە ماسی بووە، بەو پێیەی نزیکە لەدەریاچەی دوکانەوە لەئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر لەو خێزانانە دەستبەرداری ڕاوە ماسی نەبوون، ماسی لە بازاڕەکاندا داواکاری لەسەرەو نرخێکی تایبەتی خۆی هەیە.
ئێستاش دوو کێڵگە بۆ بەخێوکردنی پەلەوەر لەسنووری گوندی بەردەشاندا هەیە هەرچەندە موڵکی خەڵکی بەردەشان نییە بەڵام لەبەرئەوەی لەخاکی بەردەشاندا بەرهەم دەهێنرێت هەموو لایەک سوود لەبەروبوومەکەی وەردەگرن.
سەرچاوەکانی ئاو
سەرچاوەکانی ئاوی ئەم گوندە بریتین لە: (کانی گۆمەشین) کەئاوێکی باشی هەیەکە لەکۆندا کشتوکاڵێکی زۆری لەبەردا کراوە، لەساڵی(1996)ەوە لەلایەن ڕێکخراوی KLA ەوە پڕۆژەی ئاوی لەسەردروستکراوە بۆ گوندی بەردەشانی سەروو، (کانییە سەرچاوە) کە ئەم کانیەش سوودی لێوەرگیراوەو بۆ کشتوکاڵ بەڵام لەئێستادا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەرەوە سی کۆلی بۆ ئاودانی ئاژەڵ لەسەر دروستکراوە هەندێ جاریش سەرچاوەکە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت. کانی مزگەوت یاخود کانی ژنان بەشێکی بۆ مزگەوت و بەشەکەی تریش بۆ پێداویستی ڕۆژانە سودی لێوەردەگیرا، هەروەها (کانی بەران) هیچ جۆرە کشتوکاڵێکی لەبەردا نەکراوە گوندنشینان خۆیان دەڵێن بەهاراوەکانی مام بایز کە مام بایز خۆی دۆزیویەتەوە بۆ کشتوکاڵ بەکار دەهێنرێت کە دەکەوێتە بەردەشانی خوارووەوە. پێشتر توتن و تەماتەو بامێ ئێستا کراوەتە حەوزی ماسی، جگە لەوەش حکومەتی هەرێم بیری ئیرتیوازی بۆ لێداون و تۆڕی ئاوی گونجاوی بۆ دروستکردوون ئەمە جگە لەوەی زۆربەی زۆری ماڵەکانی بەردەشانی سەروو و خوارووش بیری سوری-یان لێداوە بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت و کەمێکیش کشتوکاڵی لەبەردا دەکرێت. سەرچاوەیەکی تری ئاو کە وەک ڕووبارۆچکەیەک وایە پێی دەڵێن (خڕی بەردەشان) کە بەردەشانی سەرووی کردووە بە دوو بەشەوە بە ناوەڕاستی گوندا دێت و بەلای مزگەوتدا دەچێتە بەردەشانی خواروو دواجار تێکەڵ بەدەریاچەی دوکان دەبێت، ئەم ئاوە لە وەرزی باران باریندا زۆر زیاد دەکات کە خەڵکەکە ناچار دەکات بە ئۆتۆمبێل پیایدا بپەڕنەوە کە ئەمە کارێکی زەحمەتە بۆ خوێندکاران، زۆربەی جاریش ئاژەڵداران ناچار دەبن بە ئۆتۆمبیل ئاژەڵەکانیان لەم بەر بۆ ئەو بەر بپەڕێننەوە. ئەوەی شایانی باسە وەک خەڵکەکەی دەڵێن ئەم کێشەیە بە دروستکردنی سێ پردی بچووک لەسێ شوێنی جیاوازدا چارەسەر دەبێت.
رۆڵی لەشۆڕشدا
ئەم گوندە تاکە گوندە کە بەو فراوانییە لەبەری مەرگە بەشداری بەرچاوو کاریگەریان هەبووبێ لەشۆڕشی شێخ مەحمودی نەمر دژ بە سوپای ئینگلیز، هەرئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە ئینگلیز بە توندی بۆردومانی ئەم گوندە بکات بە ناپاڵم و بەجۆرە چەکێکی تر کە پێی دەوترا شەستیر کە خەڵکەکەی زۆر زەرەرمەند بوون و خانوویەکی زۆر ڕووخاوەو مەڕوماڵاتیشی بەرکەوتووە. لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلولیشدا ئەم گوندە خزمەتێکی زۆری کردووەو بارەگا هەبووە لەمزگەوتەکەی بەردەشاندا، هەروەها لە شۆڕشی نوێدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، لە ساڵی 1983دا لە شەڕێک کە هەر بەشەڕی بەردەشان ناسراوە سوپای ڕژێم و جاشەکانی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی یەکدی بوونەتەوەو شەڕێکی گەورە لە نێوانیاندا ڕوویداوە لە ئەنجامدا بەشێک لە ماڵەکان لەو شەڕەدا سووتاوەو حکومەت داوای لەخەڵکەکە کردووە گوندەکە چۆڵ بکەن خەڵکەکەش بە ناچاری ڕوویان کردۆتە ناحیەی بنگردو چەند ڕۆژێک لەوێ ماونەتەوە پاشان گەڕاونەتەوە گوندەکەی خۆیان ماڵەکانیان دروست کردۆتەوە.
ئەم گوندە لەساڵی 1988 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرەملێی حاجیاوا کە تائێستاش ژمارەیەکی زۆر لەحاجیاوا نیشتەجێن چونکە حکومەت وەک پێویست هاوکارییان ناکات بۆ گەڕانەوەو خزمەتگوزاری پێویست لەگوندەکەدا جێبەجێ نەکراوە تاوەکو پاڵنەر بێت بۆ خەڵکەکەو بەتایبەتی گەنجانیش بگەڕێنەوە بۆ ناوگوند.
پاش ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان جارێکی تر لەلایەن گوندنشینانەوە و لەساڵی 1992 ئەم گوندە ئاوەدانکرایەوە ژمارەیەک خێزان گەڕانەوە گوندەکەیان ئاوەدانیان کردەوەو زەوی و باخ و باخاتەکانیان ژیایەوە. لەساڵی 1964 یەکەم ئۆتۆمبیل کەدۆجێکی ئەمریکی بووە بۆ ڕژاندنی دەرمانی مەلاریا هاتۆتە ناوگوند، ساڵی 1970 جادەی گڵ بۆ گوند لێدراوە کە بەداخەوە تا ئێستاکەش قیرتاو نەکراوە، لە ساڵی1979 بۆ یەکەم جار کارەبای نیشتمانی گەیشتۆتە ئەم گوندەو پاشان لە ساڵی 2000 دا لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کارەبایان پێگەیشتۆتەوە، لەساڵی 1980دا بۆیەکەم جار خوێندنگای تێدا کراوەتەوە یەکەم مامۆستاش مامۆستا جەمال سەنگەسەری بووە، لەساڵی 1999 خوێندنگایەکی شەش پۆلی تێدا کراوەتەوە کە تا پۆلی شەشی سەرەتایی تێدا خوێنراوە. ساڵی 1964 کوێخا برایم یەکەم ڕادیۆ و عەبدوڵڵا ئاڵی عەبدوڵڵا لەهەشتاکاندا یەکەم تەلەفزیۆنی بردۆتە ناوگوند.
لەگەڵ دروستکردنی گوندەکەدا مزگەوت دروست کراوەو مەلا حەمەد ئەمین بەردەشانی یەکەم مەلای مزگەوت بووە، تا ئێستا بنکەی تەندروستی تیادا دروستنەکراوە خەڵکەکەی ناچارن ڕووبکەنە ناحیەی بنگرد بۆ چارەسەر.
کەسە دیارەکانی گوند
لە کەسە دیارو بەناوبانگەکانی گوند ڕەحمەتی کوێخا عەبدوڵڵای ئاڵی کە ناسراوە بەئاڵای ئاڵی کەکوێخای گوند بووە کەسێکی شۆڕگێڕ بووە بەشداری بەرچاوی هەبووە لە شۆڕشی شێخ مەحمود چەکی ماوزەڕی لەلایەن شێخی نەمرەوە پێشکەشکراوە، لەبەرئەوەی لەشەڕی تابین لەگەڵ ئینگلیز دەورێکی کاریگەری هەبووە.
رەحمەتی کوێخا مەمەندی ئامۆزایشی کەکەسێکی دەست ڕۆیشتوو دەوڵەمەند و خانەدان و میوان دۆست بووە، ڕیش سپی گوند بووە زۆرێک لە کێشەکانی گوندی چارەسەرکردووە. عەلی بەردەشانی شاعیری میللیش لەم گوندە چاوی بەدونیا هەڵهێناوە،
خوالێخۆشبوو ڕەسوڵ مامەند کە لەسەرەتای شەستەکانەوە چۆتە ڕێزی شۆڕش و خزمەتێکی زۆری بە شۆڕشی کورد کردووە بەقۆناغە سەختەکانی پێشمەرگایەتیدا تێپەڕیوەو تا دواجار بۆتە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
خوالێخۆشبووان کوێخا برایم و مەمەند ئاڵی عەبدوڵڵاو کوێخا پیرۆت کە برا گەورەی شەهید ڕەسوڵ مامەند بووەو دەستێکی باڵایان هەبووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا.
محەمەد حاجی قادر کەکەسێکی شۆڕشگێڕەو تەمەنێکی لەشۆڕشی کوردستان بەسەربردووە ئێستاش بەردەوامە. مام کانەبی کەجەڕاحێکی لێهاتوو بووەو چارەسەری چەندین شکاوی و لەجێچوونی کردووەو لە ئۆردوگای حاجی ئاوا کۆچی دواییکردووە. لە ژنانیشدا پور بنەوش کە کەسێکی کارامەو دەست ڕەنگین و مامانی گوند بووە هاوکات حەکیمی مناڵان بووەو هاوکارو ڕێنیشاندەری ژنان بووە.