بسم اللە الرحمن الرحیم
نەتەوە حەق خوراوەکەم، کوڕ و خوشک و برا خۆشەویستەکانم
ئێستا لە ئاخرین ساتەکانی ژیانم دا دەمەوێ چەند دێڕێکتان بۆ بنووسم.
لە دوژمنایەتی کردنی یەکتر دەست هەڵگرن، یار و یاوەری یەکتر بن، پشت بە یەکتر ببەستن و لە بەرابەر دوژمنی زۆردار دا ئازایانە ڕابووەستن. خۆتان بێهودە بە دوژمن مەفرۆشن. دوژمن هەر ئەوەندە ئێوەی دەوێ کە کاری پێتانە، دەنا هیچ ڕوحمتان پێناکا، لە هیچ دەرفەتێک ناگوزەرێ بۆ زەربە لێدانتان.
دوژمنەکانی نەتەوەی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان هەیە و بێ ڕەحمن. ڕەمزی سەرکەوتنی ئێوە لە یەکگرتن دایە، تەنیا یەکگرتنە لە بەرابەر ئەو هێزە زۆردارانەدا، هەر نەتەوەیەک ئەگەر یەکێتیی نەبێ هەمیشە لەژێردەست دایە. ئێوە نەتەوەی کورد شتێکتان لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە بەڵکوو لە ئازایەتی و پیاوەتی دا زۆر لەوانەی بە سەربەخۆیی دەژین زیاترن. ئەو گەلانەی سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە هەر وەک ئێوە بوون.
ڕێنوێنم بۆ ئێوە ئەوەیە کە لێگەڕێن منداڵەکانتان بخوێنن، چونکە ڕەمزی پێگەیشتوویی و سەرکەوتن لە خۆیندەواری دایە. با لە گەلانی دیکە دوا نەکەون، ئێوە نابێ بە کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، هێشتا زۆری دیکەمان دەبێ لەو ڕێگەیەدا لە دەست بچن تا بە ئارەزووی خۆمان دەگەین.
کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە. دانیشتووانی ئەم خاکە بە پێی توانایی هەر کامەمان گەر شتێکمان لە دەست دێ نابێ منەت لەسەر ئەوانی دیکە بکەین. ئەگەر زانیتان کەسانێک کاریان لە دەست دێ لێ گەڕێن با بیکەن، بەرد مەخەنە سەر ڕێیان، گرفتی بۆ درووست مەکەن. ئەگەر من بەرپرسیارێتی گەورەم نەبوایە ئێستا لەژێر حوکمی سێدارەدا نەدەبووم، بە خاتری ئەوە منەتتان بەسەردا ناکەم. بە قەولی سەعدی دەڵێ:
مراد ما نصیحت بود و گفتیم / حوالت بە خدا کردیم و ڕَفتیم.
هیوای ئێمە ئامۆژگاری بوو گوتمان، بە خودام ئەسپاردن و ڕۆیشتم.
خزمەتکاری گەل و نەتەوه
قازی محەمەد
#31-03-1947#