سلێمانی، ئاوێنەنیوز: بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین، لەسلێمانی 2 هەزارو 920 ناوچەی مین ڕێژکراو هەیە کە لەو ژمارەیە تا ئێستا تەنیا هەزارو 128 ناوچە پاک کراوەتەوەو هەزار 478 ناوچەش دەستیانلێنەدراوە. هاوکات تا ئێستا 228 ملیۆن مەتر چواگۆشە زەویی بەمین چێنراو لەپارێزگای سلێمانی ماوە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لەسلێمانی، سەباح حوسێن حەمەخان، ڕونیکردەوە کە بەپێی ئەو مەسحەی تا ئێستا کراوە، توانراوە لەماوەی 20 ساڵی ڕابردودا 27%ی زەوییە مینڕێژکراوەکان پاک بکرێتەوە، بەوەش 330 هەزار مینو تەقەمەنی جۆراوجۆر لەناو براوە.
ڕۆژی 4ی نیسان، ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوەو پاڵپشتیکردنی چالاکی مینەو لەم ڕۆژەدا لەشاری سلێمانی چەند چالاکییەکی هەمەجۆر ئەنجامدران، لەنێویاندا کردنەوەی پێشانگەیەکی فۆتۆو پێشانگەیەکی پێی -قاچ- دەستکرد.
هاوکات هەر لەم یادەدا دیماینەرەکانی مین -مینهەڵگرەوەکان- داوای باشترکردنی گوزەرانیان دەکەن. دیماینەر کاروان ئیسماعیل دەڵێت "15 ساڵە لەبواری مینهەڵگرتەنەوەدا کار دەکەم، بەڵام تا ئێستا هەر بەگرێبەست کارمکردووەو هیوادارم بکرێمە هەمیشەیی."
کاروان ئەوەشی خستەرو کە یەکێک لەداواکارییەکانیان، دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبونە کە هیچ لایەنێک خۆی بەبەرپرسیار نازانێت لە ژیانیان.
هاوکات فازڵ نوری کە دیماینەرێکی ترە وتی "ئەو موچەیەی وەریدەگرین لەئاستی ئەو مەترسیو ئەو ناڕەحتیانەدا نییە کە بەهۆی کارەکانمانەوە توشمان دەبێت."
لەبەرامبەردا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لەسلێمانی پێیوایە کە داواکاریی دیماینەرەکان، داواکاریی ئەوانیشە، ناوبراو بەپێویستی دەزانێت کە ڕەوشی ژیانی مینهەڵگرەوەکان باشتر بکربێتو بۆ ئەو مەبەستە هەوڵدەدەن ساڵ بەساڵ ڕەوشی گوزەرانیان باشتر بکەن.
سەباح حوسێن ئەوەشی خستەرو کە بۆ ساڵی 2013 تەنیا 26 ملیار دینار بۆ کارو چالاکییەکانیان تەرخانکراوە کە بەوتەی ئەو ئەو بودجە بڕێکی زۆر کەمە.
- 06-04-2013