بەپێی ڕاپرسییەک کە لەنێو خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان ئەنجامدراوە، 45%ی خوێندکاران کتێب ناخوێننەوەو زۆرینەشیان هۆکارەکەی بۆ سەرقاڵی کاروباری تایبەتیو بەشنەکردنی کات دەگێرنەوە.
ئاوێنەنیوز، هەولێر: ڕاپرسیەکە کە لەلایەن، ناوەندی توێژینەوەکانی ئەنستتیوتی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤو گروپی هاورێیانی کتێب، لەنێو خوێندکارانی 19 زانکۆی هەرێمی کوردستان سازکراوە بەپێی ڕاگەیەنراوی هەردوو ڕێکخراو مەبەست لێی "هەڵسەنگاندنی ڕەوشی خوێندنەوەو هاورێیەتی کتێبە لەکوردستانو ئامانجی باڵای توێژینەوەکەش گەشەپێدانی خوێندنەوەو کلتووری فکرو ڕۆشنبیری گەلی کوردستانە".
پرسیارەکانی ڕاپرسیەکە کە بەسەر چەن تەوەرێکدا دابەش بووە لە وەڵامی پرسیاری، ئایا خۆویستانەو بەشێوەی دەوری کتێب دەخوێنیتەوە ؟ 55%ی بەشداربوان بەبەڵیو 45%ی بەشداربوان بەنەخێر وەڵامیانداوەتەوە.
هاوکات ئەو بەشداربوانەی بەنەخێر وەڵامیان داوەتەوە ڕێژەی (36.5%)یان هۆکارە سەرەکیەکانی نەخوێندنەوەی کتێب بۆ سەرقاڵی کاروباری تایبەتیو بەشنەکردنی کاتو (18%)شیان هۆکارەکەی بۆ نەبونی ئارەزووی خوێندوەو ڕانەهاتن دەگێڕنەوە.
بۆ بینینی دەرئەنجامی ڕاپرسیەکە کلیک لێرە بکە.
دەربارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی خوێندنەوەی کتێب بەشداربوانی ڕاپرسیەکە چەند داواکاریو پێشنیارێک دەخەنەروو لەوانە، "خوێندنەوەی کتێب ببێتە وانەیەکی هەفتانە لەسەرجەم قۆناغەکانی خوێندن، وە مامۆستاو قوتابی پێکەوە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، کردنەوەی کتێبخانەی هاوچەرخ لە زۆربەی شوێنەکان بەتایبەت لە گەڕەکو پارکو شوێنە گشتیەکان. هەروەها کتێبخانەی ئەلیکترۆنی دابمەزرێ، ڕاگەیاندنەکان گرنگی بەو بوارە بدەن، لە هەواڵو بەرنامەو بەتایبەت ڕیکلام بۆکتێب، پەرەدان بەوەرگێڕان لەسەرجەم بوارەکانو حکومەت خۆی دەستەی وەرگێڕانی هەبێ بۆ کتێبە زانستیەکان".
- 24-04-2013