هێمن مامەند، هەولێر: بەڕێوەبەری گشتی ئەزمونەکانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فازیل مەجید باپیر، ئەمڕۆ، یەکشەممە، لە لێدوانێکدا بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو لەسەرتاسەری هەرێم تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاییەکان لە یەکی بنەڕەتی تا 11ی ئامادەیی دەست پێدەکات.
رونیشیکردەوە، یەک ملیۆنو چوار سەدو پەنجا هەزار قوتابیو خوێندکار لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەی ئەو پۆلانە دەبن.
فازیل مەجید، وتیشی، لە 22ی ئەم مانگە بەهەمان شێوە تاقیکردنەوەکانی پۆلی نۆی بنەڕەتی (سێ) و دوانزەی ئامادەیی (شەش) کە بەبەکالۆری بەناوبانگە بەڕێوەدەچێت.
راشیگەیاند، لە سەرتاسەری هەرێم نزیکەی 100 تا 110 هەزار خوێندکار ئامادەیی بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەنو قوتابیانی سێی بنەڕەتیش ژمارەیان نزیکەی 100 هەزار خوێندکارە.
بەم پێیەش نزیکەی یەک ملیۆنو 650 هەزار خوێندکار لەمساڵدا بەشداری لە تاقیکردنەوەکان دەکەن. هەروەک بەلەبەرچاوگرتنی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکانو ئەو خوێندکارانەی مافی تاقیکردنەوەی کۆتاییان نیە دەردەکەوێت نزیکەی دوو ملیۆن کەس لە هەرێمی کوردستاندا خوێندکارن کە دەکاتە نزیکەی نیوەی کۆی گشتی دانیشتوانی هەرێم.
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری هەڵبژاردنی ساڵی 2010 کە بەپێی کۆبونی خۆراک هەژمارکراوە، نزیکی 4 ملیۆنو 447 هەزار بوە، بەڵام ئێستا هەندێک ناوەندی فەرمی لەوانە وەزارەتی پلاندانان -وەزیرەکەی سەر بەپارتییە- ئاشکرایدەکات، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لەمساڵدا، گەیشتووەتە پێنج ملیۆنو 500 هەزار کەس.
- 12-05-2013