کورتەیەک دەربارەی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی 27 ی ڕێبەندانی ساڵی 2705 ی کوردی بەرابەر بە 16 ی 2 ی 2006ی زایینی دامەزراندنی خۆی بەگشت کوردستانیان ڕاگەیاند.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازە کە ڕوی خەبات و تێکۆشانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێرانە!
دامەزراندنی ئەم پارتە بەرهەمی سیاسەتە گڵاو، کۆنەپەرەست، فاشیستی و دواکەوتوانەی نەتەوەی باڵا دەستە، وە هەروەها ئەو سیاسەتە چەوت و هەڵانەیە کە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکانی زاڵ بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی ئێران لە هەمبەر قڕ کردن و لە نێو بردنی زمان، ڕەسەن، ناسنامە، کولتور و کەلەپوری کوردیە لە پێشیان گرتووە.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ دەدات کە بیر و هزری نەتەوەیی لە کوردستان بڵاو بکاتەوە و گەشە بە ئەو بیرە لە ناو لاوان و تازە پێگەیشتوانی نەتەوەکەمان بدات.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارتێکی چەپی میانەڕەوە. درووشمی ئیستراتیژیکی ئەم پارتە پێکهێنانی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ئامانجی دواڕۆژی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیرکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە لەو بەشەی کوردستان.
بناغە و بنەمای خەبات و تێکۆشانی پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەر پێوەرە مرۆڤایەتیەکانی مافی مرۆڤ و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ دامەزراوە، هاوکات لە سەر ئەو پێوەرانە خەبات بۆ پیکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.
پارتی سەربەستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان