دوابەدوای بڵاوبونەوەی کتێبی(یەک ملیۆن پرسیار و وەڵام دەربارەی سێکس) کەلەلایەن سۆزان جەمال، سەرنووسەری گۆڤاری زانستی سەردەمەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی، هەواڵی هەڕەشەی کوشتنی لەڕێگای ئیمەیلو مۆبایلەوە، لەمیدیاکاندا بڵاوبوەوە.بە پێی لێدوانەکانی سۆزان جەمال، خاوەنی ئەم هەڕەشانە کەسانی سەر بەڕەوتو لایەنە سەلەفیو ئیسلامیەکاننو داوایان لێکردوە کە کتێبەکەی کۆبکاتەوە واز لە بڵاوکردنەوەی بهێنێت، ئەگەر نا ئەوا ژیانی خۆیو منداڵەکانی لەژێر مەترسیدان.
بێگومان ئەمه یەکەمجار نییه کەزمانی هەڕەشە لەلایەن مەلاو گروپه ئیسلامیەکانەوە، ڕووبەڕوی ڕۆشنبیرانو نووسەران، دەبێتەوە، بەڵکو لەچەند ساڵی ڕابردووی ژێرسایەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی وەک پارتیو یەکێتیدا، خەروارێک لەتاوانی تیرۆرو کوشتن، هەرەشەو سوکایەتی کردن بەدژی نووسەرانو ڕوشنبیرانی کوردستان کەوتۆتەبەردەست، کەبەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو ووتارو بابەتانە، که لەگەڵ زەوقو بۆچوونی کۆنەپەرستانەی ئیسلامیەکاندا نایەتەوه، دەستی بۆبراوە.بەڵام ئەگەر ئیسلامی سیاسیو ڕەوتەکانی لەپێناو زاڵکردنی فەزای کۆنەپەرستیو دواکەوتوویی بەسەر کۆمەڵگدا، زمانی هەڕەشەی کوشتنو تیرۆریان بەدەستەوەگرتبێت، ئەوا خودی دەسەڵاتداران، خۆیانن که لەم مێژوەدا، ڕیگاپێدەرو بەرپرسیاری سەرەکین.بەتایبەتیش سیاسەتی سازشو هاوکاریو کۆمەک کردنی بەردەوامی حزبەدەسەڵاتداراکان، بەرەوتە ئیسلامەیەکان، سەرچاوەو بەرهەم هێنەری ئەو هیرشو هەڕەشانەیه کەبۆسەر نووسەرانو ئازادیخوازانو ئازادی بەیانو ڕەخنەو چاپەمەنی بەڕیخراوە.دامەزراندنی وەزارەتی ئەوقافو تۆڕی مزگەوتو مەلای موچەخۆر، تا شەریک کردنی حزبە ئیسلامیەکان لەدەسەلاتو دانی بودجەو هەڵخستنی ئازادی بێسنور بۆ کارو هەڵسوڕانو دەزگاکانی میدیایان، تاجێخستنی شەریعەتی ئیسلامی وەک سەرچاوەیەک له دەستورو یاساکانی ولاتدا..هەموو ئەمانه کۆمەکیان کردووە بەوەی هێرشو پەلاماری کۆنەپەرستان حالەتێکی بەردەوام بێت بۆسەر ڕۆشنبیرانو ئازادیخوازان.تەنانەت هێنانی یاسای پیرۆزیەئاینەیەکان بۆ نێوپەرلەمان لەلایەن مەلاکانی سەر بەپارتیەوە، خۆی بەڵگەیەکی ئاشکرای ئەم سیاسەته لاینگریەی دەسەلاتە به ڕەوته ئیسلامیەکان.
ئازادی بەیانو ڕەخنەو چاپەمەنیو ڕۆژنامەنوسی، مافێکی بێ ئەملاولای خەڵکی کوردستانەو دەبێ به خەباتی جەماوەری دەسەلاتدارانی پێ ناچاربکرێ.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، ئەم جۆرە هەڕەشانەی کۆنەپەرستان سەرکۆنەو مەحکوم دەکاو بەهەوڵیکی دژی ئینسانیو کوێرانەی دەناسێنێت کە لەپێناو سەرکوتو پاشەکشەپێکردن بەڕەوتی ئازادیخوازیو سکولاریزم لەکوردستاندا دەستی بۆبراوە.حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، خۆی بەپشتیوانی سۆزان جەمالو هەر خەباتێکی ئازادیخوازان دەزانێ که لەدژی کۆنەپەرستیو سەرکوتی ئازادیەکانو ئازادی بیروڕا، دێتەمەیدانەوە.هاوکات دەسەڵاتدارانی کوردستان بەرپرسیار دەکات لە پاراستنی گیانی سۆزان جەمالو بانگەوازی ڕۆشنبیرانو نوسەرانو خەڵکانی ئازادیخوازیش دەکات، کە لەپێناو دانانی سنورێک بۆ هەڕەشەی کۆنەپەرستان، دەنگی ناڕەزایەتی، هەڵبڕن.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
15-05-2013