ئەم هەڵبژاردنەی 2013 دوای تێپەڕبوونی 22ساڵ دێت بەسەر دامەزراندنی قەوارە سیاسیەکەی باشووری کوردستاندا، ئەم ماوەیەش بەسە بۆ دوورکەوتنەوە لە کەموکورتی و هەڵەو ناتەواویەکانی پێشترو ئەمجارە هەڵبژاردنێک ئەنجامبدرێ کەهەم لەگەڵ بارودۆخی نەتەوەکەماندا گونجاوبێ و هەم لە ئاستی هەڵبژاردنی وڵاتانی پێشکەوتوودابێ.
بەباوەڕی ئێمە،هەڵابژاردنێکی لەوجۆرە، ئەبێ ئەم مەرجانەی تێدابێ:
1- هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر شێوەی بازنەییبێ نەک ڕیژەیی.بۆ ئەوەی هەر دەنگدەرێک بزانێ کێ هەڵئەبژێرێ و کێ ئەبێتە نوێنەری و لە ناو پەرلەمانیشدا هەمیشە چاودێریی ئەو نوێنەرەی خۆی بکات و بزانێ تا چەند چالاکەو سوورە لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی. لەم شێوە هەڵبژاردنەشدا مەترسیی تەزویر زۆر کەمترە، ئەوەش بەخۆپاڵاوتنی تاکەکەس ئەبێ(هەرکەس بۆناوچەکەی خۆی) نەک بە لیست. بەپێچەوانەی شێوەی ڕێژەیی کە بە لیستە(بۆ هەموو هەرێم) و نەدەنگدەر ئەزانێ کێ نوینەرێتی و نە هەڵبژێردراویش ئەزانێ نوێنەری چ ناوچەیەکە، مەترسیی تەزویریشی زۆر لیئەکرێ وەک لەهەڵبژاردنەکانی پێشتردا بینیمان.
2- بنکەی دەنگدان بۆ هەر دەنگدەرێک دیاریبکرێ و بۆی نەبێ لە بنکەیەکیتر دەنگ بدات.
3- ئەنجامی هەر سنووقێکی دەنگدان لەهەمان ڕۆژدا ئاشکرا بکرێ.
4- بارمتەیەکی کەم لە هەر پاڵیوراویک وەرگیرێ کە لە نیو ملیون دینار زیاتر نەبێ.
5- لە ئەگەری هەڵبژاردن بەرێژەیی و بەلیست، ئەم خاڵانە ڕەچاو بکرێ:
ا- لیستی کراوە یا نیوەکراوە نەک داخراو.
ب- بڕی بارمتە لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێ بۆ هەر لیستیک.
پ- ڕێژەی 7% کەمکرێتەوە بۆ 1%
ئەوانە، سەرباری ئامۆژگارییە ئاساییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان.
6- هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوەبێ نەک پەرلەمان و ئەم پێشمەرجانەشی تێدابێ:سەربەخۆبێ یا دەس لەپارتییەکەی بکێشێتەوە،هیچ هێمایەکی گەندەلیی لەسەرنەبێ،جێدەستی لەخەباتی نیشتمانی و نەتەوەییدا دیاربێ،ئاستی ڕۆشنبیرییەکەی باڵابێ،خێڵخوازی و ناوچەگەرێتیی نەکردبێ،پابەندبوونی خۆی بەم بوارانەوە ڕابگەینێ: سەروەریی یاسا،ئاڵوگۆڕی دەسەڵات،دەسپاکی،خەبات لەپێناوی سەربەخۆیی کوردستان و ئازادیی کوردا،ئاشکراکردنی سامانی خۆی.
ئێمەی هاوبیرانی کوردایەتی ئامادەیی خۆمان پیشانئەدەین بۆبەشداریکردن لە خۆپاڵاوتندا بە هەرکام لەو دوو شێوەو مەرجانەی سەرەوە. بەپێچەوانەی ئەو مەرجانەی سەرەوەش، بەشداری لەخۆپاڵاوتندا ناکەین، بەڵام لەهەموو بارێکدا بەشداریی لە دەنگداندا ئەکەین و ئاشکرایئەکەین دەنگ بەو لایەنە ئەدەین کە بیرو بەرنامەی لە ئیمەوە نزیکبێ، بەتایبەتی لەم بوارانەی خوارەوەدا:
ا- وەستان دژی هەر کەرتبونێکی قەوارە سیاسیەکەی باشوری کوردستان، یا زیاتر بەستنەوەی بە داگیرکەرانی کوردستانەوە.
ب-گێڕانەوەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بەرێگەی یاسایی، ئەگەر نا، ئەوا لەرێی هێزە وە.
پ- کۆتاییهێنان بەپاوانکردنی ئەو جۆرە پارتایەتییەی بووە هۆی شەری ناوخۆ و تاڵانکردنی سامانی کوردستانو دروستبوونی هەموو جۆرەکانی گەندەڵی وچاوپۆشین لە پاشماوەکانی ڕژێمی بەعس.
ت- داڕشتنەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەجۆرێک کە سنوری سروشتی و مێژوویی باشوری کوردستانی تیا دیاری بکرێت.
ج- هەموو داهاتەکانی کوردستان بچێتە گەنجینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە داهاتەکانی بەرهەمە نەوتیەکانەوەو دەستی حیزبەکان لەسەر ئەو داهاتانە هەڵگیرێو بنەمای "ئەمەت لەگوێ بوو؟" پەیڕەوبکرێ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
خ- دامەزراندنی سوپایەکی بەرگری یەکگرتوو و پڕچەککردنی بەهەموو جۆرە چەکێکی بەرگریی ئەم سەردەمە.
د- مانەوەی باشوری کوردستان لەم قۆناغەدا بەلکاوی بە دەوڵەتی عیراقەوە، بەندە بەوەوە، کە پەرلەمانو حکومەتی ناوەندی لە بەغدا دانبنێن بە سنوری سروشتی و مێژوویی کوردستانو گەڕانەوەی ناوچە کوردستانیە داگیرکراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستانو داننان بە مافی چارەنووسی نەتەوەکەماندا.
ر-کورد یەک نەتەوەیەوکوردستان یەک نیشتمانەو هەموو دەستکەوتێکی سیاسی و ئابووری ئاراستەبکرێ بۆ یەکێتی کوردو سەربەخۆیی و یەکگرتنەوەی کوردستانو ئازادیو یەکسانی کورد.
ز- جاڕدانی سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە نزیکترین هەلی گونجاودا.
ئەوانە، سەرباری ڕەچاوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکان و عیلمانی و یەکسانیی هەردوو ڕەگەزو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و بیمەی بیکاری و دادی کۆمەڵایەتی و...هتد
7-داواش لە هەموو هاوبیران و ڕۆشنبیران و هەموو تاک و کۆمەڵێکی نەتەوەیی نەتەوەکەمان ئەکەین باری سەرنج و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم ڕاگەیاندنە بنێرن بەهۆی ئەم ئیمەیلەوەkk_1959@yahoo.com یا بە مەسیجیک بۆ 07710132210
لەگەڵ ڕێزمان
هاوبیرانی کوردایەتی
باشووری کوردستان