هەولێر،:ئاوێنەنیوز: بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، کە لە سایتی وارڤین بڵاوبۆتەوە، تەنها لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، لە هەرێمی کوردستان (19) ژن کوژراوون و(10) ژن خۆیان کوشتووەو (125) ژنیش سووتاونو خۆیان سووتاندووە، ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم بانگەشەی باشتربوونی ڕەوشی ژنان لە هەرێمی کوردستان دەکاتو بە گوێرەی ئامارەکە ژمارەی حاڵەتەکان نزیکەی پێنج ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە.
هەر لەو ئامارەدا هاتووە، لە مانگی نیسانی (2013)دا، لە هەولێر زۆرترین حاڵەتی ژن کوشتن تۆمار کراووە، تەنیا لەو مانگەدا (11) ژن کوژراوون و (6) ژن خۆیان کوشتووە، هەروەها لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا، کە قورسایی دامودەزگا ئیدارییەکانی حکومەتی لێیە، لە ماوەی ئەو مانگەدا (607) حاڵەتی توندوتیژی تۆمار کراوون، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو لە هەمان مانگدا (112) حاڵەت هەبووە، بە مانایەکی دیکە توندوتیژییەکان لە هەولێر شەش ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو زیادیان کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکە، حاڵەتەکانی توندوتیژی بەم شێوەیە:
هەولێر:
لە سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین حاڵەتی ژن کوشتن تۆمارکراوون و کۆی گشتی حاڵەتەکانی توندوتیژیش (607) حاڵەت بووە، ئەوانیش بەم شێوەیەن:
کوشتن (11) حاڵەت، خۆکوشتن (6)، سووتان (34)، خۆسووتان (16)، سکاڵا (536)، دەستدرێژی سێکسی (4).
سلێمانی:
لە ڕووی ژمارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئەو پارێزگایە لە ڕیزی پێشەوەی پارێزگاکانی هەرێمە و کۆی گشتی حاڵەتەکانی توندوتیژی (446) حاڵەت بووە، بەم شێوەیە:
کوشتن (2) حاڵەت، خۆکوشتن (2)، سووتان (17)، خۆسووتان (3)، سکاڵا (399)، دەستدرێژی سێکسی (23)، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەدا، لە سلێمانی تۆمارکردنی حاڵەتی خۆ سووتان کەمترینە و دەستدرێژی سێکسی زۆرترینە.
دهۆک:
کۆی گشتی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سنووری ئەو پارێزگایەدا (336) حاڵەت بووە، بەم شێوەیە:
کوشتن (4) حاڵەت، خۆکوشتن (0)، سووتان (9)، خۆسووتان (21)، سکاڵا (294)، دەستدرێژی سێکسی (8).
ئیدارەی گەرمیان:
کۆی گشتی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سنووری ئیدارەی گەرمیاندا، (136) حاڵەتە و دابەشبوون بەسەر ئەم شێوازانەی توندوتیژیدا:
کوشتن (1) حاڵەت، خۆکوشتن (2)، سووتان (5)، خۆسووتان (4)، سکاڵا (123)، دەستدرێژی سێکسی (1).
ئیدارەی ڕاپەڕین:
کۆی گشتی حاڵەتەکانی توندوتیژی لە سنووری ڕاپەڕیندا، (190) حاڵەتە و دابەشبوون بەسەر ئەم شێوازانەی توندوتیژیدا:
کوشتن (1) حاڵەت، خۆکوشتن (0)، سووتان (11)، خۆسووتان (5)، سکاڵا (156)، دەستدرێژی سێکسی (17).
کۆی گشتی حاڵەتەکانیش لە ناوچە جیاجیاکاندا (1715) حاڵەتە بەم شێوەیە:
کوشتن (19)، خۆکوشتن (10)، سووتان (76)، خۆسووتاندن (49)، سکاڵا (1508)، دەستدرێژی سێکسی (53).
جێی سەرنجە، لە ساڵی ڕابردوودا، لە ئاماری بەڕێوبەرایەتیەکەدا، حاڵەتەکانی (ئەشکەنجەدان) بڵاو کرابوونەوە، بەڵام لە ئاماری ئەمساڵدا بڕگەی حاڵەتەکانی ئەشکەنجەدان تۆمار نەکراوون.
لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو (2012) کۆی گشتی حاڵەتەکانی توندوتیژی (367) حاڵەت بووە، بەم شێوەیە بووە:
کوشتن (1)، خۆکوشتن (4)، سووتان (31)، خۆسووتاندن (10)، ئەشکەنجە (90)، سکاڵا (218)، دەستدرێژی سێکسی (13)، کۆی گشتی (308).
- 30-05-2013