بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان عیراق
پشت بە حوکمی بڕگە(1)لە ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (1992) ی هەموار کراوو، لەسەر داوای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان عێراق، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان – عێراق لە دانیشتنی ژمارە (11)ی ڕۆژی (18-04-2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئەم یاسایەی خوارەوەی دا:
یاسای ژمارە(6)ی ساڵی 2007
یاسای دووەم هەموارکردنی یاسای پارێزەرایەتی ژمارە (17)ی ساڵی
1999 لە هەرێمی کوردستان عێراق
ماددەی یەکەم:
ماددەی شەشەمی یاساکە هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
ماددەی شەشەم:
کۆکردنەوە لە نێوان ئەندامێتی سەندیکاو فەرمانبەرییە گشتییەکاندا ناکرێت.
ماددەی دووەم:
ماددەی پازدەمی یاساکە هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
ماددەی پازدەم:
یەکەم: ڕەسمی تۆمارکردنی ناو لیستەکە وەک ئەمەی خوارەوە دەبێت.
1- (75000) حەفتاو پێنج هەزار دینار بۆ ئەو کەسەی لە (40)ساڵ تێپەڕ بێت وزیاتر لە (3)ساڵ بەسەر وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسا یان هاوتاکەیدا ڕابوردبێ.
2- (50000)پەنجا هەزار دینار بۆ ئەو کەسەی کەپێشتر کاری دادوەری کردبێ یان بۆ ماوەیەکی بەردەوام کەلە (3)ساڵ کەمتر نەبێت سەرۆکی داواکاری گشتی یان داواکاری گشتی یان ڕاوێژکاری یاسایی لە فەرمانگەکانی هەرێم بووبێ یان بۆ ماوەی کەلە (5)ساڵی بەردەوام کەمتر نەبێت جێگری داواکاری گشتی بووبێت.
3- (45000) چل و پێنج هەزار دینار بۆ ئەو کەسەی لە (40)ساڵ تێنەپەڕیبێ و، (3) ساڵیش بەسەر وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسا یان هاوتاکەیدا ڕانەبوردبێ و، هەروەها بۆ ئەو کەسەش کە ماوەیەک پارێزەرایەتی کردبێ لە (3) زیاتر نەبێت.
4- (80000) هەشتا هەزار دینار بۆ ئەو کەسەی کە تەمەنی لە (40) ساڵ تپَپەڕیبێ و، ماوەی (3)ساڵ بەسەر وەرگرتنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی یاسا یان هاوتاکەیدا ڕانەبوردبێ.
5- (90000) نەوەد هەزار دینار بۆ ئەو کەسەی کە پێشتر بەحوکم، ناوی لە لیستەکەدا دەرکرابێ.
دووەم: ڕەسمی فراوان کردنی دەستەڵات (رەسمی پلە بەندی) وەک ئەمەی خوارەوە دەبێت:
1- (30000) سی هەزار دینار لە مەشقکارەوە بۆ موماریس.
2- (50000) پەنجا هەزار دینار لە موماریسەوە بۆ ڕاوێژکار.
سێیەم: ئابوونەی بەشدار بوونی ساڵانە وەک ئەمەی خوارەوە دەبێت:
1- (30000)سی هەزار دینار بۆ پارێزەری مەشقکار.
2- (40000) چل هەزار دینار بۆ پارێزەری موماریس.
3- (50000) پەنجا هەزار دینار بۆ پارێزەری ڕاوێژکار.
ماددەی سێیەم:
یەکەم: بڕگەی (1) لە (یەکەم) ی ماددەی شازدەهەم هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
1- بریکار کردنی خەڵک لەو داوا مەدەنیی و ناکۆکییە دادوەرییانەی کە بەهایان لە (150000) سەدو پەنجا هەزار دینار تێ ناپەڕێت.
دووەم: بڕگەی(3) لە دوومی ماددەی شازدەهەم هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە.
3- گرێبەستی بە سیفەتی ڕاوێژکاری یاسایی لەگەڵ کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت یان هەر پرۆژەیەکی پیشەسازی یان کشتوکاڵی یان نووسینگەکانی قۆنتەرات و بەڵێندەرایەتی زانستی و هونەری و بازرگانی دەبەستێ کە سەرمایەکەی لە (75000000) حەفتاو پێنج ملیۆن دینار تێپەڕ نەبێت.
ماددەی چوارەم:
بڕگەی (أ) لە (2) لە (یەکەم)ی ماددەی شازدەهەم هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
أ- ئەو داوایانەی کە یەکێک لە فەرمانگەکانی دەوڵەت لایەنێک بێت تێیدا بەهاکەی لە (3750000) سێ ملیۆن و حەوت سەدو پەنجا هەزار دینار زیاتر نییە.
ماددەی پێنجەم:
ماددەی بیست و پێنجەمی یاساکە هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
یەکەم: لەسەر کۆمپانیا نیشتیمانییە بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵی و خزمەتگوزاری یان ڕاوێژکارییە هاوبەشەکان یان ئەوانەی خاوەن بەرپرسیارییەتییەکی دیاری کراون و سەرماییەی لە (37500000) سی و حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینارکەمتر نەبێ و ئەو کۆمپانیا بیانیانەی کە لەهەرێمدا کار دەکەن یان لقیان تێدا هەیە، گرێبەست لەگەڵ پارێزەرێک یان زیاتر ببەستن بۆ ئەوەی ڕاوێژکاری یاساییان پێ بدات.
دووەم: بڕی (15000) پانزە هەزار دینار غەرامەی دواخستن لەسەر هەر ڕۆژێکی دواخستن دەسەپێنرێت، ئەگەر لایەنەکانی ناوبراو لە بڕگەی (یەکەم) ی ئەم ماددەیە لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی دواکەوتن.
سێیەم: پارێزەر بۆی نیە لەگەڵ پتر لە دوو کۆمپانیایی نیشتیمانی ودوو کۆمپانیای بیانی بۆ مەبەستەکانی ناوبراوی بڕگەی (یەکەم)ی سەرەوە گرێبەست بکات.
چوارەم: لەسەر ئەو لایەنانەیە کەلەبڕگەی(یەکەم)ی سەرەوەدا ناوبراون ڕێژەی 10% لە جیاتی پێشکەش کردنی ڕاوێژکاری یاسایی پارێزەر بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو بدەن و پاشماوەی ساڵیش بۆ مەبەستی ڕەسمەکەو ناردنی پارەکە بۆ سەندیکا تاوەکو داهات تۆماری بکات بەساڵی تەواو دەژمێردرێت، بەمەرجێک لە (100000) سەد هەزار دینار زیاتر نەبێت.
پێنجەم:وا دادەنرێت کەپارێزەر گرێبەستی لەگەڵ لایەنە ناوبراوەکانی بڕگەی(یەکەم)ی سەرەوە لە ڕۆژی پەسەند کردنی گرێبەستەکە لەلایەن سەندیکاوە مۆر کردووە.
ماددەی شەشەم:
ماددەی بیست و شەشی یاساکە هەڵدەوەشێتەوەو ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
ماددەی بیست وشەشەم:
نابێ هیچ کۆمپانیایەکی پیشەسازی یان بازرگانی یان کشتوکاڵی یان بەرهەمهێنەری نیشتیمانی یان بیانی تۆمار بکرێت هەتا گرێبەستی دامەزراندنی یان تۆمار کردنی لقەکانی لەلایەن پارێزەرێکی بەلایەنی کەم موماریسەوە ڕێکنەخرابێت.
ماددەی حەوتەم:
بڕگەی (یەکەم) لەماددەی سی وشەشی ئەم یاسایە هەمواردەکرێتەوەو بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
یەکەم: دادگا حوکم بەدانانی (إنتداب) پاێزەرێک دەدات تاداکۆکی لەو تۆمەتبارە بکات کە پارێزەری بۆ داکۆکی کردن لەخۆی لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوەو دادگای کەتن و تاوانەکان و نەوجەوانان ڕانە سپاردووە و دەست حەقی پارێزەرەکەش لە (60000) شەست هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە (120000) سەدو بیست هەزار دیناریش زیاتر نەبێت و ئەم پارەیەش لە گەنجینە دەدرێت.
ماددەی هەشتەم:
بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی سی و نۆی ئەم یاسایە هەموار دەکرێتەوەو بەم شێوەیە دەخوێنرێتەوە:
یەکەم: پارێزەر بۆی هەیە لەگەڵ بەوەکیل دانەرەکەیدا لەسەر گرێبەستێکی نووسراو پێک بێت، کەلەلایەن سەندیکاوە پەسند دەکرێت بەرامبەر بەرەسمێکی دیار کراو کە (5000) پێنچ هەزار دینارە.
ماددەی نۆیەم:
ئەنجومەنی سەندیکابۆی هەیە پێڕەوی ناوخۆیی بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی سەندیکا دەربکات.
ماددەی دەیەم:
کار بە هیچ دەقێکی یاسایی یا بریارێک ناکرێت پێچەوانەی حوکمەکانی ئەم یاسایە بێت.
ماددەی یانزدەم:
لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانە حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
ماددەی دوانزدەم:
ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.
عەدنان موفتی
سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی
کوردستان عیراق