رۆژی (27)ی حوزەیرانی 2013 ڕۆژێکی مێژووییە بۆ عیراقییەکان کە تێیدا دواجار ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە لەبەرچاوگرتنی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ کوەیتی دراوسێی و جێبەجێکردنی ئەو ئیلتیزاماتانەی لە ئەنجامی داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە لە ساڵی 1990وە کەوتبوونە ئەستۆی، بەکۆی دەنگ بڕیاری ژمارە (2107)ی پەسەند کرد کە تایبەتە بە دەرکردنی عیراق لەژێر بەندی حەوتی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆتاییهێنان به و کۆت و بەندەی زیاتر لە دوو دەیە بوو عیراقی گیرۆدە کردبوو و سەروەریی وڵاتەکەشی، لەدوای کشانەوەی تەواوی هێزە بیانییەکان، بە نیوەناچڵی هێشتبۆوە.
بەم بۆنەیەشەوە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای پێشوازیکردن و دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ پەسەندکردنی ئەو بڕیارە، پیرۆزبایی لە گەلانی عیراق دەکات و هیوادارە بڕیارەکە ببێتە مایەی ڕزگاربوون لە تەواوی ئاسەوارە خراپ و بەزیانەکانی سیاسەتی هەڵە و چەوتی ڕژێمی لەناوچووی بەعس و سەرەتایەکی نوێی ئومێدبەخشیش بێت بۆ ئایندەی وڵات و گەلە ستەمدیدەکەی لەپێناو بڕانەوەی نەهامەتی و ئازارەکانیان و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێدا بەره و بنیاتنانی دیموکراسی.
ئەم بڕیارە گرنگەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەگەرچی درەنگ کەوت و زۆری خایاند، بەڵام بایەخەکەی هەمەلایەنە و زۆر بواری هەستیار لە ژیانی عیراقییەکان دەگرێتەوە و دەروازەیەکە بۆ قۆناغێکی نوێ، بەم پێیەش لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەیی کێشە و گرفتەکانی لەگەڵ دەوڵەتاندا بە دانوستان و گفتوگۆ چارەسەردەکات بەبێ ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی عیراق دەگەڕێتەوە بۆ پێگە و پلەوپایەی خۆی لە نێوەندە جیاجیاکاندا کە پێشتر بەهۆی سیاسەت و هەڵەکانی ڕژێمی بەعسەوە لێی بێبەش بوو هەروەک کێشە و گرفتی لەگەڵ زۆر دەوڵەتدا بۆ دروست ببوو.
هەروەها دەربازبوون لە بەندی حەوت، زامنی گەڕانەوەی سەروەری تەواو و بێ کەموکوڕیی عیراقی فیدراڵ دەکات و وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەن جێگە و پێگە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دەیخاتەوە نێو گۆڕەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، کە بێگومان ئەمەش ڕەنگدانەوەی باشی لەسەر ڕەوشی ناوخۆی وڵات و چارەسەری گیروگرفتەکانی و پتەوکردنی هەنگاوەکانی دیموکراسی دەبێت، هەروەک عیراقێکی فیدراڵی جیاواز و بێ هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی و ئاشتیی جیهانی پێشکەش بە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکاتەوە.
بێگومان بڕیارەکە ئەوەشی لێ چاوەڕوان دەکرێت ڕەنگدانەوە و کاریگەریی ئیجابی بەسەر بوارە جیاجیاکانی دیکەدا هەبێت و کەرتەکانی ئابووری و دارایی ببوژێنێنێتەوە و سەربەستی تەواو بۆ کاری بانکی و هاوردەکردن و بازرگانی و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و کڕینی دەرمان و پێداویستی تەندروستی بڕەخسێنێت، ئەمە جگە لە پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ژێرخان و کەمکردنەوەی هەژاری و بێکاری و بەرزکردنەوەی داهات و باشترکردنی گوزەرانی هاووڵاتیان لە عیراقی فیدراڵدا.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیتشمانیی کوردستان
28-06-2013