ماوەیەکە لێرەو لەوێ هەواڵی خۆکوشتنی گەنجانی وڵات لە میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە و زۆربەی جاریش بە پاساوی (نەخۆشی دەروونی)، ئەسڵی ڕووداوەکە پەردەپۆش دەکرێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمیش کە خۆیان ئەو جۆرە سیناریۆیانە دادەتاشن، هەمیشە بەلایانەوە ئاساییە بە نەخۆشی دەرونی پەردەپۆشی تەواوی ڕوداوە دڵتەزێنەکان بکەن.
لەکاتێکدا سەرکردەکانی کورد هەمیشە لەدەرەوەو ناوەوەی هەرێمی کوردستان باس لەباشی ئابوری هەرێمی کوردستان و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی دەکەن و شانازی بە بەرزی باڵەخانە و زۆری کۆمپانیای زەبەلاحەوە دەکەن، کەچی لەو دیوی باڵەخانەکانەوە، ڕۆژانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی و کەمی دەرامەت خۆیان دەکوژن و دەبنە قوربانی ئەو بەرپرسانەی لەسەر قوتی خەڵک خۆشگوزەران بوون و بونتە خاوەن سەرمایەی وڵات،بۆیە پێمانوایە دیاردەی خۆسوتاندن و خۆ کوشتن.دروشمێکی پێچەوانەیە و بە خوێن و ئاگر نوسراوەتەوە.
ئێمە لە ڕێکخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادییەکان، نەک هەر خۆ سوتاندن و خۆکوشتنی هاوڵاتیان دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێم، تەنانەت دەسەڵات بەبەرپرس دەزانین لە هۆکاری زیادبوونی نەخۆشیە دەروونییەکان. داوا لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیش دەکەین، بە چالاکی جۆراو جۆر، هەڵوێست وەربگرن و فشار بخەنە سەر دەسەلاتدارانی هەرێم، بۆ ئەوەی چیتر گەنجانی وڵات لەو نائومێدیە گەورەیە ژیان بەسەر نەبەن.
ڕێکخراوی زار بۆ بەرگری لە ئازادییەکان
28-06-2013