کۆنسەی هەڵبژێردراوی نوێی بەڕێوەبەریی کنک لە کۆنگرەی گشتی (کۆبوونەوەی 13) دا، کۆبوونەوەی یەکەمی خۆی لە بیرۆی کنک ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن و کۆمیتەکانی کۆنگرە دامەزران، پلانی کار و خەبات داڕێژران و بە بەرفراوانی بارودۆخی گشتی سیاسی تاووتوێ کرا.
1. پرسی کوردستان بە هەموو قورسایی خۆیەوە ئیدی هەڵکشاوەتە سەر ڕۆژەڤی ناوچەکەو جیهان. کوردستان بۆتە مەڵبەندی چارەسەری ئاشتی و ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. خەبات و تێکۆشانی کوردستانیان، پێکهێنانی ستاتۆی هەرێمی فیدراڵی باشوور، بنیاتنانی ستاتۆی دیفاکتۆ لە ڕۆژاوا و، بە گشتی پۆزیسیۆنی کوردستانیانی دیموکراتیک، سۆسیال وسیکولار چاوی دونیای دیموکراتی بڕیوەتە سەر کوردستان.
لە ناو سیستەمی دواکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، کوردستان شێوازو بنەمای دیموکراتیک بەڕیوەدەبات. کوردستان وەک وڵاتێکی پڕلە ڕەگەز وباوەڕی جیاوازەوە لەسەر بناغەی ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری هەنگاو بە هەنگاو خۆی بنیاد دەنێ. کورد و بە گشتی کوردستانیان لەم پرۆسەیەی بونیادنانەدا هەم لە ناوخۆیدا دیموکراسیبوون پێک دێنی، هەم لە وڵات و دەوڵەتانی دەوروبەریشدا ڕێ لە بەردەم پێکهێنانی دیموکراسی خۆشدەکات. کوردستانیان هەوڵدەدەن خۆیان و ناوچەکەش دیموکراتیزە بکەن. ئەم پرۆسە پێشکەوتووە گەیشتۆتە قۆناغێکی وا کە ئیدی مەحاڵە پاشەکشە بکات. کوردستانیان دەرگایان بە ڕووی ڕزگاری و ئازادیدا کردۆتەوە و بەرەو پێشەوە هەنگاودەنێن. هەر کاتێک خەبات و تێکۆشان لە پێناو ئازادی دا بەرفراوان بێ، دەستکەوتەکانیش زێدە دەبن و بزاڤی باراستنیش بەرەو پێش دەڕوات.
گۆڕانکاری بەرجەستە لە جوگرافیای کوردستاندا هەستیان پێ دەکرێ و دەبینرێن، ئەوە جێگای گەشبینی یە. هەبوونی کوردستانی فیدڕال لە باشوور، بنیادنان و دامەزراندنی ڕۆژاوای کوردستان، گەشەکردنی تێکۆشانی نەتەوەیی و دیموکراسی لە باکوری کوردستان و هەروەها گەشەکردن و پێشکەوتنی بزاڤی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیواو ئومێد و باوەڕی کوردستانیان بە ڕزگاری و ئازادی خورتتر دەکا. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆل و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کوردستانیەکان گەورەتر دەبن.
بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان، پێویستە کوردستانیان لەگەڵ یەکتردا لە هەموو کاتێک زیاتر لە ناو پەیوەنی و گفتوگۆدا بن، هاوکاری و هەماهەنگی و پشتگیریکردن لە یەکتری لە ئاستێکی بەرزدا پەیڕەوبکەن.
پڕۆسەی چارەسەری لە باکور دەستی پێکردووەو لە سەر هێڵێکی یەکجار ناسک بەرەوپێشەوە دەڕوا. بەگوێرەی ئەو پلانەی کە سەرۆکی پ ک ک بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئامادەی کردووە و داویەتە ک.ج.ک ە و دەوڵەتی تورکیا، لە قۆناغی یەکەمی دا لەلایەن ک.ج.ک ەوە جێبەجێ کراوە. گەریلاکانی (هپگ) هێزی پاراستنی گەل هەڵمەتی سەنگەرگواستنەوە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدەن. دوا بە دوای ئەو هەنگاوە نۆرەی دەوڵەتی تورکیا یە کە بە ئەرکەکانی خۆی هەڵسێ و جێگاو ڕێ و شوێن و هەنگاوی بەرچاو بنێ بۆ سەکەوتنی پرۆسەکە.
پێش هەر شتێک ئەبێ بەپێی یاسا، ماکیاساو بابەتیانە لە ناو دەوڵەتدا پاکسازیەکی تەواو پێکبێت و داخوازیەکانی کوردستانیان بەبێ مەرج جێبەجێبکرێن.
بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە و گەیشتن بە ئامانجی ڕێککەوتنەکە، لە سەرەتادا پێویستا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و هەموو زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن.
کوردستانیان لەم پڕۆسەی گفتوگۆیەدا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەرکی گەورەیان لەسەرشانە. سەرەتای ئەو ئەرکانە یەکڕیزی نەتەوەییە. لەم پڕۆسەی چارەسەریەدا بەڕێز ئۆجەلان پێشنیاری بە ئەنجامگەیاندنی چوار کۆنفرانسی کردبوو، یەکەمیان لە ئەنکەرە پێکهات، دینامیکە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی کوردستان کۆبوونەوەو وێنەیەکی یەکگرتوویان پیشانی دەوڵەتی تورکیا دا وهاوکاریەکی مەزنیان پێشکەش بە پرۆسەی چارەسەری کرد. لەو چوار ڕیزە کۆنفراسانەدا سێهەمین کۆنفرانس لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە 29 – 30 جۆزەردانی 2013 دا بەڕێوە دەچێ. کۆنفرانسی چوارەمیش پلانی بۆ داڕێژراوە و بڕیارە لە هەولێر بە بەشداری هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان پێکبێت. کۆنفرانسی هەولێر هەم بۆ پشتیوانی پڕۆسەکەی باکور، هەم بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتنی ناوخۆیی ڕۆلێکی زیندووی دەبینێت، بۆیە پێویستەهەموو کوردستانیان قورسایی خۆیانی بخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەو کۆنفرانسە ببێتە پلاتفۆرمێکی باڵای نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان.
2. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە گرنگی دەبینێ کە ئەم داخوازی و ڕاسپاردە و سەرنجانە بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی، ناوچە و جیهان بخاتە ڕوو:
1 - کوردستانیان لە ڕۆژاوای کوردستان ڕێبەرایەتی بەڕیوەبردنی وڵاتیان خستۆتە دەستی خۆیان و لە ناو بێ ئیمکانیەتی دا شەڕی مان و نەمان دەکەن. لە لایەک هێرشەکانی ڕژێم، لە لایەکی تر شەڕ و دەستتێوەردانی دەوڵەتی تورکیاو هاوپەیمانانی ژیانی خەڵکیان تەنگ و دژوار کردووە. پێویستە هەموو کوردستانیان لە پێناو پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان لە سەرپێ بن و ئەکتیڤانە دەست بە دروستکردنی کۆمپانیا و جۆری کۆمەک گەیاندن بۆ دابینکردنی پێداویستی بژێوی ڕۆژانەی خەڵکی لە ڕۆژاوا بکەن.
2- باشووری کوردستان پێویستە دەروازەکانی هاتوچۆ و گەیاندن بە ڕوی ڕۆژاوا دا بە کراوەیی بهێڵێ و لە هەموو لایەکەوە هاوکاری ڕۆژاوا بکات.
3- پێویستە کوردستانیان بە یەکەوە پشتیوان بن کە دەستەی باڵای ڕۆژاوای کوردستان بە نوێنەرایەتیەکی بڵند بەشداری کۆبوونەوەو دیدارەکانی جنێڤ بکات.
4 - کوردستانیانی ڕۆژاوا پێویستە بچووک و گەورە ببن بە یەک و بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەریانە خاکی خۆیان لە دژی نەیاران بپارێزن و دەست لەناودەست وڵات ئاوەدان بکەنەوە.
5 - جیهانی دیموکراسی و مرۆڤدۆست، دەبێ هاوکارییەکی مەزنی ڕۆژاوای کوردستان و بە گشتی دۆزی کوردستان بکات تا ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیتە ئاراوە.
6 – ڕژێمی ئێران بەردەوامە لەسەر توندوتیژیەکانی و لە سێدارەدانی تێکۆشەرانی کوردستانی. پێویستە کۆتایی بەو ڕەفتارانە بێنێت. ڕژێمی ئێران لە پێناو ئارامی و ئاشتی ناوخۆیی دەبێ لەگەڵ کوردستانیان پێک بێت و مافە ڕەواکانیان قبوڵ بکات.
7 - کوردستانیانی ڕۆژهەڵات پێویستە لە ناوخۆیاندا یەکڕیزبن و تێکۆشان و خەباتیان لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی ناوخۆیی باڵا بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ئامانج.
8 – لە باشووری کوردستان ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێ. هیوادارین کە ئەو هەڵبژاردنانە لە ناو کەش وهەوایەکی دیموکراسی و ئازادانە بە ئەنجام بگەیێنرێت و بە هەر ڕەنگێک بێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن قەوارەی باشوور بپارێزرێت
3. کۆنسەی بەڕێوەبەریی کنک لە ناو خۆدا کار و ئەرکەکانیان دابەشکرد و پلانڕێژی خەباتیان بەم شێوەیەی خوارەوە داڕشت:
. لە ڕۆژاوای کوردستان نوسینگەی کنک بکرێتەوە.
. نوسینگەکانی کنک لە ڕوسیا، ئینگلستان و باشووری کوردستان سەرلەنوێ ڕێکبخرێنەوە و لەو وڵاتانەی کە ئەندامانی کنک ەیان لێ یە کۆمیتە دامەزرێنن.
. جێگرەکانی هاوسەرۆکایەتی کنک، کۆمیسیۆنەکانی زمان و پەروەردە، کۆمیسیۆنی ژنان، کۆمیتەی ژینگە و کۆمیتەی ڕاگەیاندن بەم شێوەیەی خوارەوە پێکهاتن:
- جێگرەکانی هاوسەرۆکانی کنک: دڵشا ئوسمان - بەهزاد پیرموسا.
- سەرۆکی کۆنسەی کاروباری دەرەوە: سۆنگول کارابولوت.
- سەرۆکی کۆنسەی زمان و پەروەردە : ڕۆژان حازم.
- سەرۆکی کۆمیسیۆنی ژنان: ڕودی مەلەک.
- سەرۆکی کۆمیتەی ڕاگەیاندن: بەهزاد پیرموسا
- سەرۆکی کۆمیتەی ژینگە: هەندرێن ئەشرەف نوعمان.
کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی نەتەویی کوردستان - کنک
27/6- 2013 برۆکسل