بەهۆی شۆڕشی سوریاوە کە ماوەی زیاتر لە دو ساڵە بەردەوامی هەیە و زیانێکی زۆری ئابوری بە دۆخی ئەو وڵاتە گەیاندوە و تائێستاش زیانە ئابورییەکانی کەرتی گشتی ئەو وڵاتە گەیشتوەتە (7.5) ملیار دۆلار.
عومەر گلاونجی، وەیزی ئیدارەی ناوخۆی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندوە: قەبارەی ئەو زیانانەی بەر کەرتی گشتی کەوتوە بە (7.5) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
وتیشی: لەو ڕێژەیە (1.25) ملیار دۆلاریان، زیانی ڕاستەوخۆبون کە بەر کەرتی گشتی کەوتوە و سەرجەم دامەزراوە گشتییەکانی پەکخستوە.
ئەوەشی خستەڕو: تائێستا زیاتر لە (9) هەزار دامەزراوە ڕوخێندراون، جگە لەوەش کەرتی کارەبا بە بەهای (40) ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتوە.
ئەوە لەکاتێکدایە زیانە گیانییەکانی ئەو وڵاتە ڕۆژ بە ڕۆژ و بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار ڕو لە زیادبون دەکەن و بەپێی دواین ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، لەسەرەتای شۆڕشی ئەو وڵاتەوە تا ئێستا زیاتر لە (100) هەزار هاوڵاتی سوری کوژراون کە زۆربەیان مەدەنین و جگە لەوەش بە سەدان هەزار کەسی دیکەش برینداربون.
- 02-07-2013