بۆ ڕای گشتی خەلکی کوردستان
بۆ دۆست و هەڤالانی یەکێتی
خەلکی بەپەرۆشی کوردستان، هەڤالانی خۆشەویست، دلسۆزانی یەکێتی.
ئێمەی پەرلەمانتارانی یەکێتی بەدەنگی ئێوەو بە ڕەنجی ئێوە دەرچووین بۆ پەرلەمان، ماوەی چوار ساڵە چیمان لەدەست هاتبێ بۆ خزمەتی خەلک و یەکێتی کردوومانە، وێرای قورسایی پاراستنی ڕێککەوتنی ستراتیژی و لە زۆر دۆخیشدا وێڕای تێکەڵکردنی هەموو کارتەکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەمەبەستی موزایەداتی سیاسیان. لەم پێناوەشدا قوربانی و باجی گەورەمان داوە، ئەوەی ئێستاش لەپەرلەمان پەسەند کراوە دەبێت جیاوازی بکرێت لەنێوان قەناعەتی ئێمەو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دۆخی واقیعیی هەرێم و خزمەتکردنی هاولاتیان.
ئەوەی پەسەندکراوە چیە؟
بەر لەهەر شتێ ئەم بڕیارە بۆ گەڕانەوەی پرۆژەی دەستوور بووەو بۆ خزمەتی دۆخی چەقبەستووی هەرێم بووە، چۆن؟
1-ماوەی دوو ساڵە سەبارەت بەم پرسە گفتوگۆ لە ئارادایە، کە ئایا گەڕانەوەی پرۆژەی دەستور یاساییە یان نایاسایی یە؟ چەندین کۆڕو سمینار، چەندین کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکان، دەیەها لێدوان و وەلامی ئاگرین لەم بارەیەوە درا، بەلام بەپەسەندکردنی ئەم پرۆژە بڕیارە ئەم گرێ کوێرەیە چارەسەر کراو کرایەوە، کە تیایدا بەدەقێکی ڕاشکاوانەو دوور لە هەلگرتنی هیچ تەفسیرێکی یاسایی هاتووە: (دەستور هەموار دەکرێتەوە بە سازان لەم ماوەیەدا). لە ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و پارتیشدا باس لە هەموارکردنەوەی سیستەمەکە کراوە بۆ پەرلەمانی. چونکە خودی سازانەکە لەسەر ئەم مەسەلەیەو چەند بڕگەو ماددەیەکی ترە، بۆیە لەڕووی یاساییەوە نەدەکرا لەبڕیارەکەدا جێی بکرێتەوە، بەم شێوازە ئەم پرسە چارەسەر کراو ئەم لەمپەرە لادرا و ئەو ترسە ڕەوێنرایەوە کە دەیوت: (دەستور نابێ بگەڕێتەوە). وەئەگەر دەڵێن ئەم دەقە بۆ ئاییندە زامن نیە و پارتی پێوەی پابەندنابێت، ئەوا لەبەرامبەردا درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم بە مەرجە. لە ئەگەری ڕازی نەبوونی پارتی لە ئاییندەدا بۆ چارەسەری کێشەی دەستوور، سەرۆکی هەرێم ماوەکەی بۆ دوو ساڵەو دوای ئەمە دێتەوە بەردەم پەرلەمان و لەپەرلەمانیش پێویستی بەدەنگ و پشتیوانی یەکێتییە.
بۆ بەجێگەیاندنی ئەم ئامانجە گرنگەو جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئەرکی ئایندەی پەرلەمان و هەموو هێزەکانە کە لە ئێستاوە کار بکەن بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (2)ی بڕیارەکە کە سازانی دەستور و هەمواری سیستەمەکەیە بۆ پەرلەمانی و ڕاپرسی کردن لەسەری.
2-خاڵی دووەم (ماوەی سەرۆکی هەرێم بۆ دوو ساڵ درێژکراوەتەوە، بەبێ ئەوەی دووبارە بۆی هەبێت بۆی درێژ بکرێتەوە).
ئەم خاڵە بۆ؟
سازانی نیشتمانی واتە لە گفتوگۆ و دانوستاندندا کاتێک لایەنێک دوو خاڵی مەبەست بێت خاڵێک بەدەست دەهێنێ و بە خاڵێکیش قوربانی دەدات.
هەر لەبەر ئەمەش یەکێتی قوربانی دا لەپێناو گەڕانەوەی دەستور، بۆیە ڕەزامەند بوو بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم، لەبەر ئەوەی پارتیش یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی کوردستانە، بۆیە کاتێک سازان بکرێت دەبێت پارتیش بەشدار بێت، خاڵی داواکاری پارتیش چارەسەری کاندیدکردنەوەی بارزانی بوو، سەرەتا لە ڕێگەی هەموواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمەوە بوو، بەلام ئێمە ڕەتمان کردەوە، دوواتر ڕاپرسی بوو لەسەر پرۆژەی دەستور، ئەویشیان لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە ڕەتکرایەوە، دوواتر درێژکردنەوەی ماوەکەی بوو بەبێ مەرج، ئەویشمان بەباش نەزانی و ڕەتمانکردەوە، دواتر درێژکردنەوەی ماوەکەی بوو بەمەرج، ئەمەیان قبوڵکرا. بەلام دەکرێت ئەو پرسیارە لە پارتی بکرێت کە بۆچی پێداگری لەسەر ئەم خاڵە دەکات، (هەرچەندە بەڕای ئێمە مافی هەر هێزیکە لەسازانی نیشتمانی و گفتوگۆدا پێداگری لەسەر چ داوایەک دەکات و قوربانیش بەچی دەدات)، نەک بۆچی یەکێتی قبوڵی کردووە، چونکە یەکێتی لەبەرامبەردا دەستوری گەڕاندۆتەوەو لەهەولی گۆڕینی سیستەمی حوکمرانییە بۆ پەرلەمانی.
3-لەلایەن بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و ئێمەی ئەندامانی پەرلەمان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە پێش ئەم پڕۆژەیە بیرۆکەی گەلالە ببوو کە بۆ چارەسەری ئەم داواکارییەی پارتی، ئێمە پرۆژەیەک ئامادە بکەین و هەندێ خاڵ بەدەست بێنین، لەوانە (گەڕانەوەی دەستور، پێکهێنانی لیژنەی لێکۆلینەوە لە ئاماری دەنگدەرانی هەرێم، کەمکردنەوەی دەسەلاتەکانی سەرۆکی هەرێم،.....هتد). بەلام ئەم ڕێککەوتنەی یەکێتی و پارتی پێش ئەم پرۆژەیە کەوتەوە.
4-شێوازی گفتوگۆو پەسەندکردنی:
ئێمە هەندێ تێبینی و سەرنجمان لەسەر شێوازی پەسەندکردنی پرۆژە بریارەکە هەبووە لەروی شکلیەوە، کە ئەوسەرنج و تێبینیانەمان هەلگرتبوو بۆ هۆلی پەرلەمان لەکاتی نوسینەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی پەیوەندیداردا لەگەل سەرنج و تێبینیەکانی ئۆپۆزسیۆن بەیەکەوە پرۆژەکە دەولەمەندتر بکەین لەسەری بسازێین و هەموومان کۆکبین لەسەری. وە لەسەردانی چەند هاوڕێیەکمان بۆلای برادەرانی ئۆپۆزسیۆن ئەمەشمان پێڕاگەیاندوون، بەلام ئەوان هیچ وەرەقەیەکیان ئامادە نەبوو و لەنێو هۆلی پەرلەمانیشدا هەر لەگەل یەکەم خوێندنەوەیدا بەر لە هەر شتێک پەشێویان نایەوەو بواری گفتوگۆکردنیان نەدا، جگە لەمە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش لەوەلامدا پێی ڕاگەیاندین کە لەم چەند ڕۆژەدا سەردانی لێپرسراوی یەکەمی هەر سێ حزبەکەی ئۆپۆزسیۆنیان کردووە، ئەوان داوای یەک خال دەکەن، ئەویش ئەوەیە کە (مەسعود بارزانی) بێتە پەرلەمان خۆی هەلبژێرێت، ئەمەش لەگەل ئەو خالە نایەتەوە کە پارتی داوای دەکات کە پارتی پێداگیری لەسەر دەکرد. بەپێی ئەمەش ئۆپۆزسیۆن لەجیاتی ڕێکەوتن و سازان داوای سەپاندنی مەرجی پێشوەختیان دەکرد کە ئەمەش لەگەل هیچ سازانێکدا وێکنایەتەوە.
5- سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش، لە ڕێکەوتنەکەی مەکتەبی سیاسی و بڕیارەکەی پەرلەمانیشدا هاتووە، بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی دروستنەبێت لەنێوان تەواو بوونی خولی سێیەم و دەستبەکار بوونی خولی چوارەم، ماوەی کارکردنی خولی سێیەم درێژکرایەوە لە 20-08-2013 تەواو دەبێت تا 01-11-2013، نەک دواخستنی هەلبژاردن کە بڕیارە لە 21-09-2013 دەکرێت.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
لە پەرلەمانی کوردستان
01-07-2013