ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بڕیاری درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی هەرێم و پرسی سازانی نیشتمانی لەسەر پڕۆژەی دەستور پەسند کرد.
لەبارەی کەیسی دەستوور و کەیسی سەرۆکایەتی هەرێمەوە هەڵوێستی یەکێتی لەدوواکۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا وەک هێڵی گشتی و وردەکاریەکانی دیاریکرا. بڕوامان وابوو کە پڕۆژەی دەستور پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە بۆ ئەوەی ببێتە کۆکەرەوە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان و نەک ببێتە هۆی لێک ترازان و ئاشتی کۆمەڵایەتی نەکەوێتە مەترسیەوە. بە تایبەت لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا کە نەک هەر هەرێمی کوردستان بەڵکو کوردایەتی بە گشتی پیایا تێ ئەپەڕێ.
ئاشکرایە کە لەبارەی ئەو کەیسە تێز و بۆچونی جیاجیا و دژ بە یەک هەبوون، یەکێتی ئاراستەی خۆی لە هەموو ئەو تێز و بۆچونانە جیاکردەوە و سازانی نیشتمانی بە نەخشە ڕێگایەکی نەرم و کۆکەرەوە بینی کردیە ئاراستەی سیاسەتەکەی، کە وێڕای دژایەتی کردنی دواجار ئاراستەی سازانی نیشتمانی بوە ئاراستەی کۆکردنەوە.
سەرۆکی پەرلەمان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی هەرێم پڕۆسەیەکی لەوبارەیەوە دەست پێکرد بۆدۆزینەوەی دەریچەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانەی بەهۆی کەیسی دەستورەوە بەرۆکی پرۆسەی سیاسی گرتبوو. هەروا یەکێتی کەیسی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی بەستەوە بە چارەسەر کردنی کەیسی دەستورەوە.
وەدیهێنانی سازانی نیشتمانی به و ماوەیەی کە بە پێی ئیسحقاقاتی هەڵبژاردنەکان و قوڵی ناکۆکییەکان سەبارەت بە مەسەلەی دەستورو تەوزیفکردنی سیاسی لەلایەن ئەم و ئەو لایەنی سیاسیەوە ئەوەی سەلماند کە سازان وەختێکی زورتری پێویستە.
مەسەلەکە کەوتە بەردەم دورییانێکەوە یان ئەبوایە موجازەفە بە دەستورەوە بکرێ و پڕۆژەکە بخرێتە ڕاپرسییەوە کە یەکیێتی لە گەڵ ئەو موجازەفەیەدا ناکۆک بوو، یان ئەبوایە دەرگا لەبەردەم ململانێیەکی خەست و خۆڵی سیاسی و کومەڵایەتیدا بکرێتەوه و کە قەیرانی زۆرترو دژوارتر بەروکی پڕۆسەی سیاسی و حوکمرانی کوردستانی بگرتایە و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و پارێزگاکانیش بکەوتایەتە بەر ڕەشەبای ململانێکان و ئەزمونی هەرێمی کوردستان بکەوتایەتە بەر مەترسی لە دەستدانی شەرعیەتی یاساییەوە، کە ئەمە مەترسیێکی کەمەرشکێن ئەبوو و ڕوخساری ئەزموونەکەمانی لە بەر چاوی ناوخۆو دەرەوه و لەبەر چاوی یار و نەیارانی ئەزموونی هەرێم ئەخستە بەردەم پرسیاری شەرعیەتەوە.
بۆیە یەکیەتی لایەنگری پاراستنی شەرعیەتی ئەزموونی هەریمی کردو لە نیوان دوو بژاردەی نەخوازراوی یەکیتیدا، ئەو بژاردەیەی پەسندکرد کە دەرفەت و ماوە بۆ هەموارکردنەوەی پڕوژەی دەستور و سازانی نیشمانی ئەهێڵێتەوه و شەرعیەتی ئەزمونی هەریمی کوردستان ئەپاریزێ. له و ڕوانگەیەوە پەرلەمانتارانی یەکییتی دەنگیان لەسەر ئەو پروژە یاسایەدا کە ئەمڕو پەرلەمانی کوردستان پەسندیکرد.
هەر تەفسیرێکی پێچەوانەی ئەو تەفسیرو شیکردنەوەی سەرەوە، کە مەبەست و سیاسەتی یەکیێتی لەمەڕ مەسەلەی دەستورو پەیوەست بونی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەکەیسی دەستوور و دیدی یەکیێتی لەبارەی پێویستی هەموارکردنی پڕۆژەی دەستورو سازانی نیشمانیەوە، ناوەروک و چوارچێوەکەی نەبێ، ئەوا تەفسیرێکە ئامانجی تر لەخۆ ئەگرێ و مەبەست لێی لێڵکردنی سیاسەتی ڕوونی یەکیێتی و دواجار بەکارهینانیەتی لە دژی ڕاستیەکانی سیاسەت و هەڵوێستی یەکیێتی.
مەکتەبی سیاسی
یەکیێتی نیشتمانی کوردستان
ئیوارەی 30-06-2013