جەماوەری خۆڕاگری کوردستان...
رۆژی 30-06-2013 پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیاسایەکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی خولی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم خستە بەرنامەی کاری دانیشتنی خۆی، دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەکان کرا، لەلایەن فراکسیۆنەکانی (گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵی ئیسلامی) نەک هەر ڕەتکرانەوە، بەڵکو شەڕەقسە و جنێویشی بەدواداهات، پاشان پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد. هەرچەندە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوان بوون پرسەکانی (دەستوور و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم، پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان) لە ڕێگەی سازان و ڕێککەوتنی سیاسی و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی یاسایی یەکلایی بکرێنەوە و چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەوە نەکرا و ئەو دۆخە نەخوازراوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە بینیمان.
ئێمە لە حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هەر زوو مەترسییەکانی ئەو دۆخەمان لەسەر ئەو پرسانە بۆ ڕای گشتی و هەموو لایەنەکان ڕاگەیاندبوو، بە ڕاشکاویش گوتبوومان کە دەبێ بڕیاردان لە پڕۆژەی دەستوور و سازدانی هەڵبژاردنەکان زیاتر ماڵی کوردی یەکبخات و گونجانی کۆمەڵایەتی قووڵتر بکاتەوە، هەروەها ڕێگاچارەکانیشمان بۆ هەموو پرسەکان خستبووە ڕوو، کەچی بەداخەوە ئەو بۆچوونە عەقڵانی و نیشتمانیەی ئێمە بەهەند وەرنەگیرا و بەرژەوەندی حزبی بەسەر بەرژەوەندی گشتی زاڵکرا. لێرەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە کە نابێ بە ناوی زۆرینە مەسەلەیەکی وا هەستیار تێپەڕێنرێت، هەروەها ناشبێ کەمینە به و شێوازەی بەرژەوەندی خۆی تێدایە، هەڵسوکەوت بکات.
له و سۆنگەیەوە جارێکی دیکەش داوا دەکەین، بە دوور لەم گیان و ڕوحیەتەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بۆ سازانی نیشتمانی بگەڕێنەوە و پرسەکانی دەستوور و هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان چارەسەر بکەن. هەروەک بەبێ موزایەدە و بانگەشەی سیاسی و وروژاندنی هەستی جەماوەر، گوێ لە زمانی عەقڵ بگرین و لە چوارچێوەی وتووێژێکی بنیاتنەر و ڕاستەوخۆ و شەفافدا کێشەکان تاوتوێ و چارەسەر بکەین. هەر ئەمەش لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و خزمەتیش بە هەمووان دەکات. داواکاریشین هەرچی زووە ئەو دۆخە نالەبار و گرژەی هەیە بڕەوێنرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، له و پێناوەشدا حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان هەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ...
کۆمیتەی ناوەندی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
01-07-2013