نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە بڵاوکردنەوەی زنجیرە وتارێک کردووە، کە بە حسابی خۆی دیکۆمێنتارییه و گوایە نهێنی کۆبوونەوەکانی یەکێتی و پارتی و کۆمەڵێک باسی تر لەخۆ دەگرێت، ئێوارەی ئەمڕۆش لە کەناڵەکانی خۆیدا چەند پەرەگرافێکی لێ بڵاوکراوەتەوە.
ئێمە وەک دەسپێکێک بۆ ئاشکراکردنی ناڕاستیەکانی و ناساندنی ڕەفتاری پیلانگێڕانەی نەوشیروان لەناوخۆی یەکێتی و قین هەڵگرتنی لە هەڤاڵانی ئەوسای و سیاسەتی خۆباڵادەستکردن و خۆزاڵکردنی لەسەر حسابی یەکێتی و هەڤاڵانی ئەوساشی، ئەم بۆچوونانەی خوارەوە بڵاو دەکەینەوە، کە دواتریش، ئەگەر پێویستی کرد، قسه و بەڵگەی زۆرتر سەبارەت بەناساندنی ڕوونتر و بەڵگەدارتری سیاسەت و پیلان و باری سایکۆلۆژی نەوشیروان مستەفا ئاشکرا دەکەین
ئەگەر ئەو دۆکیۆمێنتانەی بڵاویان دەکاتەوە هی ئەو سەردەمەبن کە نەوشیروان مستەفا و هێندێ لە هاوڕێبازانی لە پۆست و پلەی باڵای یەکێتی دابوون، بەتایبەتی دەفتەری مەکتەبی سیاسی و بەڵگەنامەی نهێنی یەکێتی بەکار بێنێ، ئەوا ئەمە نەک هەر بە ڕەفتارێکی ناشایسته و ناشیرین حساب دەکرێت، بەڵکو کارێکە لەگەڵ ئەخلاق و دەستپاکی سیاسی و بگرە کۆمەڵایەتیشدا یەک ناگرێتەوه و تەواو ناکۆکە، بۆیە گومانی تیا نیە هەر کەسێک بیکا بە تەواوی له و پرنسیپانە دائەشۆرێ. ئۆباڵی لێکەوتەکانی ئەو ڕەفتارەش دەکەوێتە ئەستۆی خودی نەوشیروان مستەفا.
خۆ ئەگەر ئەو دۆکیۆمێنتانە هی قۆناخی دوای جیابوونەوەی نەوشیروان بێت لە یەکێتی، دیسانەوە دەچێتە چوارچێوەی جاسوسی کردن بەسەر حزبەکان و ئەمەش پێچەوانەی یاسایە و کاردانەوه و لێکەوتەی خۆی دەبێ.
نەوشیروان مستەفا، ئەو سەردەمەش کە لە ناو یەکیێتیدا پۆستی باڵای هەبوو، هەموو هاوپەیمانی و دۆستایەتیێکی لەگەڵ دەرەوەی یەکێتی بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانی خۆی لەناو یەکیێتی و لێدانی ئەو سەرکردانە بەکار دەهێنا کە لەگەڵ ڕای ئەودا نەبوون و بە دڵ و خواستی ئەو هەڵنەدەسوڕان. هەر بۆنموونە کاتێ کە بڕیاری یەکخستنەوەی حکومەتی هەرێم درا، نەوشیروان تەنها لەپێناوی ئەوەی هەڤاڵێکی ئەوسای لەناو یەکیێتیدا نەبێتە سەرۆکی حکومەتی یەکگرتووی هەرێم، پێداگری زۆری کرد لەسەر ئەوەی کە ئەو پۆستە بدرێتە سەرکردەیەکی پارتی. هەروا ئەو کاتەی لەبەغداشدا تا ڕادەیەکی کاریگەر بڕیاربەدەستی یەکێتی بوو، لایەنگری ئەوەی نەکرد کە کەسایەتییەکانی یەکیێتی ببنە وەزیری بەرگری و دەرەوەی عیراق، بەڵام زۆر پەرۆشی ئەوە بوو محەمەد تۆفیق ڕەحیمی زاوای ببێتە وەزیرو هەرواشی کردو دووجار زاواکەی کردە وەزیری پیشەسازی عیراق.
دواجار دەڵێین، ئەگەر نەوشیروان مستەفا ململانێکە بباتە ئەو ئاستە و به و بێ پەرواییە سنوورەکانی ئەخلاقی سیاسی ببەزێنێ، دەبێ چاوەڕوانی ئاشکراکردنی دۆکیۆمێنتە ڕەشەکانی خۆی بکا کە دڵنیاین تاکو ئێستا لای بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان ئاشکرا نین.
بۆیە لەکۆتاییدا دەڵێین: نەوشیروان مستەفا بەهۆی دۆخی خراپی سایکۆلۆژی ئێستای خۆی و بێ ئومێد بوون و مایە پووچبوونی لە ئایندە سیاسییەکەی، خۆی فڕێ دەداتە ناو چوارگۆشەیەکی ئەوتۆ کە بەهاو شەرعییەتی خۆی دەدۆڕێنی.
بۆ مێژووش ئەمڕۆ یەکێتی بیروبۆچوونی خۆی لەم بارەیەوە گەیاندۆتە نەوشیروان مستەفا.
مەکتەبی ڕاگەیاندنی
یەکیێتی نیشتمانی کوردستان
07-07-2013