سێ ساڵ لەمەوبەر و لە بەرەبەیانی 19ی گوڵاندا، ڕژیمی ئیسلامی پێنج ڕۆڵەی بەئەمەگ و خۆشەویستی کوردستانی لەسێدارەدا. ئەوەیش لەحاڵێکدا بوو کە هەموو مافێکی بەرگری لەو زیندانیە سیاسیانە بەربەست کرابوو و سەرەتاییترین ماف کەهەبوونی پشتیوان و پارێزەرە لییان وەرگیرا و بواری هیچ چە شنە بەرگرییان پێنەدرا لەحاڵێکدا دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان هێشتا کۆتایی پێنەهاتتبوو. سەرە ڕای ئەو هەموو ئەشکەنجە و ئازاردان و پاشان بێ مافکردنی تەواویان، هێشتاکە شۆێنی ئەسپەردەکردنیان بۆ بنەماڵە و کەس وکاریان ڕوون نییە. لەسێدارەدانی فەرزاد و هاوڕێیانی، لەگەڵ ناڕەزایەتییەکی پان و بەرینی جیهانی ڕووبەڕوو بووەوە و لە هەندەران و لەئاستی نێونەتەوەییشدا، تاوانی لەسێدارەدانیان مەحکووم کرا. لە ناوەوەی وڵاتیش بە مانگرتنی گشتی و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرفراوان بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو حوکمە ناڕەوایە مەحکوم کرا. ڕێکخراوی فە ڕهەنگی یونسکۆ لە ڕاپۆرتی ساڵانە ی خۆێدا هاوکات لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە سیستمی پەروەردە و بارهێنانی حکومەتی ئیسلامی، بابەتی فەرزادی کەمانگەریشی باس کرد.یەکیەتی ئەورووپا حوکمی ناڕەوای لەسێدارەدانی مەحکووم کرد و ڕێکخراوی ئەمنستی(چاودیری مافی مرۆڤ)وێڕای مەحکووم کردنی لەسێدارەدان، فەرزادی وەک مامۆستایێکی تێکۆشەر ناساند. 34 ساڵە حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای: ئازار و زیندان و ئەشکەنجە و تیرور و کۆشتن و ئیعدامی نەیاران و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مافی مرۆڤ درێژە بەتەمەنی نگریسی خۆی دەدات. لە 34 ساڵی ڕابردوودا، هەزاران چالاکڤانی سیاسیی بەهۆێ بیروباوەڕیانەوە لە ناو بردووە کە ئاکامەکەی بووەتە هەزاران گۆڕستانی ون کەفەرزاد و سەدان ڕۆڵەی خەباتکار و بوێری لەخۆ گرتووە و گۆڕستانی خاوەرانی تاران نموونەیێکە لەو هەزاران گۆڕستانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە کوردستان و ناوچە کانیتری ئێران، بێ ناو ونیشانن. گۆشار و تۆقاندن و هێرش بۆ سەر مافی هاوڵاتیان، تەنیا زیندانیە سیاسیەکان ناگرێتەوە، بە ڵکوو بنەماڵەکانیانشیانی گرتووەتە بەر و ئاسایشیان بۆ نییە ! ماڵ و حاڵ و دارایی زۆربەی بنەماڵەی زیندانیە سیاسیە کان بەتاڵان دەبەن و لە کار و دەوام کردن و تەنانەت لە خۆێندنیش بە تەواوی بێبەش دەکرێن هەتا ناچاربن کە خاکی باب و باپیریان بە جێ بێڵن و کۆچبەر بن. لەم ناوەدا، بارودۆخی ژیانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەتایبە ت خەباتکاران و ئازادیخوازانی کورد، گەلێک خراپترە لە ناوچەکانیتری ئێران. بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی هەرانا کە حەفتەی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە، ژماریێکی زۆر لەزیندانیە سیاسیەکان کە حوکمی سێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە، کوردن. تاوانی ئەو زیندانیانە کە ناوی 101کەسیان بڵاو بووەتەوە، پێوەندی کردن بەمیدیا جیهانیەکان، یان بڵاوکردنەوەی هەواڵی پێشیلکاریەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگەیاندنی بارودۆخی ژیانی دژواری گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵات بە دام ودەزگا جیهانییەکان و ناوە ندە مرۆڤدۆستە کان. فەرزادی کەمانگەر کە خۆی تێکۆشەرێکی سەربەخۆی سیاسی کورد بوو، پێش ئەوەی کە بخرێتە زیندان و هەروەها لەکاتی دیل بوونیدا، ڕێپۆرتێری کۆمەلە تێکۆشەرەکانی مافی مرۆڤ بوو لە ئێران. ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی فەرزاد و هاوڕییانی، وەبیرهێنەرەوەی بندەستبوونی نەتەوەی کوردە کە 34 ساڵە بۆ یەکسانی و ئازادی و دیمۆکراسی تێدەکۆشێ و هەزاران ڕۆڵەی ئاگا و دڵسۆزی لەو ڕێگایەدا لەدەست داوە. گرتن و لێدان و کۆشتن و سەرکوتی بێ پسانەوەی نەیاران، لە لایەن تۆری ئاسایشی حکوومەتی ئیسلامی ئیران، دەمێکە بۆ بیروڕای جیهانی دەرکەوتووە. حکوومەتی ئیسلامی کە بەهۆی کردەوە دژی مرۆڤیەکانیەوە لە باری ڕامیاری و ئابووریەوە لاوازە، بۆ مانەوەی خۆی سەرکوتی گەلانی ئێران بە چارەسەر دەزانێت و ئێمە هەموو ڕۆژێک شاهیدی کۆشتاری کۆڵبەرە هەژارەکانی کورد و زەخت و زۆر لەسەر بنەماڵەکانی زیندانیە سیاسیەکان وچالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤین. جێگای خۆیەتی کە لە ساڵرۆژی لەسێدارەدانی مامۆستای نەمری کورد و هاوڕێکانیدا، داوا لە هەموو ڕێکخراوە و کۆڕ وکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و هەڵسووراوانی سیاسی بکەین کە بە تێکۆشان و هەڵمەتێکی جەماوەری و سەرانسەری بەرگری لە زیندانیە سیاسیەکان و تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ بکەن. ئێمە وێڕای پشتیوانیمان لە 19ی گوڵان وەک ڕۆژی مامۆستا لەکوردستان، خوازیارین کە هەموو ڕێکخراوە ماف پارێزەکانی مرۆڤ لەئاستی نێودەوڵەتی و هەر وەها ناوەوەی وڵات بۆ وەدی هاتنی ئاواتەکانی فەرزاد و هەموو گیانبەختکردوان بە پاڵپشتی خۆتان، ڕێگا خۆشکەری ئەم بابەتەبن.
کۆمەڵە ی مافی مرۆڤی کورد لە ئۆرووپا
کەمپێنی بەرگری لە زیندانیە سیاسی و مەدەنیەکان
کۆمیتەی کوردەکانی ئەمریکا بۆ دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران
چاودیری کوردۆساید (چاک – کۆمیتەی ڕۆژهەڵات)