خەندان سۆران کەریم
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2011ەوە تەنها یەک پرۆژە بۆ قەزای خانەقین جێبەجێکراوە، ئەوەشدەخاتەڕوو، کە کەس نازانێت بودجەی خانەقین چی بەسەر دێت و بۆ (گیرفانی) کێ دەچێت.
سەمیر محەمەد نور، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، بە (خەندان) ی ڕاگەیاند: حکومەتی ناوخۆیی دیالە ستەم لە قەزای خانەقین دەکات و بەشێوەیەکی بەرچاو پەراوێزی خستووە.
وتیشی: "لە ساڵی 2011ەوە تا ئێستا تەنها یەک پرۆژە بۆ قەزاکە جێبەجێکراوە، کەس نازانێت پشکی قەزاکەمان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، بۆ (گیرفانی) کێ دەچێت و ناشزانین لە کێ بپرسینەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: ساڵی 2008 بڕی 12 ملیار و 500 ملیۆنیان بۆ خانەقین تەرخانکرد، ساڵی 2009 یەک دینار دانەنرا، ساڵی 2010 نزیکەی شەش ملیار تەرخانکرا، بەڵام تا ئێستاش نیوەی ئەو پارەیە خەرج نەکراوە، وتیشی :"لە ئەنجومەنی ماوەتەواوبووی پارێزگاکە شەش ئەنداممان هەبوو، کە یەکێکیان بوو بەسەرۆکی ئەنجومەن، بەڵام ڕۆڵی کاریگەریان نەبوو بۆ خانەقین، ڕەنگە ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان کاریان کردبێت، بۆیە لەم خولەدا لە شەش کورسییەوە، کورد توانی تەنها سێ کورسی بەدەست بهێنێت".
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای خانەقین، ئاشکراشیکرد: لە لایەن پارێزگای دیالەوە یەک دینار بۆ ئیدارەی قەزاکە خەرج ناکرێت، وتیشی :" قایمقام دینارێکی لە بەردەستدا نییە بۆ خەرجکردنی و دەسەڵاتی ئەوەی نییە لەسەر پارەی حکومەت ماتوڕێکی ئاو گەر خراپ ببێت، چاکی بکاتەوە".
سەمیر محەمەد نور، لەبارەی ئەو پرۆژانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ خانەقین جێبەجێکراون، وتی: "ئێمە بە سوپاسەوە ئەڕوانینە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، پرۆژەی باشیان ئەنجامداوە، هەرچەندە تەنها پابەندبوونێکی ئەخلاقی و نەتەوەییان هەیە بە قەزاکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕێی زیاتریان لێدەکەین، چونکە پرۆژەکانیان بەپێی تموحی ئێمە نییە".
- 16-07-2013