ماوەی زیاتر لەحەوت مانگە بێکارییەکی زۆر لەناو شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا سەریهەڵداوه و هەر بەوهۆیەشەوە چەندین کەس لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە (ئیزندراون) و بێکاربون، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی کرێکارانی کوردستانیش هۆکارەکەی بۆ دەسەڵات دەگەڕێنێتەوه و دەڵێت "دەسەڵات گەمارۆی ئابوری دەخاتە سەر خەڵکی کوردستان و نایەوێت دەرفەتی کار هەبێت".
ئا: ڕامان عومەر
بەرپرسی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی کرێکارانی کوردستان، حسێن ساڵح، ئاماژە بەوە دەدات لەئێستادا بێکارییەکی زۆر لەشارو شارۆچکەکانی کوردستاندا بەدی دەکرێت، چینی کرێکارانیش پشکی شێریان له و بێکاریە بەرکەوتوه و "رۆژانە کرێکاران گلەیی ئەوە دەکەن کە کار نیه و هۆکاری ئەوەش بۆ دەسەڵات دەگەڕێتەوە، چونکە دەسەڵات نایەوێت بەبەردەوامی ئیش هەبێت و گەمارۆی ئابوری دەخاتە سەر خەڵکی کوردستان بۆ ئەوەی ناچاریانبکات دوایان بکەون" سەرۆکی پێشوی ڕێکخراوی بێکارانی کوردستان و شارەزا لەبواری کاردا، ئەنوەر غەریب، پێیوایە پێنەدانی پێشینەکان وایکردوە ڕێژەی بێکاری بەرزبێتەوه و بازاڕ بکەوێت، ئەو ڕەخنە له و ئامارانەش دەگرێت کە ناوەندە ڕەسمیەکان و ڕێکخراوەکان لەبارەی ڕێژەی بێکارییەوە بڵاوی دەکەنەوه و وتیشی "هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی و ئاماری کوردستان ڕێژەی بێکارییان بە 11% داناوە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ئەو ڕێژەیە لە15%ی تێپەڕاندوە".
ئەنوەر غەریب، باس لەوەش دەکات دۆزینەوەی دەرفەتی کارو دامەزراندن بۆ دەرچوانی زانکۆکان و دەرچوانی ساڵانەی زانکۆکان هاوتا نیه و وتیشی" ئەوانەشی لەکەرتی تایبەت دادەمەزرێن بە 200هەزار یان 300 هەزار دینار دامەزراون، ئەوەش وەڵامدەرەوە نیە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانیان، لەبەرئەوە سیستەمەکە سیتەمی بازاڕی ئازادو بازاڕی ڕەشە، کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان چۆن بیانەوێت خەڵک به و شێوەیە دەچەوسێننەوە".
حەمە ئەمین و عومەر عەبدوڵڵا کە دو بران و ماوەی 25 ساڵە کرێکاری بیناسازین ئاماژە بەوە دەدەن، لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە لەساڵی 2003وە بۆ یەکەمجارە کە هیچ ئیشێکیان نەماوه و ئەوان باس لەوەش دەکەن کە زیاتر لەیەک مانگە لەماڵەوە دانیشتیون، هۆکەشی ئەوەیە پێشینەکان نەماوه و زۆربەی ئەو ئیشانەشی لەمساڵدا کردویانە بەقەرز بوە، "چونکە زۆرینەی هاوڵاتیان پارەیان پێ نیە بەکاش بماندەنێ". شاخەوان محەمەد، کە لەیەکێک لەچایخانەکانی شاری سلێمانی کاریدەکرد، مانگێک پێش ئێستا لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە نێردراوەتەوە بۆ ماڵەوە و پێیراگەیاندوە کە بەهۆی بێ بازاڕییەوە چیتر ناتوانێت موچەی بداتێ ئەو وتی "دیارە ئەویش ناحەقی نییە چونکە ئیشی زۆر کەمبۆتەوە".
زانا عومەریش کە دوکانی فرۆشتنی یاری منداڵانی هەیە هەمان ڕای شاخەوانی هەیە و جەخت لەبێبازاڕیی دەکاتەوە، ئەو هێما بەوە دەکات مانگانە 600 هەزار دینار کرێ دوکان دەدات، بەڵام لەئێستادا نیوەی کرێ دوکانەکەشی پەیدا ناکات "ئێستا ڕۆژانە 10 تا 15 هەزار دینار پەیدا دەکەم، ئەگەر وابڕوات ناچار دەبم وازیلێبێنم چونکە ناکرێت هەر لەزەرەرکردن بەردەوامبم ".
شارەزاکەی بواری کار هۆکاری ئەو بێکارییە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەکتیڤ نەبونی پێشینەکان و کۆنیی سیتەمی کار لەهەرێمداو ئەو وتیشی"لەساڵی 1987ەوە حیزبی بەعس بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی یاسای کاری داناوه و تائێستاش هەر ئەوەیە کە ئەوەش کێشەیە، چونکە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژدا نایەتەوەیەک".
ناوبراو بەپێویستیشی زانی ئەو سیستەمی کارە بگۆڕدرێت و دەرفەتی کار بۆ خەڵک زیاتر بکرێت و وتیشی "دەتوانرێت سود لەئەزمونی وڵاتانی ئەورپا وەربگیرێت کە خەڵک لەرێگەی نوسینگەکانی کارەوە بچنە سەرکار، ئەو کات دەرفەتی کار بۆ هەموان دەبێت ئەوەش تەنها چارەسەری بەشێک لەکێشەکانە".
لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڕێژەی بێکاری، گرانی و بەرزبونەوەی نرخەکانیش تەنگی بەهاوڵاتیان هەڵچنیوە، شیروان محەمەد، کە دوکانداره و پێداویستە خۆراکیەکان دەفرۆشێت لەوبارەیەوە دەڵێت "فەردەیەک برنج 13 هەزار دیناری چۆتە سەرو بازاڕیشیان ڕۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت" ئەو وتیشی "کەس نازانێت هۆکاری بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخەکان و کەوتنی بازاڕ چییە".
- 17-07-2013