بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان..
وا بۆماوەی زیاتر لە سێ مانگە هەردو حیزبی حوکمڕان قەیرانێکی سیاسییان لە هەرێمی کوردستان دروستکردوە، بەهۆی پێداگیرییان لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی نائومێد بون لەوەی کە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم مافی خۆکاندیدکردنەوەی هەبێت بۆ ئەم پۆستە.
هەر بۆ ئەم مەبەستەش بە شێوازێکی نایاسایی و ناشەرعی و بەدور لە ڕەچاوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و، بە پێچەوانەی ڕێوشوێنە یاساییەکان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە 30ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسایەکیان لەپەرلەمانی کوردستان تێپەڕاند بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی بۆ دو ساڵی تر. دوێنێش سەرۆکی هەرێم لە پەیامێکی پڕ دژیەکی و تەمومژدا ئەو یاسایەی تێپەڕاند. ئێمە وەکو هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن پێداگرین لەسەر هەڵوێستی پێشومان و یاسای درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بە ناشەرعی ئەزانین و، بە مافی خۆشمانی ئەزانین هەمو هۆکارێکی مەدەنی بگرینەبەر بۆ دژوەستانەوەی.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هاوڵاتیان چاوەرێیان ئەکرد بەپێی بڕیاری خودی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەرسێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم ئەنجام بدرێن. بەڵام لەکۆی ئەم سێ هەڵبژاردنە بەهۆی ئەوەی سەرۆکی ئێستای هەرێم مافی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم نەبو و، هەردو حیزبی حوکمڕایش لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەترسن، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی پارێزگاکانیان پەکخستوە. ئەمەش بێناوەرۆک کردنی پرۆسەی دیموکراسیە و ستەمە بەرامبەر بە مافی دەنگدانی هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان کە دو حیزب بە میزاجی خۆیان و بەگوێرەی بەرژەوەندییە حیزبییەکانیان کاتی هەڵبژاردنەکان دائەنێن یان دوای ئەخەن.
لەهەمانکاتیشدا بەپێی بەدواداچون و زانیارییەکانمان تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان خەوشی گەورەی تێدایە و، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش بەپێچەوانەی مادەی 33ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکرا و مادەی شەشی یاسای هەموارکردنی حەوتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری داوە کە بۆ ژماردنی دەنگی هاوڵاتیان ناوەندی سەرەکی بکرێتەوە لە شارەکاندا نەک لە بنکەکانی دەنگدان پرۆسەی فەرز و ژماردنی دەنگەکان ئەنجام بدرێت، کە ئەمەش میکانیزمێکی ترە بۆ ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجامی ڕاستەقینەی دەنگی هاوڵاتیان و، گومانی جددی ئەخاتەسەر بێلایەنیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە شێوەیەکی پیشەییانە و خاوێن و، بەشێک لە بەرپرسیارێتی هەر دەرەنجامێکی نەخوازراو ئەکەوێتە سەرشانیان.
بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت و، گرەنتی هەڵبژاردنێکی بێ خەوش نەکرێت، تۆماری دەنگدەران لە ساختەکاری پاکنەکرێتەوە، ئەو بڕیارە نایاساییەی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان هەڵنەوەشێتەوە، ئەوا بژارەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان لەبەردەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کراوە دەبێت.
ئێمە پێشتریش پێشبینیمان کردبو کە هێنانە کایەی باس و خواستی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی ڕابردودا بۆ کردنەوەی دەرگا بو بۆ درێژەدان بە ویلایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وا کە ئێستا ئەو مەرامە هاتە دی، جارێکی تر پرسی پرۆژەی دەستور بە فەرامۆشی و قەدەر سپێردرایەوە. ئێمە سەرەڕای ڕێزمان بۆ سەرجەم پێکهاتە و هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پێداگرین لەسەر ئەوەی بەپێی بڕیاری ژمارە 2 ی پەرلەمان لە ساڵی 2011 ئەبێت لەژێر سەقفی پەرلەمان و لەلایەن نوێنەرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و پێداچونەوە بۆ پرۆژەی دەستور بکرێت چونکە پەرلەمانی کوردستان نوێنەری شەرعیی سەرجەم پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و ئاڕاستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتوە.
لەکۆتایدا ڕایدەگەیەنین کە هەردو حیزبی حوکمڕان جار لەدوای جار هەرێمی کوردستان بەره و قەیرانی قوڵتر ئەبەن و ئۆباڵی هەمو قەیرانەکانی ئێستا و داهاتویان ئەکەوێتە ئەستۆ.
یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بزوتنەوەی گۆڕان
17-07-2013