لقی هەولێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند کە تەنیا لە ماوەی (10) ڕۆژی ڕابردوودا لە هەولێر (3) حاڵەتی هەڕەشە و توندوتیژی بەرامبەر بە دوو ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک ئەنجامدراوە، داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات بەدوادچوون و لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوانە بکەن و کەسانی سەرپێچیکار سزا بدرێن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە لقی هەولێری سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند کە تەنیا لە ماوەی (10) ڕۆژی ڕابردوودا لە هەولێر (3) حاڵەتی هەڕەشە و توندوتیژی بەرامبەر بە دوو ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "یەکەمیان لە شەوی 8/7 لە لایەن کەسێکەوە بە ژمارەیەکی نەناسراو هەڕەشە لە هاوکار حەمەد پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی پەیام لە هەولێر کراوە".
ئاماژە بەوەشدراوە کە "رۆژی 15/7 یش لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نوێنەرانی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران پەلاماری هۆشمەند سادق پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی (k.n.n) لە هەولێر دراوە".
ئەوەش خراوەتەڕوو کە "نیوەڕۆی ڕۆژی 17/7 لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە لایەند چەند کەسێکی نەناسراو و بە ئامێری بریندارکەر پەلاماری دکتۆر مستەفا زەنگەنە نووسەرو ئەدەیب و مامۆستای زانکۆ دراوە و بریندار کراوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا لقی هەولێری سەندیکا و لیژنەی داکۆکی لە ماف و ئازادی ڕۆژنامەنووسان، وێڕای ئیدانەکردنی هەموو ئەو هێرش و پێشێلکاریانەی لەم ماوەی ئەم 10 ڕۆژدا کراونەتە سەر نووسەران و ڕۆژنامەنووسان داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن لە چوارچێوەی یاسادا بەدوادچوون و لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوانە بکەن و کەسانی سەرپێچیکار سزا بدرێن.
- 22-07-2013