بەرکەوتوویەکی جەکی کیمیاوی گیانی لەدەستدا و پێنج بەرکەوتووی دیکەش ژیانیان لەمەترسیدایە و لەکۆنتڕۆڵی پزیشکەکان دەرچوون.
میهرەبان سەلام، ئاوێنەنیوز: سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، لوقمان عەبدولقادر، بەئاوینەنیوزی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ(شەممە)یەکێکی دیکە لەبریندارانی چەکی کیمیایی بەناوی (ڕەئوف محەمەد فەتاح) لەتەمەنی (73) ساڵیداو بەهۆی کاریگەریی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
باسی لەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییە یەکێک بوووە لەوکەسانەی هەتا ساتی گیانلەدەستدانیشی چاوەڕێی چارەسەرکردنی دەکرد، بەڵام بەداخەوە تیمێکی پزیشکی ئێرانی کە بڕیاربوو بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بگاتە هەرێم، فریای ئەو بریندارە نەکەوتووه و گیانی لەدەستداوە.
وتیشی، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە چوارکەس، کۆی گشتی ئەو بەرکەوتووانەی کە بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە لەسنوری هەڵەبجەدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە (82) کەس.
لوقمان عەبدولقادر ئەوەشی خستەڕوو، ڕەئوف محەمەد فەتاح یەکێک بووە له و بریندارانەی کە لەساڵی (1988)دا لەنەخۆشخانەی مەشهەد خەوێندراوه و دۆسیەکەشی لای کۆمەڵەکەیانە.
- 28-07-2013