حەسەن حاجی سلێمان لە 26-11-1951 لە گوندی “تایتان”ی نزیک ئارارات لە ئەرمەنستان لەدایکبووە. باوکی ئەو (ئەیلازی محێ) لە ناوچەکەدا کەسایەتییەکی ناسراو و دەنگبێژێکی بەناوبانگ بووە. زیاتر چیرۆک، بەسەرهات، کەلام و مەتەڵی باوباپیرانی خۆی بە شێوازی حەیران و لاوک دەگوتەوە.
کاتێک حەسەن تەمەنی چوار ساڵ بوو، باوکی کۆچی دوایی دەکات و هەموو ئەرکی خێزانەکەیان دەکەوێتە سەر شانی دایکی. حەسەن حاجی سلێمان، ساڵی 1971 خوێندنی ناوەندی لە گوندی “شیرازلوو” تەواو دەکات. هەر لە هەمان ساڵدا، لە یەریڤان دەچێتە زانکۆی پێداگۆژی و لە بەشی زمان و ئەدەبی ئازەریدا دەستدەکات بە خوێندن.
ساڵی 1975 خوێندنی باڵا لەو زانکۆیە تەواو دەکات. دواتر دەچێتەوە گوندەکەی و تاوەکو ساڵی 1988 زمانی کوردی و ئازەری دەڵێتەوە. هەر لە ساڵانی خوێندنی زانکۆدا دەستدەکات بە نووسینی چیرۆک و شیعر و بەسەرهات و وتاری کوردی. بەرهەمە ئەدەبییەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک ڕێیا تازە، ئەرمەنیا سۆڤێت، سۆڤێتی ئەرمەنستانی، بارێکامۆیتون، ئاخینا وەڵات، کوردستانا ئازا، دەنگێ کوردا، دۆستانی، دەنگێ ژنان، دەنگ و بەحسێ کراسنۆدارێ، وەڵات، ئەسمەر، کوردستان، ژیانا کورد، کاراڤان، کۆڤچێک، گۆریزۆنت، ئاسیا داویسی، کورد، نووبار، پرۆستۆر و دۆستیک – دروژبا بڵاودەبنەوە.
بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان ئەرمەنییەکان و ئازەرییەکان، حەسەن حاجی سلێمان، ساڵی 1989 لەگەڵ نزیکەی 30 هەزار خێزانی دیکە دەچنە کۆمارەکانی دیکەی سۆڤێتی پێشوو، بەشێکیان لە ناویشیاندا خێزانی حاجی سلێمان، لەگەڵ خزمەکانیان چوون بۆ کۆماری کازاخستان و لە ئاڵمات نیشتەجێبوون. ساڵی 1990 حەسەن حاجی سلێمان لە ئاڵمات دەبێتە مامۆستای زمان و وێژەی کوردی، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
لە ساڵی 1991 لە ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤاری نووبار دەست بەکارکردن دەکات. لە ساڵی 1998ەوە تاوەکو ئێستا هەڵەچن و زمانەوانی ڕۆژنامەی کوردستانە کە ئێستا بەناوی ژیانا کورد دەردەچێت. ساڵی 1994 دەبێتە ئەندامی یەکێتی ڕۆژنامەنووسانی کازاخستان. ساڵی 2001 دەبێتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کازاخستان.
ساڵی 1993، لە گوندی “ئاشی بولاک”ی سەر بە هەرێمی ئاڵمات، لەگەڵ دەنگبێژ و شاعیر مەجید سلێمان گرووپی شانۆ و سەما دادەمەزرێنن. حەسەن حاجی سلێمان، جگە لەو بوارانە، وەرگێڕێکی ئەدەبی باشیشە. لە زمانەکانی ئازەری، ئەرمەنی و کازاخییەوە، چیرۆک و شیعر و پەخشانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
لەسەر بەرهەمەکانی ئەو شاعیرە کوردە، تاوەکو ئێستا چەندین تێزی دکتۆرا لە زانکۆکانی کازاخستان وەرگیراون. لە کازاخستان زیاتر لە 50 نەتەوە و کەمینەی نەتەوەیی دەژین کە لە ڕێگەی حەسەن حاجی سلێمانەوە کوردیان ناسیوە. چیرۆکێکی بەناوبانگی ئەو شاعیرە بەناوی “کەڕ و کلوک” لە کتێبی پەروەردەی منداڵانی کازاخستاندا وەکو وانە دەخوێنرێت.
حەسەن حاجی سلێمان تاکو ئێستا سێ کتێبـی شیعری بە ناوەکانی “حەسرەتا وەڵات، دلێ من، ئاخینا دێ” و کتێبێکی چیرۆکی بە ناوی “رییا ئەمر” بڵاو کردووەتەوە. هەروەها چەند کورتە ڕۆمانێکیشی بڵاو کردووەتەوە بە ناوەکانی “دەردێ گوندەکی، د گەلیێ زیلادا، درامای شێخ سەعید و شێخ مەحمودی بەرزنجی، داستانی دایکی من، ئەمرێ د ناڤا تێکۆشینێ دە و وەڵات گازی من دکە”.
بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەری لە کازاخستان و تەمەنی 15 ساڵەی بوونی ئاستانە بە پایتەختی ئەو وڵاتە، سەرۆکی وڵات مەدالیای ئاڵتوونی پێشکەش بە شاعیر و ڕۆژنامەنووسی کورد (حەسەن حاجی سلێمان) کردووە، لەبەرئەوەی خزمەتی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی کازاخستانی کردووە.