بۆ ڕای گشتی کوردستانی وجیهانی.
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستانی مەزن!
تامەزرۆیانی ئاشتی و تەبایی و یەکڕیزی نەتەوەی گەورەی کورد!
دوای تێپەڕبوونی نزیک بە ساڵێک و پاش چەندین دانیشتن و کۆبونەوە لە نیۆان سەرکردایەتی هەردوو پارتی سەربەستیی کوردستان و پارتی ئازادی و دیمۆکراسی کوردستان و بۆ هەرچی زیاتر خزمەت بە نەتەوەی کورد و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەتەوە و وڵاتەکەمان لە لایەک و؛ لە پێناو وەسەریەک خستنەوەی هێز و تواناکانمان و بۆ هەرچی زیاتر مەحکەمکردنی سەنگەری خەباتی نەتەوایەتی لە لایەکی دیکەوە، هەردوو لایەن لە سەر ئەوە ڕێکەوتین کە وەک یەک لایەنی سیاسی و لە ژێر ناوی پارتی سەربەستیی کوردستان درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆمان بدەین.
هەر لێرەوە داوا لە سەرجەم هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی دەکەین کە بە کەڵک وەرگرتن لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی نەتەوەکەمان دا، با چاوپۆشی لە قازانج و بەرژەوەندیە تاکەکەسی و گروپیەکان بکەن و پێکەوە لە یەک ڕیکخراو و بۆ یەک ئامانج کە ئەمیش سەربەخۆیی کوردستانە درێژە بە تێکۆشانیان بدەن، چونکە هەلومەرجی ئەمرۆی کوردستان پێویستی بە یەکریزی، تەبایی، هاوهەڵوێستی و پاڵپشتی یەکتری هەیە.
هەر لەم ڕاستایە و وەک هەردوو لایەنی پادک و پ س ک داوا لە گشت لایەنە سەربەخۆخوازەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و داوایان لێدەکەین: کە بۆ هەرچی زیاتر خزمەت بە نەتەوەکەمان و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی دا، با لەگەڵ یەکتر دڵپاک و بە دیالۆگ و دانیشتن ڕێگای یەکگرتن و لێکنزیکبوونەوە خۆشبکەین، گومانی تێدانییە کە هەمچون هەنگاوگەلێک کە ئەمرۆ پسک و پادک ناویانە، گەورەترین خزمەتە بە نەتەوەکەمان و ڕێگاخۆشکەری ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتییە لە پێناو ڕزگاری کوردستان.
هەر شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی یەکڕیزی ڕٶڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد لە پێناو کوردستانێکی ئازاد و دێمۆکرات و سەربەخۆدا.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان: ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی ئازادی ودیمۆکراسی کوردستان
عارف باوەجانی سەرۆکی گشتی پ س ک : قادری خەندەڕەش سەرۆکی پادک
20ی گەلاوێژی 2713ی کوردی. 11-08-2013 زاینی