بە پێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، لە سەرەتای مانگی تەمموزوە تا ڕۆژی بەر لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، لە گشت کوشتارگەکانی ئاژەڵی لە هەرێم زیاتر لە 82 هەزار سەر ئاژەڵی بچوک و نزیکەی 12 هەزار سەر ڕەشەوڵاخ سەربڕاون، کە پشکی زۆری بەر هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەکەوێت.
د. ئازاد خۆشناو، بەرێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری هەرێم لەلێدوانێکی نوسراودا کە وێنەیەکی بۆ (خەندان) ناردوە دەڵێت: "لە سەرەتای مانگی تەمموزەوە تا ڕۆژی بەر لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کەبەشێکی زۆری سەربرینەکە بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە دەکەوێتە ماوەی ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا، لە گشت کوشتارگاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 82 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و نزیکەی 12 هەزار گەورە، سەربڕاون.
راشیگەیاندوە: پارێزگای سلێمانی پشکی شێری بەرکەوتووە لە بەرهەمی گۆشتی ئەم ئاژەڵە سەربڕاوانەدا بەجۆرێک کە تەنها لە کوشتارگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانیدا زیاتر لە 47 هەزار سەر ئاژەلی بچووک و زیاتر لە شەش هەزار ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە و لەبازارەکانی ئەم پارێزگایەدا ساغ کراونەتەوە.
ئازاد خۆشناو ئەوەشی وتووە: "پشکی دووەم لە خواردنی گۆشتدا بەر هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێر کەوتووە، بەجۆرێک نزیکەی 25 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و زیاتر لە چوار هەزار ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە و لە بازارەکانی ئەم پارێزگایەدا ساغ کراونەتەوە، پشکی سێهەمیش بەر هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک کەوتووە بەجۆرێک زیاتر لە 16 هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و سێ هەزار ئاژەڵی گەورە لەگشت کوشتارگەکانی سنوری پارێزگای دهۆک سەربڕاوە و لەبازارەکانی ئەم پارێزگایەدا ساغ کراونەتەوە.
ئەوەشیخستووەتەڕوو: بچوکترین پشکیش بەر هاوڵاتیانی ناوچەی گەرمیان کەوتووە بەجۆرێک کە نزیکەی شەش هەزار سەر ئاژەڵی بچووک و تەنها 400 ئاژەڵی گەورە سەربڕاوە و لە بازارەکانی ئەم پارێزگایەدا ساغ کراونەتەوە.
- 13-08-2013