خەندان سۆران کەریم
لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا 105 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و حەوت حاڵەتی مارپیوەدان و شەش حاڵەتی گرتنی سەگ، گەینراوەنەتە بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار، ئەمە جگە لە چەندین حاڵەتی دیکەی وەک سووتاوی و هەوڵدان بۆ خۆکوشتن بە حەپ و شەڕە چەقۆ.
ئازاد حەمە فەرەج، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی گەلار، بە (خەندان)ی ڕاگەیاند: لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، 105 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک گەیەنراوەتە بەشەکەیان، کە یەکێک له و کەسانەی دووپشک پێوەی دابوو، گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشیخستەڕوو: هەر له و ماوەیەدا، حەوت حاڵەتی مار پێوەدان و شەش حاڵەتی گرتنی سەگی هار گەیەنراوەتە بەشەکەیان بە مەبەستی چارەسەرکردنیان.
هەر بەپێی ئامارەکانی بەشی فراکەوتنی کەلار، لەسەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە تا ئامادەکردنی ئەو هەواڵە، 50 حاڵەتی سووتاوی، کە زیاتر لە 15 کەسیان گیانیان بەهۆی سووتاوییەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیەنراوەتە بەشەکەیان، ئەمە جگە لە 34 حاڵەتی کەوتنە خوارەوە و هەشت حاڵەتی برینداری فیشەک و چوار حاڵەتی خنکاوی بە ئاو.
ئازاد حەمە فەرەج، وتیشی: "لە چوار مانگی ڕابردوودا، شەش کەس بە خواردنی حەپ بەمەبەستی خۆکوشتن، کە پێنجیان ئافرەت بووە و حەوتی دیکەش بەهۆی ژەهراویی بوونەوە، گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتن، لەگەڵ 13 حاڵەتی کارەباگرتن، کە زۆربەیان گیانیان لەدەستدا".
روونیکردەوە: بەهۆی شەڕەچەقۆشەوە، 15 کەس بە برینداری گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار لەگەڵ 15 برینداری دیکە بەهۆی ڕووداوی ماتۆڕسکیلەوە، هەروەها 138 برینداری ڕووداوەکانی ئۆتۆمبێل.
- 13-08-2013