لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا 316 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەوتەی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمیش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی گەشتیاران سەدا 21 زیادیکردووە.
ئامار و ژمارە یەکێکە لە پێوەرەکانی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە و هەڵسەنگاندنی وڵاتە گەشتیارییەکانی لەسەر دەکات و ڕیزبەندییان دەکات، لەم ڕووانگەیەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام ئاماری گەشتیاران لە بۆنە و ساڵەکان دەخاتە بەردەست ڕاگەیاندن و پلانی ساڵانەی بۆ ساڵی داهاتوو لەسەر بوونیاد دەنێت.
نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند کە بە پێی ئامارەکان ژمارەی گەشتیاران و وەبەرهێنان لە کەرتی تایبەت و گشتی گەشتوگوزار لە گەشەکردن و پەرەپێداندایە و ساڵ دوای ساڵ و جەژن دوای جەژن ژمارەکان لە زیادبووندان.
نادر ڕۆستی وتی: "لە جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا ژمارەی گەشتیاران بریتی بووە لە 316 هەزار گەشتیار کە بە بەراورد بە جەژنی ڕەمەزانی ساڵی 2012 کە 261 هەزار گەشتیار بووە، بە ڕێژەی 21% زیادی کردووە".
نادر ڕۆستی ئاماژەی بەوەداوە کە زۆربەی گەشتیارەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق هاتوون، لە دوای ئەوەش لە وڵاتە دراوسێکان و لە فڕۆکەخانەکان هاتوون.
وتیشی: "گەشتیاری وڵاتانی دراوسێ و بیانی سەدا 25 زیادی کردووە و گەشتیاری خواروو ناوەڕاست سەدا 11 زیادی کردووە".
وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەم ئامارانە لە بازگەکان و خاڵە سنووریەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە وەرگیراون و لە ئاماری دەستەی گەشتوگوزار ڕێکخراون و پشتڕاستکراونەتەوە "لێرەوە دەستخۆشی لەسەرجەم بەرپرس و فەرمانبەرانی ئەم شوێنانە دەکەین کە هاوکارمانن و زانیاریەکان دەخەنە بەردەست ئێمە و ڕاگەیەندنەکان".
حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی دەستەی گەشتوگوزار پاڵپشتی پەرەپێدانی گەشتوگوزارە و ئەم بارودۆخە ئارامەی هەرێمی کوردستان و ئەم پێشکەوتنانەی کە بۆتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ هەرێم بەرهەمی ڕەنجی گشت وەزارەت و پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان و کەرتی تایبەت و دەزگاکانی ڕاگەیاندنە کە بەردەوام هاوکاری و پشگیری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکەن.
- 13-08-2013