بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی نیشتمانیی مافی مرۆڤ، کەسەر بەوەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقە، زیاتر لە18%ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژارییەوەن،کەدەکاتە (6.4) ملیۆن کەس و زۆربەیان گوندنشینەکانن.
بەغدا، ئاوێنەنیوز: بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوبراو کە ئەمڕۆ (شەممە) بڵاوبۆتەوە و وێنەیەکی دەست ئاوێنەنیوز کەوتووە، هاتووە، عیراق یەکێکە لەوڵاتە دەوڵەمەندەکان لەڕووی سامانی نەوتەوە بەڵام ئاستی خەرجیی تاک بەبەراورد لەگەڵ وڵاتانی هاوسێدا زۆر نزمە."
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئامارەکان ڕوونیدەکەنەوە کە زیاتر لە (18%)ی دانیشتوانی عیراق لەژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەردەبەن و ژمارەیان نزیکەی (6.4) ملیۆن کەسە بەتایبەتیش لەگوندەکاندا."
راپۆرتەکەی ناوەندی نیشتمانیی مافی مرۆڤ چەند ڕێنمایی و ڕاسپاردەیەکی پێشنیارکردووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی هەژاران لەعیراق وەک "خوێندنی ئیلزامی قۆناغی ناوەندیش بگرێتەوە وەک لەوڵاتە شارستانییەکاندا پەیڕەودەکرێت بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەت لەبەردەم زۆرترین ژمارەی نێر و مێ بۆ بەردەوام بوون لەخوێندن".
هەروەها لەراسپاردەکانی دیکەی ڕاپۆرتەکە "کۆمەککردنی ئەو کەسانەی توانای کارکردنیان نیە وەک کەمئەندامان و هەتیوان و بێوەژنان لەڕێی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە".
وێرای "ئامادەکردنی چەند پرۆژە یاسایەک دەربارەی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ لەچوارچێوەی دەستوری عیراق و ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان کە عیراق ئەندامە تێیدا."
- 24-08-2013