رژێمی بەعس لەدوای کۆتایی جەنگی هەشت ساڵەی کەنداو لەگەڵ ئێراندا، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی وورەی تەپیووی سوپا دۆڕاوەکەی و تەواوکردنی دوانەخشەو پلانی ئەنفال لە 2 05-08-1988 دا قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی کۆتایی لە سنووری ناوچەی بادینان دەستپێکردو سوپایەکی نزیکەی (16) فرقە لە دەوروبەری شاری دهۆک کۆکردەوەو بۆردومانی ناوچەکانی دەوروبەری شارەکەی کرد، دواتر بەفڕۆکە بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لە ئێوارەی ڕۆژی 24 ی ئاب لەچیای گارا و گوندی زێوەشکان بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی کیمیابارانکرد، لە ئەنجامدا (10) پێشمەرگە شەهیدبوون، بۆ ڕۆژی دواتر هێرشی زەمینی سوپا بۆ سەر شوێنە ستراتیژیەکانی ناوچەکە بۆ ئەم گوندانە دەستپێکرد برجینی و ئێکمالاو ناوچەی بەرواری و وەرمێلێ و تویکا و گوندەکانی شێرانە و ڕدێنیا و سارکێ و هەردوو ناوچەی ڕێکان و نێروەی و بەرکەڤرێ و وەرمێلی و بلێجانی و بانێیان کیمیابارانکرد، لەم شاڵاوەدا دەیان هاووڵاتی بەرکەوتن و نزیکەی (160) هەزار هاووڵاتیش بەرەو سنورەکانی تورکیا ئاوارەو دەربەدەر بوون ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و لە ئۆردوگاکانی (موش و دیاربەکر و مێردین) نیشتەجێکران، خەڵکێکی زۆریش دەستگیرکران و ڕەوانەی قەڵا سەربازیەکەی نزیک دهۆک و گرتووخانەی سەلامیەی موسڵ کران، ژمارەیەکیشیان بۆ تۆبزاوەی کەرکووک گواسترانەوە و پاشان بێسەروشوێنکران، ڕژێم لێبوردنێکی ساختەی ڕاگەیاند بەمەش ژمارەیەک هاووڵاتی گەڕانەوەو خۆیان بەدەستەوەدا، دواتر دەستگیرکران و ڕەوانەی ئۆردوگاکانی (بەحرکە – جەژنیکان) لە سنوری پارێزگای هەولێر کران و لە دەشتێکی وشک و چۆلی بێ خزمەتگوزاری داینان، بەمەش ڕۆژانە خەڵک بەهۆی گەرماو نەخۆشی و بێ ئاو و کارەباو بەدخۆراکی دەمردن، دواتر خەڵکی بە ئەمەکی شاری هەولێر وەک پیشەی هەمیشەیی خێرخوازیان بەدەم براو خوشکانیان چوون بەهانایان هاتن و کۆمەک و هاوکاریان کردن و وەک چۆن ئیمڕۆ هاوکاری برا ئاوارەکانمان لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکەن بەهەمان شێوە بەدەم براو خوشکەکانیان لەبادینان چوون و هاوکاریان کردن بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕاپۆرتی فەیلەقی پێنج لەماوەی 25 ی ئاب تا 15 ی ئەیلول، لەم قۆناغەدا (664) گوندی سنووری بادینان سوتێنران و لەگەڵ زەوی تەختکران، زیاتر لە (1700) کەس دەستگیرکران و بێسەروشوێنکران. دواتر بەبڕیاری (ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش) ژمارە (36) لە 06-09-1988 کۆتایی بەشاڵاوی دوا قۆناغی ئەنفال هێنرا. ئێمە لە(سەنتەری ئەنفال) بەم بۆنەیەوە داوا لە هەردوو حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان دەکەین:
1- بڕیاری دەستگیرکردنی تاوانباران لەدادگای باڵای تاوانەکان دەرهەق بە موستەشارە ئەنفالچیەکان بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو پێویستە ڕادەستی یاسا بکرێن و چیتر داڵدەنەدرێن. 2- پڕۆژە یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێم بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ ئەوەی کەسوکاری قوربانیانی بادینان و سەرجەم ناوچە ئەنفالکراوەکان قەرەبوو بکرێنەوە.
2- کار بکرێت بۆ ئەوەی ئەنفال لەئاستی نێودەوڵەتیدا بەجینۆساید بناسرێت. 4- ڕوفاتی ئەنفالکراوانی ناوچەی بادینان لەبیابانەکانی خواروی عێراق بگەڕێندرێنەوە زێدی باپیرانیان و مۆنۆمێنتی تایبەتیان بۆ دروستبکرێت. لە کۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بادینان و سەرجەم قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال و بێسەروشوێنکراو و کیمیابارانکراوان و گشت شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان. سەنتەری ئەنفال
هەولێر 25-08-2013