بەروبومی کشتوکاڵی بەیەکەمین کارێکی مرۆڤەکان ئەژمارکراوە، بەتایبەتی لەکوردستان، کە لەسەر ئاستی جیهانی کاریگەری و ناوبانگی گەورەی هەبوە، بەڵام ڕەنگە ئێستا جۆرێک لەکاڵبونەوەی پێوە دیار بێت، بەهۆکاری بەره و چۆڵکردنی گوندنشینان و کۆچیان بۆ شارەکان.
دەشتی شارەزور بەیەکێک لەخاکە بەپیتەکان دێتە ئەژمار لەروی کشتوکاڵیەوە، بەڵام لەئێستادا له و بەروبومانە کە ئەویش (شوتی) بوە بۆ ئەمساڵ مایەی نیگەرانی جوتیارانی ناوچەکە بوە، کە زیانی زۆر بەر کێڵگەی ناوچەکە کەوتوه و به و هۆیەوە بۆ ئەمساڵ لە90% بەرهەمی (شوتی)دابەزیوە.
هەرێم حەسەن، کە پیشەی مامۆستایە، ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە و بەروبومی کشتوکاڵەی ئێستا لەهەرێمدا هەیە بەرهەمی وڵاتانی دەرەوەیە ئەو وتی ئەوەی دەبینرێت لەبازاڕو #دوکان#ی بەقاڵەکاندا، بەزۆری بەرهەمی بیانیە، بەتایبەت لەوەرزی زستاندا بازاڕەکانمان پڕە لەبەرهەمی وڵاتانی چوار دەور زۆرجار تەنها بەقاڵەکان، خەڵکی وڵاتی خۆمانە.
جەزا محەمەد، کە دانیشتوی شارۆچکەی شارەزوره و ماوەی چەند ساڵێکە پیشەی جوتیاریە لەگوندی (قەڵبەزە)، لەبارەی بەروبومی شوتی ئەمساڵ لەناوچەکەیاندا وتی گەلێک ساڵ ئەو خەرجیەی دەیکەین لەکێڵگەکاندا زۆر زیاتر دەبێت له و بەروبومەی دەستمان دەکەوێتەوە.
عەبدولکەریم عارف، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزور پشتڕاستی وتەی جوتیارەکان دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەدایە کە ئەمساڵی بەرهەمی (شوتی) بەرێژەیەکی زۆر دابەزیوه و لەلێدوانێکی تایبەت بۆ ئاوێنە ڕایگەیاند بەروبومەکانی سەوزە کە بەئاوی بیر و چەم و ڕوبارەکان دێتە بەرهەم لەدەڤەری قەزای شارەزورو گوندەکانی دەوروبەردا، 14 هەزار دۆنم له و زەویەمان هەیە، کە بەرهەمەکانی وەرزی هاوینەی تێدا دەچێنرێت، (شوتی) یەکێک له و بەرهەمە سەوزەواتانە کە لەم وەرزەدا لەسنورەکەماندا لەنزیکەی 2000 دۆنم زەویدا دەچێنرێت، هەمو ساڵێک بەرهەمی باش هەبوە حکومەت پاڵپشتی بازاڕی کردنی جوتیارانی کردوە.
جەزا محەمەدی جوتیار ئاماژەی بەوەش کرد ئەمساڵ نزیکەی هەشت دۆنم زەوی بەبرادەرێکیداوە بەشەریکی کە کردویەتی بەشوتی، بەڵام بڕواتان هەبێت پارەی ماندوبونی کرێی جوتکردنی زەویەکەی دەرنەهێناوەتەوە.
هۆکاری خراپبونی بەرهەمی شوتی لەمساڵد بەبڕوای جەزا بۆ دو هۆکار دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت یەکەم هۆکار بۆ خراپی ئەو دەرمانە دەگەڕێتەوە کە وەشاندومانە بەسەر شوتیەکە کە ناوی (عەنکەبوتە)، لەلایەکی ترەوە وەک بەشێک لەجوتیارانی تر دەڵێت هۆکارەکەی بەرزبونەوەی پلەی گەرما بوە کە بۆتە هۆی خراپبونی بەرهەمی شوتی ئەمساڵ.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزور جەختی لەوە کردەوە کە جوتیارەکان سەردانیان کردون و ئاگاداریانکردونەتەوە لەخراپی و کەمی بەرهەمەکه و هۆکارەکەی، دوای بەداوداچونمان بۆ دۆزینەوەی کێشەکه و دواتر ڕاپۆرتێکمان نارد بۆ برادەرانی #سلێمانی# و ئەوانیش تیمێکیان نارد بۆ ئەو مەبەستە، دواتر ئەوانیش بۆیان دەرکەوت کە بەرهەمی (شوتی) لەم ناوچەیەدا توشی نەخۆشی بوە کە (بزمار)ەی پێدەڵێن و نەخۆشیەکی باوە، لەلایەکی ترەوە نەخۆشیەکی تریان دۆزیوەتەوە کە شەقبونی (شوتی)ەکەیە، هۆکاری ئەمەشیان گەڕاندەوە بۆ ئەو (تۆ)وەی کە جوتیارەکان کڕیویانە و وەشاندویانە لەزەویەکانیانداو ئێستا ئەو بەرهەمە به و شێوە خراپبوە زیانی زۆریان پێگەیشتوە، هەروەها لەسنوری قەزای سەیدساقیش هەمان گرفت هەبوە، بەڵام لەسنوری قەزای #پێنجوێن# بەهۆکاری فێنکی ناوچەکە زیان بەر (شوتی) نەکەوتوە.
عەبدولکەریم عارف کە لەهەمان کاتدا ئەندازیاریی بواری بەروبومی کشتوکاڵیە، ئەوەشی خستەڕو بەرهەمی (شوتی) ئەمساڵ بەرێژەی لە 90% دابەزیوه و ئەو وتی خاوەن بەرهەم هەبوە، زەویەکەی بەرەڵا کردوە بەهۆکاری ئەوەی نەیتوانیوە سود لەبەرهەمەکەی وەربگرێت.
#24-08-2013#