بەشێک لەبەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان مایەپوچ -ئیفلاس- دەبن و بەڵێندەرە بیانیەکانیش شوێنی بەڵێندەرانی خۆماڵی دەگرنەوە. سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانیش پێیوایە کێشەیان نەبوونی یاسایەکی تایبەتە.
ئا: شوان بەرزنجی
بەپێی ئەو ئامارەی لەیەکێتی بەڵێندەران دەست هەفتەنامەی باس کەوتووە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردودا، زیاتر لە 250 بەڵێندەر مایەپوچبوون و ئیفلاسبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. بەپێی ئامارەکە تەنیا لە شاری #سلێمانی# 200 کۆمپانیاو لە شاری #هەولێر#ەش 50 کۆمپانیا مایەپوچبوون. بەوتەی بەرپرسانی یەکێتی بەڵێندەرانیش هۆکاری سەرەکی ئیفلاسبوونی ئەو بەڵێندەرانە بۆ قەرزاربوون و تەواونەکردنی پڕۆژەکانیان و بەرز و نزمی نرخی دۆلارو کێشەکانی پێوەست بەدادگا دەگەڕێتەوە.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی بەڵێندەران زیاتر لە سێ هەزار بەڵێندەر لە هەرێمی کوردستان هەیە کە 1306 بەڵێندەریان لە هەولێر و 1067 بەڵێندەریان لە سلێمانییە و 693 بەڵێندەریان لە#دهۆک#ە و 32 بەڵێندەریان لە #گەرمیان#دایە.
سەرۆ ئیسماعیل دزەیی سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان ڕوونیدەکاتەوە کە ئیفلاسبوون لەنێو بەڵێندەران دیاردەیەکی مەترسیدارە و لەو ماوەیەدا سەری هەڵداوە. ناوبراو دەڵێت: یەکێک لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئیفلاسبوونی بەڵێندەران نەبوونی یاسایەکی تایبەت بەبەڵێندەرایەتی کە لە زۆربەی وڵاتان بوونی هەیە، لەو یاسایە مافی بەڵێندەرو خاوەن کارو پڕۆژە دەپارێزێت، بەڵام ئەو یاسایە لێرە بوونی نییە، بۆیە ئەو کێشانە ڕوبەرومان دەبنەوە.
سەرۆ ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر یاسایەکی تایبەت بەبەڵێندەران دەربچێت مافی هەموو لایەک و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و حکومەتیش دەپارێزرێت. لەو ڕوەوە وتی، کاتێک ئەو یاسایە نییە حکومەت پێشینە بەبەڵێندەران نادات، بەڵێندەران پڕۆژەکانیان تەواو ناکەن ئەوانەش هەموو کێشەن و بارقوورسی لەسەر بەڵێندەر درووست دەکەن، چونکە ئەوانیش دەبێت پارەی کارمەندو کرێکارەکانیان بدەن، بۆیە ئفلاس دەکەن.
لای خۆی محەمەد تاهیر سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەران باوەڕیوایە کە لە 100 % بەڵێندەران لەپڕۆژەکاندا زیانیانکردووە، حکومەتی هەرێمیش کارئاسانی بۆ بەڵێندەرانی بیانی دەکات و بەپارەیەکی زۆر زیاتر پڕۆژەکانیان دەداتێ ئەمەش وایکردووە بەڵێندەرانی ناوخۆ تووشی زیان و مایەپوچبوون ببن.
لە ماوەی ڕابرودا بە بڕیارێکی #وەزارەتی دارایی# هەرێم پێشینەی لە 10 %ی پڕۆژەکان بۆ بەڵێندەران ڕاگیرا ئەوەش ناڕەزایی زۆری لێکەوتەوە، تائێشتاش زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەت ئامادەنین ئەو پێشینەیە بدەنە بەڵێندەران. لەو ڕوەوە سەرۆ ئیسماعیل وتی، ئەو بڕیارەش کاریگەریی خراپی لەسەر بەڵێندەران داناوە.
-27-08-2013