وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایدەگەیەنێت، ڕەشنووسی یاسای کار مافەکانی کرێکارانی لەخۆگرتووە. ئاماژەشدەدات، بەهۆی پابەندنەبوون بەپاراستنی سەلامەتی، لەمساڵدا 62 کۆمپانیا و خاوەن پڕۆژە دراونەتە دادگا،
هێمن مامەند، #هەولێر#: ئاسۆس نەجیب، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ، سێشەممە، بەئاوێنە نیوزی ڕاگەیاند، ڕەشنووسی یاسای کار کە ماوەی چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکەن، یەکێکە لەو ڕەشنووسە یاساییانەی بەدەرچونی تەواوی مافەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کرێکاران و زامنکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانیان لەخۆدەگرێت.
وتیشی بەهۆی پابەندنەبوونیان بەپاراستنی سەلامەتی کرێکار لەشوێنی کار، لە ماوەی ئەمساڵدا 62 کۆمپانیاو خاوەن پڕۆژە دراونەتە دادگاو زۆربەی کەیسەکانیش لەبەرژەوەندی کرێکاران یەکلابووەتەوە.
ئاسۆس نەجیب، ئەوەشی خستەڕو کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 هەزار کرێکار لەلایەن وەزارەتی کارەوە زەمان کراون و مافەکانیان پارێزراوە.
لێدوانەکەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەکاتێکدایە تادێت ژمارەی قوربانیانی کرێکار لەشوێنی کاردا بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی ڕو لەزیادبوون دەکات. لەو بارەیەشەوە چەندین جار سەندیکاکانی کرێکاران داوایان لەکۆمپانیا و خاوەن پڕۆژەکان کردووە کە پێویستە سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی و تەندرووستی و شوێنی حەوانەوە و نانخواردن لەسەر پڕۆژەکانیان بۆ کرێکاران فەراهەم بکەن.
-27-08-2013