بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
الحمدلله ڕبَّ العالمین وال سلاە والسلام علی سیدالمرسلین سیدنا محەمەد وعلی اله و سحبه أجمعین.
ماوەیەکە لێره و لەوێ کەسانێک بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بۆ گەیشتن بە چەند دەستکەوتێکی مادی ناوی پیرۆزی تە سەوف و تەریقەی نەقشبەندی و مورشیدە پایە بەرزەکانیان کردوەتە پەیژە بۆ گەیشتن بۆ ئەو مەبەست و ئامانجەی کە دوور و نزیک نەک هەر پەیوەندیان بە تە سەوفەوە نیە، بەڵکو لە خانەی دەستی دەرەکی و ناحەزانی ئیسلام و گەلی کوردیشدا دێنە هەژمار، کەسانێک کە لە ڕابردوودا بەهۆی سەرپێچی و کارە نەشیاوەکانیانەوە لە تەریقەی پیرۆزی نەقشبەندی دا دەرکراو بون و، هیچ پێگە و ڕێگەیەکی تەریقەت و تەسەوف یان نەبوە و، لای زانایان و خواناسان و کەسایەتیەکانی کوردستان ناسراو بوون کە چ مۆتەکەیەک بوون بەسەر تەریقەت و تەسەوفەوە، ئەمڕۆ بەمەبەستی خۆناساندن و پەیدا کردنی بڕێک لە سەروەت و سامان کەوتونەتە باس کردن و ساز کردنی کۆنگرەی بەناو تەسەوف، کە نەک هەر سیماو شێوەی کۆنگرەی تیدا نیە، بەڵکو هەوڵدانی چەند کەسێکە بۆ خوێندنەوەی ڕاز و نیازی پەنگخواردوی ساڵانی ڕابردوو، کە خۆیان نەلە ناوەڕۆک دا بۆنی خواناسییان لێ دێت و نە لە ڕووکەشیشدا سیمای بۆ خوا بوون و بۆ خوا سوڵحانیان پێوە دیارە، سەرەڕای بەشداری نەکردنی کەسایەتیە جیهانی و نێودەوڵەتیەکانی ئەهلی تەسەوف و زانا ناودارەکانی ئەهلی تەریقەت و هاوسۆز لەگەڵ ڕێبازی خواناساندا هەربۆیە بەندە وەک سەرپەرشتیاری تەریقەی پیرۆزی نەقشبەندی سەرنجتان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشم :
1- ئێمە نە ڕەخنه و نە نیگەرانیمان لە هیچ کەسێک نیە کە بە نوێنەرایەتی تەریقەتە پیرۆزەکانەوە ئامادەبوون یان بەمیوانی تەشریف یان هێناوە، ئەو تەرحیبەش کە بە ناوی منەوە بڵاوکرایەوە مەبەستمان ئەو بەڕێزانە بوو کە ئاماژەمان پێدان
2- پێشکەشکردنی وتە بەناوی منەوە (دکتۆر مادیح نەقشبەندی) له و سۆنگەیەوە بووە کە بەمنیان وت ئەم کۆنگرەیە کۆنگرەی تەسەوفەو، بەبەشداری تەواوی تەریقەتەکانە، نەک لەسەر دەستی کەسانێک کە دوور خراوەن لە تەریقەت و تەسەوف، بەڵام دەرکەوت نوێنەری تەریقەتەکانی کوردستان بەشداری کارایان تیادا نەبووە.
3- چەندین جار پەیوەندیان پێوە کردم بەتایبەتی چەند کەسێک لە بنەماڵەی خۆمان و دڵنیایان کردمەوە کە کەسی دەرکراو بەناوی (مەلا حسێن) ی دەربەندیخان و دارودەستەکەی پەیوەندیان بەم کۆنگرەیەوە نیە، بەڵام بەداخەوە مەلا حسێن و دارودەستەکەی نەک هەر بەشدار بوون، بەڵکو لە پێشەوەی کۆنگرەکەش دانیشتبون و دەبینران و وتاریان دەخوێندەوە.
4- بەئێمەیان ڕاگەیاند کە ئەم کۆنگرەیە لە ژێر چاودێری بەڕێز سەرۆکی حکومەت دەبێت، بەڵام بەداخەوە نەک هەر لەژێر چاودێری بەڕێزیاندا نەبوو، بەڵکو لەلایەن سەنتەرێکەوە چاودێری دەکرا کەپێشتر چەندین جار لایەنی پەیوەندیدارم ئاگەدار کردوەتەوە کە شتێک بەناوی سەنتەری ڕوناکبیری تەسەوف لەلای ئێمە دانی پێدا نەنراوه و ڕازی نین بە کردنەوەی لەژێر دەستی کەسانێکی هەل پەرستدا کە وەک دەستێکی نامۆ بە ئاین و تەریقەت هەڵسوڕێنەری بن.
5- سوپاسی بێ پایانم بۆ بەڕێزان لە سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی یەکێتی زانایان و زۆرینەی هەرەزۆری زانایان و موریدان و پەیڕەوانی تەریقەتی پیرۆزی نەقشبەندی کەلە ڕاستیەکان گەیشتبون و بەشداری ئەم دانیشتنە بەناو کۆنگرەی تەسەوفەیان نەکرد.
دووبارەی دەکەمەوە کە مەبەستمان ئەو میوان و کەسایەتیانە نیە کە سەر بە تەریقەتەکانی ترن و ئامادە بوون یان ئەوانەی بەنیاز پاکی خۆیانەوە هاتوون یان لە ڕێگەی چەواشە کاریەوە فریویان داون و بانگێشتیان کردوون لە پەیڕەوانی نەقشبەندی.
6 - ئێمە هەمیشە پێشوازی لە هەر کۆنگرەیەک دەکەین کە خزمەت بە ڕێبازی ئیسلام و تەسەوفی ڕاستەقینە دەکات، بەڵام پێویستە بەرچاوی هەمووان ڕوون بێت لە هەڵسوڕێنەرانی و سەرف و دارایی کۆنگره و مەبەستەکانی و کێ پێی هەڵدەستێت، یان لە پشتیەوەیەتی؟!! بۆیە هەر لە سەرەتاوە بەد گوومانی خۆمان ڕاگەیاند لەم بەناو کۆنگرەیە.
هیوادارم چیتر کەسانی ناحەز و بەرژەوەندچی ناوی پیرۆز و ڕووخساری گەشی تەسەوف بەکار نەهێنن بۆ مەرامی شەخسی خۆیان و هاوکات بەرپرسانی بەڕێزی حکومەتیش چیتر ڕێگە خۆش نەکەن بۆ ئەو هەلپەرستانە کە مێژوی پیرۆزی خواناسان و ئەهلی عیرفان لە ژێر ئاڵای کوردستاندا لەکەدار بکەن.
و سلی الله علی سیدنا محەمەد وعلی ێله و سحبه وسلَّم
دکتۆرشیخ مادیح ی نەقشبەندی سەرپەرشتیاری گشتی تەریقەی نەقشبەندی لە کوردستان 01-09-2013