سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لەسلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 45 کرێکار لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە، ئاماژەشیدا، یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکی حکومەت، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
سلێمانی، ئاوێنەنیوز: سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لەسلێمانی، عوسمان حەمەسەعید، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، دوێنێ لەکاتی کارکردنیدا لەکارگەیەکی بلۆک لەناوچەی حاجی ئۆمەران کرێکارێک بەناوی، لوقمان ڕسول حمدامین، لەدایکبونی 1982 لەکاتی هەوڵدان بۆ چاکردنەوەی خەباتەی چیمەنتۆ بەهۆی کارەباوە گیانی لەدەستداوە.
ئاشکراشیکرد، ژمارەی قوربانیانی کرێکار لەسەرەتای ئەمساڵەوە گەیشتوەتە 45 کرێکار کە سیانیان لەدهۆک و 19یان لەهەولێر و 24یان لەسلێمانی گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ڕەخنەی لەپەرلەمانی کوردستان گرت کە نەیتوانیوە کاری پێویست بۆ زامنکردنی ژیان و سەلامەتی کرێکاران بکەن و له و ڕوەشەوە داوای لەخولی ئایندەی پەرلەمان کرد یەکێک لەئەولەویەتی کارەکانیان دەرکردنی یاسایەکی نوێ بێت تایبەت بەماف و ئیمتیازی کرێکار و زامنکردنی سەلامەتی کرێکار لەگەڵ چاودێریکردن و بەدواداچونی شوێنی کاری کرێکاران.
عوسمان حەمەسەعید، ڕەخنەشی لەسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت بەهۆی ئەوەی لەرابردودا یاداشتێکیان لەبارەی ڕەوشی کرێکاران و ڕێگاکانی چارەسەر ڕادەستکردوە، بەڵام پشتگوێخراوە و وەڵامنەدراوەتەوە.
- 04-09-2013