پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ئاشکرایدەکات، لە 222 ڕوداوی هاتوچۆدا لەگەرمیان ئەمساڵ 238 کەس بونەتە قوربانی، هاوکات هێما بەکەمبونەوەی ڕوداوەکانی هاتوچۆ دەکات بەبەروارد بە 8 مانگی ساڵی ڕابردو.
ئاودێر محەمەد، گەرمیان: بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، کارزان مەجید، ئەمڕۆ، پێنجشەممە، بەئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند، لەماوەی 8 مانگی ئەمساڵدا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان 222 ڕوداوی هاتوچۆ ڕویداوە کە بەبەراورد بەساڵی پار ڕوداوەکانی پێکدادان و وەرگەڕان و شێلان کەمی کردوە کە ساڵی ڕابردو 408 ڕوداو بوە.
ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا 28 کەس بەهۆی ڕوداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوه و 210 کەسیش برینداربون.
کارزان مەجید، ڕونیکردەوە، ڕێژەی قوربانیەکانیش بەبەراورد بەساڵی ڕابردو کەمیکردوە.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی هاتوچۆی گەرمیان هوشیاری خەڵک و هەوڵەکانی پۆلیسی بەهۆکاری کەمبونەوەی ڕوداوەکان لەقەڵەمدا.
- 05-09-2013